پێنج رۆژە دوو هاوڵاتی لە شنگال بێسەروشوێنن

لای راستی وێنەكەوە: جەمیل خدر سەرحان (35 ساڵ) و برجس خەلیل عیدو (30 ساڵ)، لە 22ی ئابەوە بێسەروشوێنن

عەمار عەزیز – نەینەوا

دوو هاوڵاتی ئێزیدی خەڵكی شنگال لە 22ی ئابەوە بێسەروشوێنن و هیچ چارەنوسێكیان دیار نییە. ئۆتۆمبێلەكەشیان لە كەنار شەقامی چیای شنگال دەدۆزرێتەوە.

برجس خەلیل عیدو (30 ساڵ) و جەمیل خدر سەرحان (35 ساڵ)، خزمی یەكترن و لە 22ی ئابەوە بێسەروشوێنن.

سلێمان خەلیل عیدو، براى برجس، بە (کەرکوک ناو)ى وت "براکەم شوفێرى قەلاب (گەڵابە)یە، رۆژانە ئیشى گواستنەوەى بلوک، چیمەنتۆ و کەلوپەلى بیناسازی دەكرد، هیچ پەیوەندییەکى بە هیچ لایەنێكی سیاسیی و سەربازییەوە نییە، رۆژى 22ى ئاب لەگەڵ جەمیل خدر کە ئەویش خزمى خۆمانە، لە چیای شنگال بێسەروشوێن دەبن".

سلێمان وتی "سەردانی هەموو دەزگا ئەمنییەکان و هێز و لایەنەکانى شنگالمان کردووە، تا ئێستا هیچ کەسێک زانیارى لەسەر چارەنوسیان نییە..."، زیاتر وتی "براکەم و جەمیل بێ کێشە بون، دوژمنایەتیی و کێشەمان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە، داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەین بە زوترین کات چارەنوسیانمان بۆ ئاشكرابكەن".

سەردانی هەموو دەزگا ئەمنییەکان و هێز و لایەنەکانى شنگالمان کردووە، تا ئێستا هیچ کەسێک زانیارى لەسەر چارەنوسیان نییە

چیای شنگال رێگایەكی سەختە، بەڵام رۆژانە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی پێدا تێپەڕدەبێت. لەسەر چیاكە هەزاران ئاوارەی ئێزیدی سەردەمی شەڕی داعش لە كەمپدا دەژین.

ناتق عەلو ئەحمەد، لێپرسراوى یاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت "کەسوکارى ئەو کەسانە سەردانیان كردوین، چەند رۆژێکە بەدواداچونى وردمان کردووە بۆ ئەو کەیسە و بەردەوامیشین، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەسەر چارەنوسیان دەستنەكەوتووە".

"ئێمە بە مەیدانى چوینە رێگای چیای شنگال، ئۆتۆمبێلەکەیان لە نزیک شەقامەکە راگیرابوو، هیچ نیشانەیەکى گولـلە بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە نییە و تێكنەچووە با بزانین لێكۆڵینەوە و بەدواداچونی داهاتوان چۆن دەبێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT