بۆ یەكەمجار كورد لە پارێزگای سەڵاحەدین كورسی پەرلەمانی بەدەستدەهێنێت

سه‌ڵاحه‌دین، 2018، هێزێكی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌ ناوه‌ندی قه‌زای دوزخورماتوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه‌

كەركوك ناو

كەریم شوكر، كاندیدی لیستی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی)، دەنگی پێویستی كورسییەكی لە بازنەی دووی پارێزگای سەڵاحەدینی بەدەستهێناوە و بەوەش بۆ یەكەمجار كورد لەو پارێزگایە كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت.

هەریەكە لە هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان)، پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی دووی پارێزگای سەڵاحەدین كە چەقی دەنگدەرانی دەكەوێتە قەزای دوزخورماتووەوە، بەدوو كاندید كێبڕكێیان بۆ بەدەستهێنانی كورسییەك كرد لە كۆی چوار كورسی ئەو بازنەیە.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكان كە (كەركوك ناو) لە مەڵبەندی حەمرینی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەستیكەوتووە، كەریم شوكر زیاتر لە 11 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، بەوەش كورسییەكی لە كۆی چوار كورسی بازنەكە مسۆگەر كردووە.

ئەمە یەكەمجارە كورد لەو پارێزگایە كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، لە هەڵبژاردەكانی ساڵی 2014دا یەكێتی كە بەهێزترین لیستی كوردی بوو لەو پارێزگایە، توانی سەروی 17 هەزار دەنگ لە سەڵاحەدین بهێنێت، بەڵام هێشتا نەیتوانی كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، لە 2018شدا كەمتر لە پێنج هەزار دەنگی هێنا و نەیتوانی كورسی مسۆگەر بكات.

هەر بەو هۆیەوە ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی تشرینی یەكەم، دوای بڵاوبونەوەی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن، لایەنگرانی یەكێتی ئاهەنگی "سەركەوتن"یان گێڕا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT