لە فێستیڤاڵی میدیایی ئەسواتونا-دا
دوو دەزگای راگەیاندن و ژمارەیەك لە رۆژنامەنوسان خەڵاتكران

كەركوك/یەكی تشرینی دووەمی 2021/ دیمەنێك لە فێستیڤاڵی میدیایی ئەسواتونا كە لەلایەن رێکخراوی ئینتەرنیوزی نێودەوڵەتییەوە رێكخرابوو، فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

(كەركوك ناو) خەڵاتی باشترین راگەیاندنی گەشەكردوو لەسەر ئاستی عیراق بۆ ساڵی 2019 – 2020 دەباتەوە، ئەوەش لە میانەی فێستیڤاڵی میدیایی ئەسواتونا كە لەلایەن رێکخراوی ئینتەرنیوزی نێودەوڵەتییەوە رێكخرابوو؛ بۆ ساڵی 2020 – 2021یش رۆژنامەی نەوژین كە كار لەسەر پرسەكانی ژنان دەكات بووە براوەی یەكەم.

فێستیڤاڵی میدیایی ئەسواتونا كە دووشەممە یەكی تشرینی دووەم لە هەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا جگە دابەشكردنی خەڵاتی باشترین راگەیاندنی گەشەكردوو لەسەر ئاستی عیراق بۆ دوو ساڵی رابردوو، كە درا بە دوو دەزگای راگەیاندن، هاوكات ژمارەیەك راگەیاندنكاری مێینەش لەپای بەرهەمە رۆژنامەوانییەكانیان خەڵاتكران.

فێستیڤاڵەكە كە لەلایەن رێكخراوی ئینتەرنیوزەوە رێكخرابوو کە تیایدا ژمارەیەك پانێڵ، گفتوگۆ و توێژینەوە لەسەر پرسە جێندەرییەكان لە دەزگاكانی راگەیاندن و گرفتەكانی بەردەم ئازادی رادەربڕین و بەربەستەكانی بەردەم راگەیاندنكارانی مێینە بەڕێوەچوو.

ڤیدیۆ: دیمەنێك لە فێستیڤاڵی میدیایی ئەسواتونا.

(کەرکوک ناو) بۆ ساڵی 2019 – 2020و رۆژنامەی نەوژین بۆ ساڵی 2020 – 2021 وەك باشترین راگەیاندنی گەشەکردوو لەسەر ئاستی عیراق دەستنیشانكران، ئەوەش لەپای بایەخدانیان بە روماڵی پرسەکانی ژن و پرسە جێندەرییەکانی کۆمەڵگە.

هاوکات شەش راگەیاندنكاری مێینەش خەڵاتیان پێدرا کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا باشترین روماڵی نیشتیمانییان بۆ پرسی مافەکانی ژنان كردووە.

"لە رێی ئەم خەڵاتەوە، رێکخراوی ئینتەرنیوز هەوڵ بۆ هاندان و پێشخستنی بەرهەمهێنانی بابەت و ناوەڕۆکی میدیایی دەدات لەسەر بنەمای پرسە جێندەرییە هەستیارەکان و خستنەڕوو و روماڵی ئەو پرسانەی کە پەیوەندیان بە مافەکانی ژنانەوە هەیە"، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکی ئینتەرنیوز.

xalatt.jpeg
كەركوك/یەكی تشرینی دووەمی 2021/ (كەركوك ناو) و رۆژنامەی نەوژین، وەكو دوو باشترین راگەیاندنی گەشەكردوو لەسەر ئاستی عیراق خەڵاتكران. فۆتۆ: كەركوك ناو

لێپرسراوانی رێكخراوی ئینتەرنیوز لە فێستیڤاڵەكەدا، بەڵێنیاندا پاڵپشتی زیاتری میدیاكاران بكەن بۆ پێشخستنی كارەكانیان و گەشەكردنی راگەیاندنكارانی مێینە لە سەرتاسەری عیراق، هەروەك چۆن لە ساڵی 2012ەوە لە عیراق بەو شێوازە كاردەكەن.

KirkukNow لە نیسانی 2011دا وەک ئاژانسێکی هەواڵی ئۆنلاین دەستبەکاربوو، تاکە دەزگای میدیاییە کە روماڵی پەرەسەندنەکان دەکات لە ناوچەکانی جێناکۆکی عیراق و بە هەرسێ زمانە سەرەکییەکەی ئەو ناوچانە – عەرەبی، کوردیی و تورکمانی- هەروەها بە زمانی ئینگلیزیش بەرهەمە رۆژنامەوانییەكانی بڵاودەكاتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT