هەڵبژاردنی گشتی لە عیراق دەستیپێكرد
23 ملیۆن و 986 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە

كەركوك/ 10ی تشرینی 2021/ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دەرگای بنكەكانی دەنگدان لە تەواوی عیراق بەڕوی 23 ملیۆن و 986 هەزار و 741 دەنگدەر-دا كرایەوە و سێ هەزار و 226 كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی 329 كورسی پەرلەمانی دەكەن.

كاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ یەكشەمە 10ی تشرینی یەكەم، هەڵبژاردنە پێشوەختە لە عیراق دەستیپێكرد و بڕیارە تا كاتژمێر 6ی ئێوارە بەردەوامبێت.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عیراق بۆیەكەمجار عیراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن-دا دابەشكرا و بوار بە كاندیدی سەربەخۆ دراوە بۆ یەكەمجار لە دەرەوەی حزب بەشداریی بكات.

لەم هەڵبژاردنەدا، لەكۆی 329 كورسی پەرلەمانی، نۆ كورسی پەرلەمانی بۆ كۆتای كەمینەكان (پێنج كورسی بۆ كریستیانەكان و هەریەكە لە ئێزیدی، شەبەك، كوردی فەیلی و سابیئەی مەندائی یەكی كورسییەك)ی پەرلەمانیان بۆ دانراوە.

جیاوازییەكی تری هەڵبژاردنەكە ئەوەیە كە دەستەیەكی نوێ لە دادوەران سەرپەرشتی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكەن، دوابەدوای ئەوەی لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا پەرلەمانی عیراق كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی هەڵوەشاندەوە و هەر ئەو خۆپیشاندانەنش بووە بووە هۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق.

جومانە غەلای، وتەبێژی رەسمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق پێنجشەممە 7ی تشرینی یكەم، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەوڵەكانیان بەو ئاراستەیەدایە هەڵبژاردنی دور لە ساختەكاری بەرێوەبچێت، بۆ ئەوەش ژمارەیەكی زۆر چاودێر هەن، زیاتر لە 250 چاودێر و 133 رۆژنامەنوسی نێودەوڵەتی، زیاتر لە هەزار و 500 چاودێری ناوخۆیی و سەدان رۆژنامەنوس چاویان لەسەر پرۆسەكەیە، جگە لەوەی حزب و هاوپەیمانی و كاندیدەكان زیاتر لە 42 هەزار بریكاریان بۆ چاودێری دەنگدان و ئامادەبونیان لە ناوەندەكانی دەنگداندا تۆماركردووە، بەوتەی جومانە غەلای.

لە تەواوی عیراق 55 هەزار و 41 وێستگەی دەنگدان كراونەتەوە و لە هەر وێستگەیەک 450 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

عەبدولئەمیر شممەری، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردن لە عیراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، جەختیكدرەوە "هێزە ئەمنییەكانمان هەموو ئامادەکارییەکانیان کردووە، بۆ پاراستنی ئەمنیەتی هەڵبژاردنەكە، هیزەكانمان لە هەموو پارێزگاكان دەنگدەران و بنكەكان دەپارێزن".

ئەو هێزانەی لە چوارچێوەی لیژنەی ئەمنی باڵادا ئەركی پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەیان لە ئەستۆیە، پێكهاتون لە هێزی یەدەکی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هێزەكانی وەڵامدانەوەی خێرا و دژە تیرۆری عیراق.

هەڵبژاردن لە ناوچەكانی جێناكۆك

لە پارێزگای كەركوك زیاتر لە ملیۆنێك و 11 هەزار دەنگدەر هەن كە بەسەر 315 بنكەی دەنگدان لە سێ بازنەدا دابەشكراون.

halbjardn-2
خشتەی دابەشبونی كورسییەكان لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین

پشكی كەركوك لە پەرلەمانی داهاتوی عیراق 12 كورسییە، كە سێ كورسییان بۆ ژنانە، ئەوەش بەبێ كەمینەی كریستیان كە كورسییەكی كۆتایان هەیە.

130 كاندید كە 33 كاندیدیان ژنن لە كەركوكەوە كێبڕكێی بەدەستهێنانی 12 كورسی دەكەن.

لە پارێزگای نەینەوا، زیاتر لە دوو ملیۆن و 330 هەزار دەنگدەر هەن و بەسەر هەشت بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراون.

پشكی نەینەوا لە پەرلەمانی داهاتوی عیراق 31 كورسییە، كە هەشت كورسی بۆ ژنانە، ئەوەش بەبێ كۆتای كەمینەكان كە چوار كورسییان هەیە.

هەرچی پارێزگای دیالەیە زیاتر لە ملیۆنێك دەنگدەر هەن و بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراون.

پشكی پارێزگاكە لە پەرلەمانی داهاتوو 14 كورسییە كە چوار كورسییان وەك كۆتا بۆ كاندیدانی ژنان تەرخانكراوە.

لە سەڵاحەدینیش نزیكەی ملیۆنێك دەنگدەر هەن و بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراون.

پشكی ئەو پارێزگایە لە پەرلەمانی داهاتووی عیراق 12 كورسییە كە سێ كورسییان كۆتای ژنانە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT