65 گەنجی كورد، بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایش"ی كەركوك دەدرێنە دادگا

كەركوك/ 12ی تشرینی یەكەمی 2021/ ژمارەیەك وێنەی شەوی رابردوی گەڕەكی شۆڕیجە، راگرتنی هاوڵاتیان لەلایەن بازگەی هێزە ئەمنییەكانەوە

كەركوك ناو

65 گەنجی كورد دوای شەوێك دەستبەسەركردن لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عیراقەوە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە دادگایی بكرێن، ئەوەش بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایش"ی شارەكە و رێگریكردن لە بە ئازادی كاركردنی هاوڵاتیان.

ئەو گەنجانە دوو شەوە لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی عیراق لە هەردوو فولكەی ئیخوان لە گەڕەكی رەحیماوا و بازاڕی شۆڕیجە ئاهەنگ دەگێڕن و دواتر لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بۆتە دەمەقاڵێ و سەریكێشاوە بۆ بارگرژی.

هێزەكانی لیوای تایبەتی 61ی سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سوپای عیراق و پۆلیسی ناوخۆیی چونەتە هەردوو گەڕەكەكە و هێزیان جێگیركردووە، 65 گەنج دەستگیركراون و ژمارەیەكیش روبەڕی "ئەشكەنجە" بونەتەوە، هێزە ئەمنییەكانیش بەشێكیان بە دەبە و بەرد پەلاماریان دراوە و هەوڵدراوە ئاڵای هەرێمی كوردستان و یەكێتی و پارتی بخرێتە سەر ئۆتۆمبێلەكانیان.

بەپێی ئامارەكانی (كەركوك ناو) كە لە دەزگا ئەمنییەكانی كەركوك وەریگرتووە، 65 گەنج شەوی رابردوو لەو دوو بنكەیە هێڵدراونەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی تشرینی یەكەم رەوانەی دادگا بكرێن.

ئەحمەد عەلی، مامی یەكێك لە دەستگیركراوەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "برازاكەم پۆلی سێی ناوەندییە، لەكاتێكدا لە ئیش گەڕاوەتەوە كاتژمێر 7ی ئێوارە لە گەڕەكی شۆڕیجە لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركراوە... ئێمە نە یەكێتین نە پارتین، هیچ پەیوەندییەكمان بەو ئاهەنگ و گرژییانەوە نییە و كوڕەكەمان بێ تاوانە".

ئێمە نە یەكێتین نە پارتین، هیچ پەیوەندییەكمان بەو ئاهەنگ و گرژییانەوە نییە و كوڕەكەمان بێ تاوانە

وتیشی "سۆراغی كوڕەكەمان كردووە، ئەمشەو لە بنكەی پۆلیسی ئازادی هێڵدراوەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆ دادگایی بكرێت".

ڤیدیۆ: لایەنگرانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەڕەكی شۆڕیجە لە شەوی 10ی تشرینی یەكەم. ڤیدیۆ: محەمەد عەبدولخالق

كەسوكاری یەكێكی تر لە دەستگیركراوەكان، كە لەبەر كاردانەوەی هێزە ئەمنییەكان نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كوڕەكەمان لەناو بازاڕی شۆڕیجە دەستگیركراوە، ئێمە بەشێك نین لەو ئاهەنگ و گرژییانە و داوای ئازادكردنی رۆڵەكەمان دەكەن".

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پۆلیسی كەركوك، جەختیكردەوە "گەنجەكان تۆمەتباركراون بە تێكدانی ئاسایشی كەركوك و رێگرییكردن لە كاركردنی هاوڵاتیان بۆیە ئەمڕۆ رەوانەی دادگا دەكرێن".

گەنجەكان تۆمەتباركراون بە تێكدانی ئاسایشی كەركوك و رێگرییكردن لە كاركردنی هاوڵاتیان

لەو 65 گەنجە، 36 گەنجیان لە گەڕەكی شۆڕیجە و 29ی تریش لە گەڕەكی رەحیماوان، لەلایەن سوپا و لیوای تایبەتی 61وە دەستگیركراون و دواتر رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی كراون، بە ماددەی 222 لە یاسای سزادانی عیراقی.

بەپێی بڕگەی یەكەمی ئەو ماددەیە، هەر گردبونەوەیەك، ئامانج لێی ئەنجامدانی تاوان، یان كەتن، یان رێگریی لە جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارەكاندا هەبێت، یاخود كاریگەری بكاتە سەر كارەكانی دەسەڵات، یان هاوڵاتیان لە ئازادی كاركردن بێبەش بكات، ئیتر ئەو كاریگەرییە بەهێز بێت، یان هەڕەشە، ئەوا ئەو كەسە سزادەدرێت بە زیندانی كە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، یان سزادی ماددی دەدرێت یان هەردوو سزاكە دەیگرێتەوە.

بەپێی مادەكە، سزاكە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بانگەوازیان بۆ گردبونەوەكە كردووە، یان بەڕێوەیبردووە، یان بەشداری تیادا كردبێت و ئاگاداری ئامانجەكەی بوبێت. هەروەها ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە لە گردبونەوەكە دورنەكەوتونەتەوە، هەرچەندە زانیویانە ئامانجەکەی چییە.

پەیامنێری (كەركوك ناو)، كە لە شەوی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردند بە گەڕەكی رەحیماوای كەركوكدا تێپەڕیووە لە فولكەی ئیخوان، وتی "بەچاوی خۆم بینیم بەشێك لە لایەنگرانی حزبەكان هێزە ئەمنییەكانیان ئیستفزازدەكرد و دەبەی ئاویان تێدەگرتن و هوتافیان لە دژیان دەوتەوە".

police.kirkuk
كەركوك/ 12ی تشرینی یەكەم/ هێزە ئەمنییەكانی پۆلیس لە گەڕەكی شۆڕیجە دوای دەستگیركردنی ژمارەیەك گەج. فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیس

لیوای تایبەتی 61، شەوی رابردوو 12ی تشرینی یەكەم، لە راگەیەنراوێكیدا بڵاویكردەوە "هەندێك كەسی نەناسراو شەوی 11ی تشرینی یەكەم، هێرشیانكردتە سەر كاروانێكی سەربازی لە ناوچەی رەحیماوە و ئەمڕۆش (12ی مانگ) هەمان هێرش و دەستدریژی لە شۆڕیجە و موسەڵا دژ بە هێزە ئەمنییەكان دوبارەبونەتەوە".

هەروەها هاتووە كە دوای جوڵەپێكردنی لیوای تایبەتی 61، بۆ ئەو گەڕەكانە، ژمارەیەك "چەكدارمان" لە شۆڕیجە دەستگیركردووە  كە نزیكەی 30 كەسن و تۆمەتبارن بە دەستدرێژیی و هەڵكوتانە سەر سوپا.

هاوكات فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك شەوی رابردوو 12ی تشرینی یەكەم، لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "بە مافی خۆمانی دەزانین هەموو رێكارێكی یاسایی بگرێنەبەر بەرامبەر بە ئەوانەی هەوڵی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری شارەكە دەدەن، ئەركی ئێمەیە پارێزگاری لە هاوڵاتیان و موڵك و ماڵیان بكەین".

"هەر كەسێك كاری گێرەشێوێنی بكات، یان هەوڵبدات بارودۆخی ئەمنی سەقامگیر تێك بدات، ئەوا دەستگیر دەكرێت... ئەو سەقامگیرییەی هەیە ئەنجامی ساڵانێك لە هەوڵ و تێكۆشان و شەونخونییە بۆیە بە هیچ شێوەیە رێگە بە تێكدان و كاری گێرەشێوێنی نادرێت و رێكاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو كەسانە دەگیرێتەبەر، لە پێناو ئاسایشی هەموو هاوڵاتیاندا".

ئەو ئاهەنگ و گردبونەوانە لەكاتێكدایە، كورد لە پارێزگای كەركوك بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن شەش كورسی لە پارێزگاكە بەدەستهێناوە، ئەوەش هەمان ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2018یە و دوو كورسیش لە هەڵبژاردنی 2014 كەمترە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT