13 كوژراو و هەشت بریندار هەن
وردەكاری هێرشەكانی داعش بۆ ناوچەكانی جێناكۆك

كەركوك/ ئەیلولی 2021/ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی هێزە هاوبەشەكانی عیراق لە سنوری ناحیەی رەشاد فۆتۆ: راگەیاندنی حەشدی شەعبی

كەركوك ناو

12 پۆلیسی فیدراڵی و سەربازی عیراقی كوژران و زیاتر لە هەشت ئەندامی هێزە سەربازییەكان برینداربون، بەهۆی چەند هێرشێكی چەكداری و تەقینەوەی بۆمبی چێنراوەوە لە ناوچە جیاوازەكانی هەرسێ پارێزگای كەركوك و نەینەوا و سەڵاحەدین.

گروپێكی چەكدار كە بەوتەی هێزە ئەمنییەكان "چەكداری دەوڵەتی ئیسلامی – داعش" بون، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی ئەیلولی 2021 هێرشیانكردە سەر هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی لە نزیك گوندی سەتیح لە ناحیەی رەشاد-ی باشورى خۆرئاوای كەركوك.

"چەكدارانی داعش بە چەكی جۆراجۆر هێرشیانكردە سەر هێزێكی لیوای 19ی فەوجی دوی پۆلیسی فیدراڵی و روبەڕوبونەوە رویدا، بەهۆیەوە 12 پۆلیس شەهید بون" بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ (كەركوك ناو).

سەرچاوەكە دەڵێت تەنیا سێ پۆلیس "لەروبەڕوبونەوەی راستەوخۆی چەكداریدا شەهید بون، ئەوانی دیكەش سێ بۆمبی چێنراویان پێدا تەقیوەتەوە".

لەكاتی روبەڕوبونەوە و رەوانەكردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەكە بۆمبەكان تەقیونەتەوە، جگە لە كوژراوەكان، شەش پۆلیسی فیدڕاڵیش برینداربون.

بەپێی زانیاری زیاد لە سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ (كەركوك ناو) چەكدارانی داعش پێشتر لەو سنورەدا بۆمبی چێنراویان داناوە.

ماهر لهێبی، دانیشتوی گوندی سەتیح لە رەشاد بە (كەركوك ناو)ی وت "گوێمان لە دەنگی تەقە و ئاربیچی و هاوەن بوو، لەوكاتەدا كارەباش بڕا، ئێمە لە ترسی گیانی خۆمان لە ماڵەكانماندا نەهاتینە دەرەوە تا لەلایەن داعشەوە نەكرێینە ئامانج".

پۆلیسی فیدراڵی لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاویكردەوە هێزەكانیان لە رەشاد روبەڕوی داعش بونەتەوە و "ژمارەیەك شەهید و برینداریان هەبووە" بێ ئەوەی وردەكاری زیاتر ئاشكرابكات.

hez . kirkuk (3)
كەركوك/ ئەیلولی 2021/ هەڵمەتی گەڕانی هێزە ئەمنییەكان لە قەزای حەویجە فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

سەرچاوەیەك بە (كەركوك ناو)ی وت دوابەدوای كۆتاییهاتنی پێكدادان و هەڵاتنی داعش، بریندارەكان بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی شاری كەركوك كراون.

هەروەها وتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزی زیاتر رەوانەی ناوچەكە كراوە، فڕۆكە جەنگییەكان بە ئاسمانی سنورەكەدا دەسوڕێنەوە و ئامادەكاری دەكرێت بۆ رێگری لەهەر هێرشێكی دیكە.

ئەو هێرشە دوای سێ رۆژ هات لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە هاوبەشەكان لە سنوری ناحیەی رەشاد.

رەشاد و سێ ناحیەی دیكەی قەزای حەویجە (55كم باشوری خۆرئاوای كەركوك) بە ناوەندی قەزاكەوە لە ناوەڕاستی 2014ـەوە تا مانگەكانی كۆتایی 2017دا لەژێر دەستی داعشدابون.

شەوی رابردو لە ناوچەی قەرەچوغ-ی قەزای مەخمور، هێرشێكی چەكداری كراوەتە سەر سوپای عیراقی و بەهۆیەوە سەربازێك كوژراوە، بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ (كەركوك ناو).

زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چوغ، له‌ رۆژهه‌ڵاتی قه‌زای مه‌خمور له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای نه‌ینه‌وایە و سنوری نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یە.

هەر شەوی رابردوو 4ی ئەیلول لە نزیك ناوچەی یەنگیجەی قەزای دوزخورماتوو (باكوری خۆرهەڵاتی سەڵاحەدین)، چەكداری حەشدی شەعبی بەهۆی تەقەی "داعشەوە" برینداربوو، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو) كە دەڵێت تەقەكان بە چەكی قەناس بون.

سەرچاوەیەكی دیكەی ئەمنی بە (كەركوك ناو)ی وت لە هێرشێكیشدا بۆ سەر هێزێكی سوپای عیراقی لە نزیك گوندی سوبغان-ی باشوری قەزای داقوق، شەوی 3ی ئەیلول سەربازێك برینداربووە.

ماوەیەكە ناوچەكانی جێناكۆك بەتایبەت لە هەرسێ پارێزگای كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین بە دۆخێكی سەقامگیردا تێپەڕنابێت، جموجۆڵ و هێرشی چەكداری بۆ سەر هاوڵاتیان، هێزە ئەمنییەكان و یەكەكانی خومەتگوزاریی لەوانەش كارەبا بەردەوامی هەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT