سێ لایەنی كەركوك واز لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ناهێنن و رەخنە دەگرن

كەركوك/ 10ی تشرینی 2021/ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

هەریەكە لە بەرەی عەرەبی یەكگرتوو، بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو و هاوپەیمانی فەتح گلەییان لە پرۆسەی هەڵبژاردن هەیە لە پارێزگای كەركوك و پێیانوایە كەموكورتی تیابووە، بەشێكیان داوای هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان دەكەن. هەرچەندە ئەوە بەلای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە ئەگەرێكی "زۆر قورسە".

ئەو سێ لایەنە كە تەنیا بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو دوو كورسی لە پارێزگاكە بەدەستهێناوە، گلەییەكانیان دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دێت لە شەممە 16ی تشرینی یەكەم. كە تیایدا لە پارێزگاكە كورد شەش كورسی، عەرەب چوار كورسی –هیچیان لە بەرەی عەرەبی یەكگرتوو نەبون-، لەگەڵ توركمان دوو كورسی بەدەستهێنا.

جەودەت زەلال، سەرۆکی لیژنەی هەڵبژاردنی بەرەی تورکمانی عیراق – كە لە چوارچێوەی بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو – بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكە كرد، بە (کەرکوک ناو)ی "دەنگدەرانمان لە دوو بازنەی كەركوك – لەكۆی سێ بازنە- زۆر بە باشی بەشدارییان كرد، بەڵام ئێمە هەندێك گومانمان لا دروستبووە لەبارەی ئەنجامەکان، بۆیە داوامان لە کۆمسیۆنیی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد ژماردنەوەی دەستی لەو دوو بازنەیە ئەنجام بدات".

وتیشی "دەرنەچونی پەنجەمۆر كێشەكی تر بوو، بەشێك لە دەنگدەران پەنجە مۆرەكانیان دەرنەدەچوو، هەرچەندە رێژەیەكی كەم بوو، بەڵام ئەوەش وایكرد لانیکەم 23 کەس لەهەر وێستگەیەکی دەنگداندا نەیانتوانی دەنگی خۆیان بدەن".

توركمان بەگشتی لە هەڵبژاردنی رابردودا لە ساڵی 2018 سێ كورسی بەدەستهێنا و گلەییەكانیان لەكاتێكدایە كورسییەكانیان بۆ دوو كورسی كەمكرد.

دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو – لانیكەم لە هەشت حزب و لایەنی توركمانی پێكدێت- لە راگەیەنراوێكدا گلەییەكانیان بەیانكرد و داوای دوبارە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانیان کرد، بەتایبەت لە بازنەی یەك و دووی كەركوك.

توركمان هەردوو كورسییەكەی لە بازنەی دوو بەدەستهێنا و لە بازنەی یەكیش لانیكەم شەش هەزار دەنگی برد.

لایەنگرانی هاوپەیمانی فەتح، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە خۆپیشاندانیان لە زۆرینەی پارێزگاكانی عیراق دەستپێكرد دژی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و پێیانوایە "ساختەكاری" كراوە.

لە كەركوكیش چوارشەممە 20ی تشرینی یەكەم چونە بەردەم بینای پارێزگای كەركوك.

خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەتح لە كەركوك. ڤیدیۆ: كەركوك ناو

ئەبو جومانە زوبەیدی، یەکێک لە لایەنگرانی هاوپەیمانی فەتح، وتی "ئێمە لەڕێی سازدانی خۆپیشاندانێکی ئاشتییانە رەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژارنەکانمان راگەیاند، خۆپیشاندانەکان دوای ئەوە هات کە ئەو ئەنجامانەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڵاویکردەوە پێچەوانەی خواست و ئاواتەکانی جەماوەر بوو".

"خەڵك داوا دەکات دوبارە جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان دەکەن، چونکە ئەنجامە راگەیەنراوەکان، بە بۆچونی ئەو خەڵکە، نە ڕاستن و نە وردن، بەو پێیەی جەماوەر بەپیر کاندیدەکانیاندا رۆیشتن و ژمارەیەکی بەرچاو لە لایەنگرانی هاوپەیمانی فەتح رویانکردە سندوقەکانی دەنگدان، بۆیە خەڵک پێیوایە دەنگەکانیان دزراوە و پێویستە ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێنرێتەوە".

بەكارهێنانی وشەی "خەڵك" بۆ رەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، لەلایەن لایەنگرانی فەتح-ەوە لەكاتێكدا خۆپیشاندەرانی بەردەم بینای پارێزگا لانیكەم 100 كەس دەبون.

بەرەی یەکگرتووی عەرەبی، لایەنێكی تری كەركوكەوە كە رەخنەیان لە ئەنجامەكان هەیە و ئەوان پێیانوایە ناكرێت كاندیدێكیان لە كەركوك لەبەر كورسی كۆتای ژن بكشێتەوە، لەكاتێكدا لە بازنەكانی تر لانیكەم سێ ژن سەركەوتون بۆ پەرلەمان.

شێخ وەسفی عاسی، كە سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتیەكە دەكات، لە بازنەی سێی كەركوك دەنگی پێویستی بەدەستهێناوە بۆ گەیشتن بە پەرلەمان، بەڵام دەبێت بۆ كاندیدێكی ژن بكشێتەوە.

لەو بازنەیە سێ كورسی پەرلەمانی هەیە و بەپێی یاسا یەكێكیان دەبێت بۆ كورسی كۆتای ژن بێت.

بەڵام بەرەی عەرەبی یەكگرتوو لە راگەیەنراوێكدا، دەڵێت "بەو پێیەی ژمارەی كاندیدی پێویستی ژن لە بازنەكانی تر دەرچون، پێویست بوو وەسفی عاسی نەكشێتەوە".

لە كەركوك 12 كورسی پەرلەمانی بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراون، داواكاری هاوپەیمانی عەرەبی یەكگرتوو بۆ دەرچونی كاندیدەكەیان دوای ئەوە دێت، كە دوو ژن لە بازنەی دوو بە دەنگی خۆیان دەرچون و ژنێكیش لە بازنەی یەك بەهەمان شێوە.

هاوپەیمانی عەرەبی دەڵێن، 12 كورسییەكە سێ كاندیدی ژنی بەردەكەوێت و "نەدەبوو وەسفی عاسی بكشێنرێتەوە".

بەڵام سەرچاوەیەك لە نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "كۆی پارێزگاكە بۆ كورسی كۆتا هەژمارناكرێت، ئەگەر هەموو كورسییەكانی بازنەی یەك و دوو ژن بێت، هێشتا دەبێت لە بازنەی سێ ژنێك بە كورسی كۆتا بڕوات، چونكە یاسای هەڵبژاردن كۆتای بۆ بازنەكان داناوە نەك لەسەر ئاستی تەواوی پارێزگاكە".

halbjardn-2
خشتەی دابەشبونی كورسییەكان لە پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین

لە بارەی رەخنەی لایەنەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە كەركوك، سەرچاوەكە وتی "رەخنە و گلەیی هەر دەبێت بەتایبەت ئەوانەی ئەنجامەكانیان بەدڵ نییە... كێشەی پەنجەمۆر لە هەموو عیراق هەبوو".

وتیشی "هەژماركردنەوەی دەستی هەموو دەنگەكان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و دەبێت لە بەغداوە بڕیار بدرێت... ئەوەش ئەگەرێكی زۆر زۆر قورسە و فەوزای بەدواداێت لەكاتێكدا ئەنجامەكان بە دەستی و ئەلكترۆنی پێشتر ئەزمونكراون و هاوتا بون".

بەڵام درەنگانێكی شەوی رابردوو 22 تشرینی یەكەم، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تاوتوێی 295 تانەی كرد كە لەلایەن كاندید و حزبەكانی بەشدار لە هەڵبژاردن پێشكەشی كۆمسیۆن كرابوو و بڕیاردرا 294 تانەی رەتبكرێتەوە، تەنیا یەك تانەی قبوڵكرا كە تایبەتە بە چەند وێستگەیەكی پارێزگای كەركوك و بڕیاردا "بەدەستی هەژماربكرێنەوە، ئەوەش لەبەر بونی بەڵگەی پێویست".

 

لایەنە كوردییەكانی كەركوك كە بە براوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عیراق لەو پارێزگایە دادەنرێن، بەهیچ شێوەیەك ئەنجامەكانیان رەتنەكردۆتەوە، هەرچەندە بەر لە پرۆسەكە هەندێكیان گلەیی و ناڕەزاییان هەبوو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT