ئێزیدییەكان داوای راگرتنی كلیپێكی هونەرمەند رۆژین دەكەن

دیمەنێك لە كلیپی گۆرانییەكەی رۆژین كە لە لالش گیراوە. فۆتۆ: پەیجی رۆژین لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك

عەمار عەزیز

ژمارەیەك لە چالاكوان و رۆشنبیری ئێزیدیی و تەنانەت جێگری میری ئێزیدییان داوادەكەن وەزارەتی رۆشنبیری حكومەت هەرێمی کوردستان كلیپێكی هونەرمەند رۆژین بەر لە بڵاوكردنەوەی رابگرێت و تۆمەتباری دەكەن بەوەی كلیپەكە "سوكایەتی" بە پیرۆزییەكانی لالش كردووە.

هەفتەی رابردوو هونەرمەند رۆژین كاری وێنەگرتنی گۆرانییەكی نوێی لەناو حەرەمی پەرستگای لالش – پیرۆزترین شوێنی ئێزیدییەكان لە جیهان - تەواوكرد، بەڵام چەند وێنە و گرتە ڤیدیۆییەك كە لەكاتی تۆماركردنی كلیپەكەدا گیراون و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراونەتەوە، ناڕەزایی دروستكردووە.

ئەرشەد حەمەد محۆ، شارەزا لە مێژوى ئێزیدى لە زانکۆى دهۆک، بە (كەركوك ناو)ی وت "واتای ووشەی لالش "بێدەنگییە"، هەرکەسێک بچێتە ناو پەرستگاکە دەبێت بێدەنگ بێت و پێڵاوەكانی دابنێت، ئینجا چۆن لەناو حەرەمی لالشدا سەما دەكرێت... بەشێک لە هونەرمەندان و وێنەگرەکان بە پێڵاو و و تراکسوت و جلى نەشیاوەوە چونەتە ناو لالشەوە، ئەوە لە پیرۆزییەكانی لالش كەمدەكاتەوە".

"ئێمە دژى دروستکردنى کلیپ نین لەسەر ئێزیدییەکان و تەنانەت لەناو لالشیش، بەڵام بەو شێوازە دروست نییە، ئەو كلیپانەی پێشتریش لەناو لالش بەو شێوازە دروستكراون هەڵە بون، پێویستە ئەم هەڵەیە بەردەوام نەبێت"، ئەرشەد حەمەد محۆ كە خۆی ئێزیدییە و مامۆستای زانكۆیە وای وت.

پەرستگاى لالش لە قەزای شێخان لە دەشتی نەینەوا، پیرۆزترین شوێنى ئایینی ئێزیدییەكانە لە هەموو جیهان، لەناو ئەو پەرستگایەدا تەواوى رێوڕەسمەکانى ئایینى ئێزیدی تێدا سازدەکرێن.

ئەرشەد حەمەد وتی "دیمەنى ئەو کلیپە هەزاران ئێزیدى ئازار داوە، نابێت لالش ببێتە ستۆدیۆ، هەرکەسێک بێت کلیپێکی لێ دروستبکات، پێویستە ئەو کەسانەی لەلاش دەمێننەوە ئەم شتە قبوڵنەكەن، هەروەها میرى ئێزدییان، بابە شێخ و جڤاتى روحانى رێگەنەدەن".

نابێت لالش ببێتە ستۆدیۆ، هەرکەسێک بێت کلیپێکی لێ دروستبکات

بەشێك لە ئێزیدییەكان وێنە و گرتە ڤیدۆییەكانی كاتی كلیپەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەكەنەوە و نیگەرانی خۆیان لە دژی دەنوسن.

لە چەند گرتەیەكدا كە بۆ كلیپەكە گیراوە، ژمارەیەك كچ و كوڕی ئێزیدی بە جلوبەرگی ئایینی خۆیانەوە هەڵدەپەڕن، ستافی وێنەگر و تیمی هونەری هونەرمەند رۆژین بەشێكیان بە سێچارەكەوە وێنەدەگرن، رۆژینیش چەپڵە لێدەدات و هەڵدەپەڕێت.

ڤیدیۆ: گرتەیەكی كلیپەكە لە ئەكاونتی رۆژین لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە

ئەلیاس خەتاری، چالاکوانى ئێزیدی، بە (کەرکوک ناو)ى وت "ئەوەى کراوە کارێکى زۆر هەڵە و خراپ بووە، هەر کەسێک مۆڵەتى وێنەگرتنی ئەو كلیپەی دابێت لێی بەرپرسیارە".

"لالش شوێنی دەهۆڵ و زوڕنا نییە، تەنیا شوێنی پەرستنە... لەناو ئایینى ئێزیدیدا سەماى ئایینى هەیە و دروستە، بەڵام بۆ کلیپ و بەو شێوەیە هێڵى سورە"، ئەلیاس خەتاری وای وت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەوەی (کەرکوک ناو) بینیویەتی هیچ وێنە و گرتەیەكی ڤیدیۆیی سەمای تیادا نییە. هاوکات، هونەرمەند رۆژین بەرلەوەی وێنەی كلیپەكە بگرێت، سەردانی میری ئێزیدییانی كردووە و مۆڵەتی لێوەرگرتووە.

جەوهەر عەلى بەگ، جێگرى میرى ئێزیدییان بە (کەرکوک ناو)ى وت "بەڵێ مۆڵەتی میری ئێزیدییانی وەرگرتووە بۆ كلیپەكە، بەڵام ئێمە بە چەند مەرجێک و کۆمەڵێک رێنمایی رێگەمان پێداوە".

ئەو بێ ئەوەی بچێتە ناو وردەكاریی ئەو مەرجانەی بۆ ستافەكەی هونەرمەند رۆژین دایانناون، وتی "رێنماییەکانیان جێبەجێنەكردووە... ئێمە رێکارى توند دژى سەرپەرشتیارانى کلپیەکە دەگرینەبەر، داواش لە وەزارەتى رۆشنبیرى حکومەتى هەرێم دەکەین ئەو کلیپە رابگیرێت و پەخش نەکرێت".

ڤیدیۆ: دیمەنێكی تری كلیپەكە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەیكان بڵاوبۆتەوە

(كەركوك ناو)، نەیتوانی دەستی بگات بە تیمی هونەرمەند رۆژین، تا بۆچونی خۆیان لەسەر نیگەرانیی ئێزیدییەكان بڵێن. بەڵام هونەرمەند رۆژین ئێوارەی 19ی حوزەیران، لە نوسینێكیدا لەبارەی ئەو كلیپەوە، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، دەڵێت "من رێزم بۆ ئایین و هەموو پیرۆزییەكانی ئێزیدی هەیە... كلیپێكی خۆش و سەركەوتومان كردووە، بۆ پشتگیری كچانی خۆمان، سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە هاوكارییان كردون، لەوانەش میر حازم تەحسین بەگ و هەموو خزمەتكارانی لالش و بابا چاوش". لەگەڵ ئەو نوسینەیدا گرتەیەكی كلیپەكەی بڵاوكردۆتەوە.

كلیپێكی خۆش و سەركەوتومان كردووە، بۆ پشتگیری كچانی خۆمان

رەنا سلێمان، راهێنەر و لێپرسراوی گروپی ئاشتیی و هونەری كە لەو كلیپەدا بەشدارییان كردووە، وتی "ئێمە بەنیازێکی پاک و گرنگیدان بە کەلتور و ئایینی ئێزیدی بەشداریمان کردووە و بەرپرس نین لەو زیادەڕۆییەی لە كلیپەكەدا كراوە"، جەختیشیكردەوە "ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین رێگریی بكرێت لە بڵاوكردنەوەی كلیپەكە".

نامیق هەورامی، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی روشنبیری حکومەتی هەرێمی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگاداری ئەم بابەتە نین، هیچ کەسێکیش تا ئێستا ئێمەی ئاگادارنەکردۆتەوە و هیچ سکاڵایەکیش لەسەر کلیپەکە بۆ وەزارەت نەهاتووە... ئەگەر ئێزیدییەکان سکاڵا تۆمار بکەن لەسەر کلیپەکە، ئەوا ئێمەش لە رێی لیژنەیەکەوە بەدواداچونی بۆ دەكەین".

"ئەگەر بێڕێزی و سوکایەتی لەناو کلیپەکەدا هەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە رێکاری یاسایی دەگرینەبەر"، نامیق هەورامی وایوت.

بڕیارە ئەمڕۆ ئەندامانی گروپی ئاشتیی و هونەری كە لەو كلیپەدا بەشدارییان كردووە لەگەڵ میری ئێزیدییان كۆببنەوە.

رەنا وتی "داوای مافی خۆمان دەکەین، چونكە کلیپەکە بەناوی ئێمەشەوە بڵاودەبێتەوە... داوا لە میر دەکەین لەگەڵ لێپرسراوانی وەزارەت قسەبکات بۆ ئەوەی کلیپەکە بڵاونەکرێتەوە".

جەوهەر عەلى بەگ، جێگری میری ئێزیدییان، وتی "لەمەودوا رێ بە هیچ هونەرمەند و گروپێکى هونەرى نادەین کلیپ یان هەر کارێکى هونەرى لەناو لالشدا بکەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT