لە كەركوك هەفـتانە دوو كەس "خۆیان دەكوژن"

كەركوك/ 2015/ گردبونەوەیەكی ژنان دژی توندوتیژی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی  - كەركوك

هەفتانە لە پارێزگای كەركوك؛ دوو هاوڵاتی "خۆیان دەكوژن" و 11 دۆسیەی دیكەی توندوتیژی تۆماردەكرێن، ئەوەش بەراورد بە ئامارەكانی پێشوو زیاتربون، بۆیە بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤ هۆشداری لە مەترسییەكانی دەدەن.

بەپێی ئامارێكی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عیراق، كە تایبەت بە (كەركوك ناو) دراوە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 50 حاڵەتی "خۆكوشتن" لای ئەوان بەرەسمی تۆماركراون، كە هەر هەفتەیەك دوو حاڵەتی بەردەكەوێت.

دوایین روداو مانگ لەمەوبەر بوو، ژنێكی تەمەن 27 ساڵ "ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا" و دوای ئەوەی دوو رۆژ بە ئازاری سوتاوییەكەوە لە نەخۆشخانە مایەوە، دواتر گیانیلەدەستدا.

"مەروە-ی خوشكم بەردەوام كێشەی لەگەڵ هاوسەرەكەی هەبوو، لێی دەدا، جارێكیان دەستی چەپی شكاند، چەندیجار ئەشكەنجەی داوە، بۆیە بەرگەی ئەو ژیانەی نەگرت" مەیادە عەلی، خوشكی ئەو ژنەی "خۆی سوتاندووە" بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

هاوسەرەكەی لێی دەدا، جارێكیان دەستی شكاند و چەندینجار ئەشكەنجەی داوە، بۆیە بەرگەی ئەو ژیانەی نەگرت

وەك خوشكەكەی دەڵێت، مەروە بە خۆشەویستی هاوسەرگیری كردووە، بەڵام دواتر نەگونجاون، زیاتر لە 10 جار تۆراوە و دوای حەوت مانگیش ئەو روداوە رویداوە.

چەندین دۆسیەی هاوشێوەی مەروە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان لای پۆلیس ماوەتەوە و هیچ كەسێكیش لەو هێزە ئامادەنەبون لە بارەی روداوەكانی "كوشتن و خۆكوشتن"ـەوە لێدوان بۆ (كەركوك ناو) بدەن.

مەیادە كە دانیشتوی شاری كەركوكە وتی "هاوسەری خوشكەكەم ئالودەی ماددەی هۆشبەرە، ئۆتۆمبێل و ماڵ و سامانی بەوهۆیەوە لەدەستدا، تائێستاش دەستگیرنەكراوە و هەڵاتووە".

لە پارێزگای كەركوك شەڵتەر و هیچ شوێنێكی دیكە نییە بۆ داڵدەدانی ئەو ژن و كچانەی هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە یاخود بە هۆكاری جیاواز بە تایبەتی خێزانی، روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە.

jnan . kirkuk (2)
كەركوك/ 2015/ ژنێك لە كەركوك داوای نەهێشتنی توندوتیژی دەكات فۆتۆ: كاروان ساڵحی

سەجاد جومعە، لێپرسراوی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو 50 حاڵەتەی خۆكوشتن كە لە شەش مانگدا تۆماركراون 42 حاڵەتیان لە رەگەزی مێ و هەشت حاڵەتیان لە رەگەزی نێر بون".

زۆربەی قوربانییەكان تەمەنیان لە 25 ساڵ بەرەو سەرەوەیە و روداوەكانیش بە "خۆهەڵواسین و بەكارهێنانی چەك" بون.

"ئەو ئامارە زەنگێكی مەترسییە، دەبێت بەجددی وەربگیرێت، ئێمە لەوبارەیەوە چەندینجار هۆشداریمان بە ئیدارەی پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان داوە تا هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشە كۆمەڵایەتییەكان بدەن، كە هۆكارێكی سەرەكی روداوەكانی خۆكوشتنن" بەوتەی جومعە.

هۆشدارییەكان بەهۆی هەڵكشان و زیادبونی ئامارەكانەوەیە بۆ نزیكەی دوو هێندە، بەوپێیەی بە درێژایی ساڵی رابردوو 65 حاڵه‌تی "خۆكوشتن" لە پارێزگای كەركوك تۆماركراوە كە 50یان له‌ ره‌گه‌زی مێ بون.

ئەو ئامارە زەنگێكی مەترسییە و دەبێت بەجددی وەربگیرێت

"لەم شارە گوێ لە خواستەكانی ئافرەت ناگیرێت.. لە ماڵ و فەرمانگە و كۆمەڵگە هەر پیاوانن گوێیان لێدەگیرێت و ئەوان دەتوانن هاوبەشی ژیانیان دیاریبكەن و خۆشەویستی بكەن، بەڵام بۆ ژنان دەبێتە ئابڕوچون و كەیسی ئەخلاقی و كێشە لەنێو خێزانەكانیاندا" بەوتەی عەلیا عەلیەوی، چالاكوانی مافەكانی ژنان تێڕوانینی خراپی كۆمەڵگە بۆ پێگە و مافی ژنان هۆكاری سەرەكی توندوتیژییەكانن.

ئەو خەریكە لە گردبونەوە و سیمیناریش بێ ئومێد دەبێت، "دڵنیایین 100 جاری دیكەش خۆپیشاندان بكەین، كۆڕ و كۆبونەوە بكرێت هەر بێسودە"، چونكە زیاد لە جارێك داوایانكردووە لە بنكەكانی پۆلیس بەشی كۆمەڵایەتی تایبەت بە كێشەكانی ژنان بكرێتەوە و شەڵتەر بۆ داڵدەدانیان هەبێت، بەڵام ئەنجامی نەبووە.

هەر خۆكوشتن نییە، بەڵكو دۆسیەكانی توندوتیژی بە تایبەت خێزانیش لە كەركوك زیاتربون.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زیاتر لە 260 حاڵەتی توندوتیژی جیاواز بە رەسمی تۆماركراون، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو بە هەشت مانگ (شوبات بۆ كۆتایی ئه‌یلول) 200 حاڵەت هەبون.

"لە هۆكارە سەرەكییەكانی خۆكوشتن و توندوتیژی نەبونی شەڵتەرە، چونكە لەكاتی مەترسی و هەڕەشەدا هیچ شوێنێك نییە ژیانیان رزگاربكات" سەجاد جومعە وای وت.

jnan . kirkuk (7)
كەركوك/ 2021/ سەرباری زۆری ئامارەكانی توندوتیژی هیچ شەڵتەرێك بۆ داڵدەدانی ژنان نیە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ بە كۆڕ و كۆبونەوە و هەندێكجاریش هانا بۆ مینبەری مزگەوتەكان دەبن تا كاریگەری لەسەر زۆرینەی موسڵمانی كەركوك دابنێن، بە ئامانجی كەمكردنەوەی توندوتیژی خێزانی.

شێخ رەعد محەمەد، كەسایەتی ئایینی لە كەركوك دوای بیستنی ئامارەكانی "خۆكوشتن و توندوتیژی" لە پەیامنێری (كەركوك ناو)، وتی "ئەو رێژە بەرزە جێگەی داخە لەم شارە بچوكەدا تۆماربكرێت، پێویستە لەرێی مینبەرەكانەوە دوای هەر وتارێكی نوێژی هەینی پێنج خولەك بۆ باسی مەترسییەكانی ئەو روداوانە تەرخانبكرێت، تا خەڵك ئاگاداری رەوشتی ماڵ و منداڵیان بن".

ئەو مامۆستا ئایینییە پێیوایە بەكارهێنانی زۆری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و فراوانبونی، لە هۆكارەكانی دروستبونی "كێشەی ناو خێزانەكان و بەشێك لە توندوتیژییەكانن".

پارێزگای كەركوك لە ساڵی 2019یشدا، ریزبەندی یەكەمی لەسەر ئاستی عیراق هەبوو بۆ روداوەكانی "خۆكوشتن" بە 106 حاڵەت، كە  89 كه‌سیان له‌ ره‌گه‌زی مێ و 17یان له‌ ره‌گه‌زی نێر بون.

هەڵكشانی ئامارەكانی كەركوك هاوكاتە له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی ده‌رچواندنی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی، كە تیایدا هەندێك رێگەچارە بۆ رێگری لە توندوتیژی دانراون لە نێویاندا كردنەوەی شەڵتەر لە پارێزگاكاندا، بەڵام یاساكە هێشتا لە په‌رله‌مانی عیراقە و پەسەندنەكراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT