نەوتی كەركوك لە مانگی رابردودا بایی 200 ملیۆن دۆلار بووە

كه‌ركوك، 2014، كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك، له‌ مانگی رابردوودا زیاتر له‌ سێ ملیۆن به‌رمیل بووه‌ و داهاته‌كه‌ی به‌پێی نرخی فرۆشتنی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا، زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاره‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق، هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو له‌ ته‌واوی كێڵگه‌كانی وڵاتدا بۆ مانگی ئابی 2021 گه‌یشتۆته‌ 94 ملیۆن و 660 هه‌زار و 239 به‌رمیل نه‌وت، به‌ داهاتی شەش ملیار و 533 ملیۆن و 142 هەزار دۆلار.

وه‌زاره‌ت له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رونیكردۆته‌وه‌ مانگی ئابی ئه‌مساڵ له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ سێ ملیۆن و چوار هه‌زار و 309 به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جیهان كراوه‌ له‌ توركیا.

تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی كەركوك 96 هەزار و 900 بەرمیل بووە.

نه‌وتی خاوی كه‌ركوك له‌و مانگه‌دا هه‌ر به‌رمیلێكی به زیاتر له‌ 66.597 دۆلار مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه‌ و داهاته‌كه‌ی ده‌كاته 200 ملیۆن و 78 هەزار و 247 دۆلار.

ئەو نرخەش كەمترە لە نرخی نەوتی بەسرە كە هەر بەرمیلێكی بە 69.233 دۆلار فرۆشراوە.

هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك لە مانگی ئابدا بەراورد بە مانگی تەمموز كەمیكردووە كە لە تەمموزدا سێ ملیۆن و 12 هه‌زار و 435 به‌رمیل بوو بە داهاتی  212 ملیۆن و 674 هەزار و 410 دۆلار.

لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو هه‌یه‌؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور ‌و خەبازە كه‌ لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نه‌وت باكور-ی سه‌ر به‌ حكومەتی عیراقیدان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT