دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان؛ پێنج چالاكی دیكە بە ئامادەیی پارێزەرانیان دادگایی دەكرێن

وێنەی چوار لەو چالاكوانەی بڕیارە سبەی دووشەممە دادگایی بكرێن

كەركوك ناو - پەرەگراف

دوای 10 مانگ لە دەستگیركردنیان، بڕیارە ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی پێنج دەستگیركراوی دیكەی بادینان بە ئامادەیی پارێزەرانی دۆسیەكە لە دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر بەڕێوەبچێت.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "پێنج تا شەش پارێزەری دۆسیەكە لە دانیشتنەكەدا ئامادە دەبین. دانیشتنەكەی دادگا بە ئاشكرایە و كراوەیە بۆ بەشداریی خەڵكانی دیكەیش، ناتوانرێت ڕێگری لە هاتنی كەس بكرێت".

سەبارەت بە بەشداریی پەرلەمانتاران، چالاكان، نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتان دادگادا لە دانیشتنەكەی، ئەو پارێزەرە وتی "هەمووانمان ئاگادار كردووەتەوە لە دانیشتنەكەدا بەشدار بن".

بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو دەستگیركراوانەی لە دانیشتنەكەی سبەینێدا دادگایی دەكرێن "چالاكی مەدەنین"، زۆرینەیان نزیكەی 10 مانگە دەستگیر كراون و بە پاساوی زۆریی دۆسیە لە دادگاكان، دادگاییكردنیان دواخراوە.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 5-7-2021، یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی هەریەك لە (عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سلێمان كەمال سلێمان و سلێمان موسا ئەحمەد) بەڕێوە دەچێت.

پێشتر بەشدار حەسەن بۆ پەرەگراف وتی "تۆمەتی ئەوە دراوەتە پاڵ دەستگیركراوەكان كە هاوكارییان لە كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و بەریتانیا وەربگرن بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم".

ئەو پارێزەرە وتیشی "تۆمەتێكی دیكە كە دراوەتە پاڵ دەستگیركراوەكان، ئەوەیە كە ویستوویانە گروپێك بۆ پاڵپشتی لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عیراق دروستبكەن".

بەشدار حەسەن ئاماژەی بەوە كرد كە هەر لە دۆسیەی ئەو دەستگیركراوانەدا ناوی هەردوو وڵاتی "ئەڵمانیا و فەرەنسا"یش هاتووە.

بڕیارە ڕۆژی 12-7-2021یش یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی (مەسعود شنگالی، شیروان ئەمین، كارگەر عەباس عەلی و بەندەوار ئەیوب) بەڕێوەبچێت. هەروەها لە 29-7-2021 هەریەك لە ئومێد بەرۆشكی و مامۆستا بەدەل بەرواری دادگایی دەكرێن.

هاوشێوەی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكە سزادراوەكەی بادینان، ئەو 11 دەستگیركراوەی لەم مانگەدا دادگایی دەكرێن، تۆمەتی كاركردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم دراوەتە پاڵیان.

ڕۆژی 21-6-2021، كەسوكاری دەستگیركراوان سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و داوایان لە "سەرجەم فراكسیۆنەكان كرد بەبێ‌ جیاوازی"، هاوكاریان بن بۆ "دەرخستنی ڕاستییەكان"، ڕەتیان كردەوە كە كەسوكارە دەستگیركراوەكانیان بەكرێگرتەی هیچ وڵات و لایەنێك بن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT