توركمان لە كەركوك:
ململانێی نێوماڵی خۆیی و دەرەوەش دەكات

كەركوك/ ئەیلولی 2021/ بانگەشەی هەڵبژاردنی ژمارەیەك كاندیدی توركمان بۆ پەرلەمانی عیراق. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

سۆران عەبدولكەریم

كاندیدە توركمانەكان لە سێ بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك لەیەككاتدا لە ململانێی توندی ناوخۆیی، نەتەوەیی و مەزهەبیدان بۆ بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمانی، بۆ ئەوەش لانیكەم 24 كاندیدیان هەیە كە بەسەر حزب و هاوپەیمانێتی و كەسایەتی سەربەخۆی جیاوازدا دابەشبون.

ئەو پەرتەوازەییە شەقامی توركمانی نیگەرانكردووە و ترسیان هەیە سێ كورسییەكەی هەڵبژاردنی رابردویان بەدەستنەهێننەوە.

توركمان بۆ هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەم، لانیكەم 24 كاندیدی لەهەر سێ بازنەكەی كەركوكدا هەیە و لە ململانێدان بۆ بەدەستهێنانی دەنگی "نزیكەی 200 هەزار توركمان"، ئەوەش بە پشتبەستن بە ئاماری حزب و لایەنە توركمانییەكان.

مەمەد ئاڵتونچی، كاسبكارێكی توركمانە لە كەركوك، بە سەروسوڕمانەوە لە سیاسییەكانی نەتەوەكەی دەڕوانێت كە نەیانتوانیوە لە پێناو گەلی توركماندا یەكگرتوبن بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی پارێزگاكە.

"بەشێوەیەك پەرتەوازەن كە زیان بە پێگە و كورسی توركمان دەگەیەنێت"، مەمەد ئاڵتونچی زیاتر وتی "سەرەڕای ئەوەش گلەییمان لە حزبەكانمان هەیە، چونكە لە رابردودا كە دەنگمان پێداون وەك پێویست نەبون و دروشمەكانیان تەنیا لەسەر تیڤی بووە و نەبووە بە كردار".

پەرتەوازەیی زیان بە پێگە و كورسی توركمان دەگەیەنێت

كاندیدەكانی توركمان لە كەركوك لە چوارچێوەی بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو، حزبی مەیدانی توركمانی عیراق، هاوپەیمانی هێزەكانی دەوڵەتی نیشتیمانی (عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی) و كاندیدی سەربەخۆدا لە ململانێدان. ئەو هاوپەیمانێتیانەش بەسەر هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننەدا دابەشبون.

نەجات حسێن، کاندیدی توركمان لە رەوتی حیكمە – لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی هێزەكانی دەوڵەتی نیشتیمانی-، چاوی لەوەیە ئەمجارە توركمانێكی شیعە مەزهەب بگاتە پەرلەمانی عیراق، بەڵام ئەویش هاوڕایە لەگەڵ مەمەد ئاڵتونچی و دەڵێت ئەگەر بە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پەرتەوازەییەی كاندیدەكاندا نەكەن ئەوا كورسییەكان لەدەستدەدەن.

"لە راستیدا چاومان لەوەیە چوار كورسی بەدەستبهێنین، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارە حیاوازە و ئەگەر بە باشی مامەڵە لەگەڵ دابەشكردنی دەنگەكانماندا نەكەین رەنگە لەو 100 هەزار دەنگەی رابردوو تەنیا یەك كورسی بەدەستبهێنین، چونكە دەنگەكان بەسەر كاندیدەكاندا دابەشدەبن"، نەجات حسێن وایوت.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن، ئەمجارە عیراق بەسەر 83 بازنەدا دابەشكراوە، پارێزگای كەركوك 12 كورسی پەرلەمانی بەسەر سێ بازنەدا دابەشبووە. كاندیدەكان بەپێی زۆرینەی دەنگی بازنەكەی خۆیان دەگەنە پەرلەمان.

turknann10y2021
كەركوك/ ئەیلولی 2021/ بانگەشەی هەڵبژاردنی ژمارەیەك كاندیدی توركمان بۆ پەرلەمانی عیراق. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

نەجات حسێن وتی "ئەگەر بەباشی مامەڵە لەگەڵ ئەو 100 هەزار دەنگدەرەی توركمان و چۆنیەتی دابەشكردنی بكەین، ئەوا دەتوانین چوار كورسی بەدەستبهێنن".

بەپێی ئاماری دەزگای هەڵبژاردنی حزبە توركمانییەكان، نزیكەی 200 هەزار دەنگدەریان لە كەركوك هەیە، بەڵام لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018دا نزیكەی 100 هەزار دەنگیان هێناوە و چاوەڕواندەكەن ئەم هەڵبژاردنەش لەسەدا 50ی دەنگدەرانیان بەشداری هەڵبژاردن بكەن.

مەمەد ئاڵتونچی کە یەكێكە لە زێڕەنگرەكانی كەركوك، وتی "هەرچەندە نیگەرانین، بەڵام هەڵبژاردن لای من شەڕی خۆسەپاندنی كەمینە و زۆرینەیە لە كەركوك، بۆیە دەبێت دەنگ بدەم". زیاتر وتی "بەڵام پێویستە دەنگدەری توركمان بە باشی مامەڵە لەگەڵ دەنگەكەیدا بكات و دەنگ بە كاندیدی ئەو لایەنانە نەدات كە بونەتە بار بەسەر دۆزی تورکمان و لەواقعیشدا کاری جدیان بۆ شەقامی تورکمانی نەکردووە"، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەن و كاندیدێك بهێنێت.

بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو كە لە نۆ حزب و لایەنی سیاسی توركمانی پێكهاتون، بەهێزترین هاوپەیمانی توركمانییە لە كەركوك و هەشت كاندیدیان لە سێ بازنەكەی كەركوكدا هەیە.

لە هەڵبژاردنی رابردودا، بەرەی توركمانی بە 79 هەزار دەنگ، سێ كورسی لە پارێزگای كەركوك بەدەستهێنا، لایەنەكانی تری توركمانیش لە چوارچێوەی هاوپەیمانی جۆراوجۆردا نزیكەی 30 هەزار دەنگیان هێنا و نەیانتوانی كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن.

یەكێك لە كێشەكانی ئەو بەرەیە، زۆری كاندیدەكانییەتی كە ترس دەنگەكانیان بەو هۆیەوە پەرشوبڵاوبێت، بەڵام ئەوان خۆیان دەڵێن ترسی ساختەكاریشیان هەیە.

جەودەت زولال، سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردنی بەرەی تورکمانی عیراقی یەكگرتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "خەڵک لە هەڵبژاردن تۆراوە، ئەوەش بەهۆی ساختەكارییەكان لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018 بەتایبەت لە پارێزگای كەركوك... ئێمە هەموو ئەو ساختەکاریانەمان ئاشکراکرد و پارێزگاکانی تریش چاویان لە ئێمە کرد".

turkmanxo-1
كه‌ركوك، ئایاری 2018، ناڕه‌زایی لایه‌نگر و ئه‌ندامانی حزبه‌ توركمانیه‌كان دژی كۆمسیۆن به‌هۆی گومانیان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئەو بەرەیە لە هەڵبژاردنی رابردودا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی بە ساختەكاری لە هەڵبژاردندا تۆمەتباركرد، دواتر هەرچەندە بەشێكی كەم لە دەنگەكان بە دەستی هەژماركرانەوە، بەڵام ئەنجامەكان بە گۆڕانكارییەكی زۆر كەمەوە وەكو خۆی قبوڵكران.

جەودەت زولال، وتی "گلەییمان لە كارەكانی كۆمسیۆن هەیە، پێمانوایە تائێستا كۆمەڵێك كێشە هەیە نەیانتوانیوە چارەسەری بۆ بكەن... سەدان دەنگدەری تورکمان هەیە لە هێزە ئەمنییەکان ناتوانن لە کەرکوک دەنگ بدەن، بەڵکو ناوەکانیان لەچەند پارێزگایەکی دیکە هاتۆتەوە".

ئەو پێیوایە ئەو كێشانە و تێبینییەكانی تریان لەسەر كۆمسیۆن كاریگەری دەبێت لەسەر دەنگەكانیان.

توركمان بە ئەگەرێكی زۆرەوە لە هەردوو بازنەی یەك و سێی كەركوك كورسی پەرلەمانی ناباتەوە، چونكە زۆرینەی هەرە زۆری دەنگدەرەكانیان كەوتونەتە بازنەی دووەوە.

بازنەی دوو چوار كورسی پەرلەمانی هەیە و تێكەڵەیەكە لە كورد، عەرەب و توركمان. هەردوو لایەنی كورد و عەرەبیش چاویان لە كورسییەكانی ئەو بازنەیەیە.

كێشەی توركمان ئەوەیە لەو بازنەیەش پەرشوبڵاون و لانیكەم 15 كاندیدیان هەیە.

جەودەت زولال وتی "بەڵێ پەرتەوازەین و ئەو دابەشبونە زیانی زۆری دەبێت... بەڵام ئەوە بۆ هەموو نەتەوەكان هەر راستە".

ژاڵە نەفتچی، کاندیدی بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو لە بازنەی یەك، وتی "بەهۆی پەرشوبڵاویمانەوە ناتوانین كورسییەكانمان بۆ چوار كورسی زیاد بكەین، هەرچەندە پێشبینی بۆ ئەم هەڵبژاردنە قورسە، چونكە یەكەم ئەزمونی فرە بازنەییە، بەڵام پێمانوایە دوو پیاو و ژنێکی توركمان كورسی پەرلەمانی بەدەستدەهێنن".

بەهۆی پەرشوبڵاویمانەوە ناتوانین كورسییەكانمان بۆ چوار كورسی زیاد بكەین

ئەو داوایكرد لەم چەند رۆژەدا، ئەو كاندیدانەی توركمان كە دەزانن دەرناچن، بكشێنەوە بۆ ئەوەی دەنگەكانیان بۆ كاندید تر بچن و نەفەوتێت.

مەیسون سەباح، مامۆستایە و لە گەڕەكی موسەڵا دادەنیشێت كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی توركمانن. وتی "ئێمەی تورکمان هەمیشە ترسمان لە ئەنجامەکان هەیە، نەک لە بەشداریکردنی جەماوەر... چونكە بەهۆی ساختەكارییەكانی رابردووەوە هاوڕێیەكانم دڵیان لە هەڵبژاردن شكاوە، بەڵام دەبێت بزانن بەشداریكردن ئەركێكی نەتەوەییە".

بە گشتی توركمانەكان هەرچەندە لە سەرەتادا پێیانوابوو دەتوانن هەر چوار كورسییەكەی بازنەی دوو بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن، بەڵام لەئێستادا باسی سێ كورسی دەكەن، ئەوەش وەك باشترین سیناریۆی هەڵبژاردن.

نەجات حسێن، وتی "هەرچەندە توركمان دابەشبووە، بەڵام دەتوانین دواتر لە پەرلەمان ببینە یەك كوتلەی سیاسی بەهێز بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانمان".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT