كێبڕكێ توندەكە لە نەینەوایە
هەر كورسییەكی پەرلەمان 10 كاندیدی بەردەكەوێت

بەغداد/ 7ی تەمموزی 2021/ پرۆسەی تیروپشك بۆ پێدانی ژمارە بە كاندیدەكانی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان

كەركوك ناو

لە ناوچەكانی جێناكۆك، هەر كورسییەكی پەرلەمانی عیراق زیاتر لە 10 كاندید هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن، لەوەشدا كێبڕكێی توند دەكەوێتە نەینەوا.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، 7ی تەمموز كۆتایی بە پرۆسەی تیروپشكی پێدانی ژمارە بە كاندیدەكان هێنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021دا بەڕێوەبچێت.

هەڵبژاردنی داهاتوو بە سیستەمی فرە بازنەیە، ئەوەش یەكەم ئەزمونی هاوشێوەی پرۆسەی دەنگدانە لە عیراق لە دوای 2003ـەوە، بەوپێیەی پێشتر هەر پارێزگایەك یەك بازنە بوو.

 

نەینەوا كێبڕكێی توند بەخۆوە دەبینێت

لە تەواوی پارێزگای نەینەوادا، زیاتر لە دوو ملیۆن و 330 هەزار دەنگدەر هەن و بەسەر هەشت بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراون.

پشكی نەینەوا لە پەرلەمانی داهاتوی عیراق 31 كورسییە، كە هەشت كورسی بۆ ژنانە، ئەوەش بەبێ كۆتای كەمینەكان كە چوار كورسییان هەیە.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ناوی 401 كاندیدی لە نەینەوا پەسەندكردووە و كێبڕكێی بەدەستهێنانی 31 كورسی دەكەن.

قاسم محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی نەینەوای كۆمسیۆن بە میدیاكان لەنێویاندا (كەركوك ناو)ی وت پێدانی ژمارە بە كاندیدەكان بەپێی تیروپشك بووە كە لەڕێی ئامێرەوە كراوە.

لە نەینەوا 140 بنكەی تۆماركردنی ناوی دەنگدەران هەن لەگەڵ 750 بنكەی تایبەت بە دەنگدان لەرۆژی هەڵبژاردندا.

halbjardn-2
چۆنیەتی دابەشبونی بازنەكانی هەڵبژاردن و ژمارەی كورسییەكان لەو پارێزگایانەی ناوچەی جێناكۆكیان تێدایە

 

ژمارەیەك كاندید لە كەركوك پاشەكشێیان كرد

لە پارێزگای كەركوك زیاتر لە ملیۆنێك و 11 هەزار دەنگدەر هەن كە بەسەر 315 بنكەی دەنگدان لە سێ بازنەدا دابەشكراون.

پشكی كەركوك لە پەرلەمانی داهاتوی عیراق 12 كورسییە، كە سێ كورسییان بۆ ژنانە، ئەوەش بەبێ كەمینەی كریستیان كە كورسییەكی كۆتایان هەیە.

130 كاندید كە 33 كاندیدیان ژنن لە كەركوكەوە كێبڕكێی بەدەستهێنانی 12 كورسی دەكەن.

لە بازنەى یەکەم 36 کاندید (10یان) ژنن كێبڕكێی بەدەستهێنانی پێنج كورسی دەكەن، لە بازنەى دووەم كە چوار كورسی پەرلەمانی هەیە 55 كاندید (13)یان ژنن كێبڕكێ دەكەن.

هەرچی بازنەی سێیەمە، 39 كاندید (10)یان ژنن و هەوڵی بەدەستهێنانی سێ كورسی دەدەن.

لوئەى ئەرکان عەلی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە (كەركوك ناو)ی وت "تیروپشكەكە بەشێوەیەكی زۆر باش و لەژێر چاودێریی دادوەر و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان بەڕێوەچوو... هیوادارین هەموو قۆناغەكانی تری ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بەبێ كێشە و بەپێی رەزامەندی هەموو لایەنەكان بەڕێوەبچێت".

لە پارێزگای كەركوك دوو كاندید بەهۆی نەبونی مەرجی خۆكاندیدكردن رەتكراونەتەوە و 15ی تر بەر لە تیروپشكی ژمارەی كاندیدەكان كشاونەتەوە، ئەوەش بەپێی وتەی لوئەی ئەركان.

 

ناوچەكانی جێناكۆكی دیالە دەكەونە بازنەی چوارەوە

لە پارێزگای دیالە زیاتر لە ملیۆنێك دەنگدەر هەن و بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراون.

پشكی پارێزگاكە لە پەرلەمانی داهاتوو 14 كورسییە كە چوار كورسییان وەك كۆتا بۆ كاندیدانی ژنان تەرخانكراوە.

لە دیالە 164 كاندید ناوەكانیان پەسەندكراوە و ژمارەیان پێدراوە تا كێبڕكێی بەدەستهێنانی ئەو 14 كورسییە بكەن.

زۆرینەی ناوچەی جێناكۆكی ئەو پارێزگایە لە بازنەی چوارەمدایە، ژمارەی دەنگدەران لە نێوان 200 تا 250 هەزاردایە، ئەوانیش خانەقین و ناوچەكانی تری قەرەتەپە، جەلەولا، سەعدیە، حەمرین و دەوروبەری كفری كە 35 كاندیدیان هەیە.

komision-4-1
كەركوك/7ی تەمموزی 2021/ تیروپشك بۆ ژمارەی كاندیدەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان فۆتۆ: كەركوك ناو

 

سەڵاحەدین؛ نزیكەی نیوەی كاندیدەكان ژنن

لە سەڵاحەدین نزیكەی ملیۆنێك دەنگدەر هەن و بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراون.

پشكی ئەو پارێزگایە لە پەرلەمانی داهاتووی عیراق 12 كورسییە كە سێ كورسییان كۆتای ژنانە.

194 كاندید لە سەڵاحەدین هەن كە 61 كاندیدیان ژن و ئەوانیتر پیاون.

قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆك لەو پارێزگایە كە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 150 هەزار كەسە، لەگەڵ ناوچەكانی بەلەد، دوجێل، یەسرب، دوۆر و زەلوعیە دەكەونە بازنەی دووەوە و بە هەمویان 62 كاندیدیان هەیە.

 

كورسییەكانی كۆتای كەمینە

لە خولی داهاتوی پەرلەمانی عیراق 9 كورسی كۆتا بۆ كەمینەكان دانراوە كە 65 كاندید لە سەرتاسەری وڵاتدا كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.

بەپێی بەیاننامەیەكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە پێكهاتەی كریستیان 34 كاندید هەن بۆ پێنج كورسی.

هەروەها پێكهاتەی سابیئە هەشت كاندیدیان هەیە بۆ یەك كورسی، كوردی فەیلی بە هەشت كاندید لە یەك بازنەی هەڵبژاردندا كە پارێزگای واستە كێبڕكێی بەدەستهێنانی یەك كورسی دەكەن.

پێكهاتەی شەبەك هەشت كاندیدیان بۆ یەك كورسی هەیە و ئێزیدییەكانیش بە حەوت كاندید چاویان لە كورسییەكی پەرلەمانی عیراقە.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق سێ هەزار و 243 كاندید كە بەشێكیان سەربەخۆیانە و ئەوانیتر لەڕێی 110 حزب و 22 هاوپەیمانییەوە خۆیان كاندید كردووە كێبڕكێی بەدەستهێنانی 329 كورسی دەكەن.

تەواوی عیراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراوە و لە كۆی 40 ملیۆن هاوڵاتی نزیكەی 25 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT