"ئەبو قەتادە" كێ بوو؟
ئامر قەناسەكەی داعش لە بۆسەیەكدا لە كەركوك كوژرا

كه‌ركوك/ 2021/ ئۆپه‌راسیۆنێكی هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌ سنوری ره‌شاد فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

یاسین مەلا شوكر ناسراو بە "ئەبو قەتادە"، لێپرسراوی نیشانشكێنەكانی داعش لە پارێزگای كەركوك لە بۆسەیەكی هێزە ئەمنییەكانی عیراقدا كوژرا، ناوبراو برای "ئەبو عوبێد" لێپرسراوی كەرتی داقوقی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) بوو.

"ئەبو قەتادە" لە شەوی 12ی تشرینی دووەم لە بۆسەیەكی سوپای عیراقدا لە وادی شای لە سنوری قەزای داقوق كوژرا، ئەوەش بەپێی وەزارەتی بەرگری عیراق كە تیایدا هاتووە "بەپێی زانیاری ورد و هەواڵگری، هێزەكانی سوپای عیراق توانیویانە ئامر مەفرەزەكەی داعش بكوژن و دوو چەكداری تری داعش بریندار بكەن، ئەوەش لە بۆسەیەكی تۆكمەدا لە ناوچەی ئەلبو محەمەد لە وادی شای لە پارێزگای كەركوك".

بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان كە دراون بە (كەركوك ناو)، یاسین مەلا شکور "ئەبو قەتادە"، دانیشتوی گوندی خاشەی سنوری قەزای داقوق بوو (44كم باشوری كەركوك)، ناوبراو لێپرسراوی نیشانشكێنەكانی داعش بووە لە پارێزگای كەركوك.

da3sh-4
كەركوك/ 11ی ئەیلولی 2021/ شوێنی مانەوە و خۆحەشاردانی داعش لە ناوچەیەكی رەشاد فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

"ئەبو قەتادە برای ئەبو عوبێدە، كە لێپرسراوی ئەمنی كەرتی داقوقی داعش بووە و لە ساڵی 2017دا لە بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان كوژراوە"، سەرچاوەیەك لە هەواڵگری كەركوك وای بە (كەركوك ناو) وت.

جەختیشیكردەوە "قەتادە دەستی هەبووە لە بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەكانی عیراق بەتایبەت لەڕێی چەكی قەناسەوە".

لە 28ی تشرینی یەكەم، سەرچاوەیەكی ئەمنی بە (كەركوك ناو)ـی وت "چەكدارانی داعش بە چەكی جۆری قەناس تەقەیان لە هێزەكەی سوپا كردووە لە سنوری داقوق و بەهۆیەوە سەربازێك بەناوی كەرار موحسین لە لیوای 45 شەهید بووە و هەمان شەو هەر بە چەكی قەناس پۆلیسی فیدراڵیشان كردە ئامانج و یەكێك لە پۆلیسەكانیان شەهید كرد".

فەریق روكن عەلی فرێجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، بەرەبەیانی 12ی تشرینی دووەمی 2021، لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە كە هێزەكانیان لە بۆسەكدا توانیویانە "ئەبو قەتادە" ئامر مەفرەزەی قەناسی داعش لە پارێزگای كەركوك بكوژن، هەر لەو بۆسەیەدا یەكێكی تر برینداربكەن.

تەرمی "ئەبو قەتادە"، كەوتە دەست هێزە ئەمنییەكانی عیراق و بەپێی دەزگای هەواڵگری ناسراوەتەوە، بەڵام (كەركوك ناو) لەبەر نەشیاوی وێنەكەوە بڵاوكردنەوەی راگرت.

 ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەكانی كەركوك لە باشوری قەزای داقوق. سەرچاوە: راگەیاندنی هێزە ئەمنییەكان

رۆژێك دوای روداوەكە، لە 13ی تشرینی دووەم، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، رێزلێنانی بەخشییە ئەو مەفرەزەیە كە توانویانە "ئەبو قەتادە" لە بۆسەیەكدا بكوژن.

هاوكات دووشەممە 15ی تشرینی دووەم، هێزە ئەمنییەكانی عیراق توانیان، دوو چەكداری تری داعش بكوژن، ئەوەش لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە چەمی رۆخانە لە قەزای داقوق و دوای گەمارۆدانیان.

سەرچاوەیەكی (كەركوك ناو)، وتی "یەكێك لە داعشەكان كوژراوە، ئەوەی تر دوای ناچاربون و گەمارۆدانی پشتێنی بۆمبڕێژكراوی پێبووە و خۆی تەقاندۆتەوە". بەڵام وتی "ناسنامەی ئەوان جارێ نەناسراونەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT