ئەفسەرێك و 29 پۆلیسی كەركوك بۆ سنور دەگوازرێنەوە

كەركوك/ 2020/ بازگەیەكی كاتی هێزەكانی پۆلیس لەكاتی جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ و رێكارەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆنا فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك، بڕیارە راژەی ئەفسەرێك و 29 پۆلیس بگوازێتە بۆ سەر فەرماندەیی هێزەكانی سنور، ئەوەش بەبڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق كە هێشتا وادەی جێبەجێكردنی نادیارە.

بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ، هەفتەی رابردوو گەیشتۆتە فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك بۆ ئامادەكاری گواستنەوەی راژەی ئەفسەر و پۆلیسەكان، بەڵام دواتر بە نوسراوێك داواكراوە لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەدا چاوەڕێبكەن، بێ ئەوەی هیچ وادەیەك دابنرێت.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو بڕیارە هەموو بنكە و بەشەكانی فەرماندەیی پۆلیس دەگرێتەوە لە حەویجە، ریاز، رەشاد و ناوچەكانی تری كەركوك"، هەروەها وتیشی بڕیارەكە تەنیا بۆ كەركوك نییە، بەڵكو لە هەموو پارێزگاكانەوە پۆلیس و ئەفسەر دەگوازرێنەوە بۆ سەر سنور.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت ئەفسەر و كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری سوێندیان خواردووە پارێزگاری لە خاكی وڵات بكەن لە باكورەوە تا باشور، بۆیە وەك سلكی سەربازی و ئەمنی هەر بڕیارێك بدرێت جێبەجێیدەكەن.

لە بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ هۆكاری ئەو گۆڕانكارییە روننەكراوەتەوە.

سەرچاوەیەكی دیكەی ئەمنی لە فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت ئەو ئەفسەر و پۆلیسانەی بڕیاربووە بگوازرێنەوە مامەڵەكانیان تەواو كردووە و دەبوو پێنجشەممەی رابردوو بخرێنە سەر پاسەوانی سنور، بەڵام بڕیارێكی دیكە گەیشتۆتە پۆلیس و داوادەكات چاوەڕێ بكەن، ئیتر نازانین بڕیاری گواستنەوەكە بە تەواوی هەڵدەوەشێنرێتەوە یان لە ئایندەدا كاری پێدەكرێت".

سەرچاوەكە ئەوەشی رونكردەوە پێشتر و لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆ، ژمارەیەك ئەفسەر و پۆلیس دیاریكراون بۆ بەشداری لە راهێنانی جەستەیی و پەرەپێدانی تواناكانیان، ئەوەش تەنیا لە كەركوك نەبووە و لە هەموو پارێزگاكانەوە بەشداربون.

هێزەكانی پاسەوانی سنور سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراقە و ئەركەكانیان لە ناوچە سنورییەكاندایە، پۆلیسی ناوخۆیی كەركوكیش لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا بە هاوبەشی چەند هێزێكی تر دۆسیەی ئەمنی ناوشارەكانیان بەدەستەوەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT