لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا لە كەركوك
سێ كەس برینداربون و گرژیی و ئاڵۆزی بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە

كەركوك، دیمەنێكی ناوەندی شار فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

سێ كەس لە شەڕی نێوان دوو بنەماڵەی كەركوكدا برینداربون، ئەوەش بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە، گرژیی و ئاڵۆزی نێوان ئەو دوو بنەماڵەیە بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە كە بریندارەكان لەوێ چارەسەریان وەردەگرت.

ئەو شەڕە شەوی رابردوو 4ی تشرینی دووەم لە گەڕەكی عروبەی كەركوك رویدا و بەهۆیەوە سێ كەس برینداربون.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك – بریندارەكان لەوێ چارەسەر وەردەگرن- بە (كەركوك ناو)ی وت "کاتژمێر 10ی شەو سێ کەس بە برینداری گەیەنرانە نەخۆشخانە کە لەئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەدا برینداربون".

"دوای ئەوەی دوو بنەماڵە بەشەڕهاتووەکە بریندارەکانیان گەیاندە نەخۆشخانەی كۆماری، لەوێ دیسانەوە گرژیی و ئاڵۆزی دروستبوو و چەك بەكارهێنرا و تەقە بەئاسماندا کرا، دواتر ئەو هێزە ئەمنییه تایبەتەی كە لە چواردەوری نەخۆشخانەکە جێگیرکرابون بەهاوکاری پۆلیسی نەخۆشخانەکە ئەو کەسانەیان دەستگیر کرد و رەوانەی بنکەی پۆلیسی قۆریەیان كردن".

سەرچاوەكە وتی كە هیچ كارمەندێكی نەخۆشخانە لەو شەڕەدا نەكراونەتە ئامانج و وتی "تەندروستی بریندارەكانیش جێگیرن و برینداربونەكەیان بە گولـلە نەبووە".

هیچ كارمەندێكی نەخۆشخانە لەو شەڕەدا نەكراونەتە ئامانج

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بنکەی پۆلیسی عروبە بە (کەرکوک ناو)ی وت، "کاتژمێر 10:15 زانیاریمان پێگەیشت کە شەڕێک لە گەڕەکی عروبە رویداوە و دەستبەجێ مەفرەزەکان بنکەی عروبە گەیشتنە شوێنی روداوەکە و دەرکەوت شەڕەكە لە نێوان دوو بنەماڵەدا رویداوە و هەر ئەوكات بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە گوازرانەوە".

"دوای گەیشتنی کەسوکاری بریندارەکان دوبارە لەناو نەخۆشخانەکە گرژیی و ئاڵۆزی سەریهەڵداوەتەوە و لەبەردەم نەخۆشخانەش تەقەیان بەئاسماندا كردووە، بەڵام لەلایەن پۆلیسی فریاکەوتن و پۆلیسی نەخۆشخانەکەوە دەستگیركراون".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT