فەرمانگەكانی كەركوك:
ڤاكسین وەربگرە و مامەڵەكەت رایی بكە

كەركوك/ 23ی تشرینی دووەمی 2021/ پۆلیس لە كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك رێگەنادات هیچ كەسێك بەبێ ڤاكسین بچێتە ژورەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

"بەڕێز كوا كارتی كوتانەكەت؟"، ئەو پرسیارە لە هەموو ئەو كەسانە دەكرا كە بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان سەردانی فەرمانگەكانی كەركوكیان دەكرد، هەركەسێك كارتەكەی پێنەبوایە دەبوو لەوێ خۆی بكوتێ، یان بۆ ماڵ بگەڕایاتەوە.

ئیدارەی كەركوك گشتاندنی بۆ هەموو فەرمانگەكانی كردووە ئەو هەنگاوە جێبەجێ بكەن، لە پێناو رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگاكە. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە بڕیارەكە بە فراوانی لە فەرمانگەكان چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

عەباس سەعید (56ساڵ)، لە گوندێكی ناحیەی ریاز سەر بە قەزای حەویجەوە، هاتبووە كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە كەركوك بۆ راییكردنی كارەكانی، بەڵام یەكەم پرسیار لەبەردەم دەرگای كۆمپانیا كە روبەڕوی كرایەوە ئەوە بوو "كوا كارتی كوتانەكەت؟".

عەباس وتی "خۆم نەكوتاوە، سوێند دەخۆم كۆرۆنام نییە، رێگایەكی دورم بڕیوە، رێگەم بدەن ئیشێكی بچوكم هەیە با مامەڵەكەم تەواو بكەم"، پۆلیسەكان وتیان بڕیاری پارێزگارە و ئەگەر بەبێ كارتی كوتان بچیتە ژورەوە، ئێمە روبەڕوی لێپێچینەوە دەبینەوە.

ئەگەر بەبێ كارتی كوتان بچیتە ژورەوە، ئێمە روبەڕوی لێپێچینەوە دەبینەوە

"تەنیا ئەمجارە ئیزنم بدەن، چوار مانگە هاتوچۆی ئێرە دەكەم"، پۆلیسەكان وتیان دەتوانیت هەر لێرە خۆت بكوتیت و ڤاكسین وەربگریت.

عەباس هەندێك سەری باداو وتی "باشە خۆم دەكوتم".

ئەم رێگرییە لە چونە ژورەوە بەبێ ڤاكسین، رۆژی 23ی تشرینی دووەم روبەڕوی هەموو ئەو كەسانە بۆوە كە مامەڵەیان لە كۆمپانیای خۆراك هەبوو، كە یەكێكە لە قەرەباڵغترین فەرمانگەكانی كەركوك.

farmangaa
كەركوك/ 23ی تشرینی دووەمی 2021/ تیمێكی تەندروستی لەناو كۆمپانیای دابەشكرنی خۆراك ڤاكسین بە هاوڵاتیان دەدەن. فۆتۆ: كەركوك ناو

فۆرمێكیان بۆ عەباس سەعید پڕكردەوە و قۆڵی هەڵكرد و ڤاكسینی جۆری فایزەری ئەمریكی هەر لەناو كۆمپانیا وەرگرت، بەو شێوەیە چووە ژورەوە بۆ راییكردنی مامەڵەكانی.

تەندروستی كەركوك لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە تیمی پزیشكی تایبەت بە پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنای لەناو هەموو فەرمانگەكانی كەركوك جێگیركردووە.

ئیدارەی كەركوكیش پۆلیسی ناوخۆیی لەناو فەرمانگەكان جێگیركردووە بۆ چاودێری بڕیارەكە.

تەنیا لە كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە ماوەی كاتژمێرێكدا لە 23ی تشرینی یەكەم، لانیكەم 20 كەس ڤاكسینیان وەرگرت.

عەباس وتی "پێشتر زۆر دەترسام، دەیانوت ڤاكسین باش نییە و توشی نەخۆشیت دەكات، بەڵام ئەوا خۆم كوتا بزانم چی دەبێت".

پێشتر زۆر دەترسام، دەیانوت ڤاكسین باش نییە و توشی نەخۆشیت دەكات، بەڵام ئەوا خۆم كوتا بزانم چی دەبێت

ئەو ترسە لەكاتێكدایە، ناوەندەكانی تەندروستی ناوخۆیی و جیهانی، لەوانەش رێكخراوی تەندروستی جیهانی چەند جارێك جەختیكردۆتەوە لەوەی كە وەرگرتنی پێكوتە هیچ زیانێكی تەندروستی نییە، بەپێچەوانەوە بەرگری دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا زیاد دەكات.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق، تا 23ی تشرینی دووەم، 297 هەزار كەس لە پارێزگای كەركوك ڤاكیسینیان وەرگرتووە. بەو پێیە تائێستا  لەسەدا 17ی دانیشتووانی پارێزگاكە ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە. لەكاتێكدا ئەو ئامارە لە 28ی تشرینی یەكەم لەسەدا 14.3 بوو.

تەنیا رۆژی 23ی تشرینی دووەم نزیكەی پێنج هەزار كەس لە كەركوك ڤاكسینەكەیان پێدراوە.

دەستپێكردنی ئەم هەوڵەی ئیدارەی كەركوك، لەكاتێكدایە لە 22ی ئابی 2021 راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت فەرمانگە حكومییەكانی ئاگاداركردەوە لەوەی لە 1ی ئەیلولی ئەمساڵەوە هەر فەرمانبەرێك، یان هاوڵاتییەك مەرجە بۆ چونە ناو فەرمانگەكان كارتی وەرگرتنی ڤاكسینی پێبێت.

"بەپێچەوانەوە پێویستە پشكنینی كۆرۆنای پێبێت كە توشی ڤایرۆسەكە نەبووە، ئەو پشكنینەش بۆ هەفتەیەكە و پێویستە دواتر پشكنینی دیكە بكات"، بەپێی نوسراوەكە.

ئەو نوسراوە پاڵپشت بوو، بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كە لە حوزەیرانی 2021 ولەسەر راسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بە ئامانجی دروستكردنی بەرگری دژی كۆرۆنا، وەرگرتنی ڤاكسین یان پشكنینیان كردۆتە مەرج.

بەپێی بڕیارەكان تەنیا ئەو كەسانە لە بڕیارەكەدا دەبەخشرێن كە بە راپۆرتی پزیشكی دەیسەلمێنن ناتوانن ڤاكسین وەربگرن یان سێ مانگ بەسەر توشبونیان بە كۆرۆنا تێپەڕ نەبووە.

شەوگار خالید (29ساڵ)، سەرەتای ئەم هەفتەیە سەردانی بنكەیەكی تەندروستی كردووە لە كەركوك، بۆ بەشی چاودێری دووگیان، بەڵام رێگەیاننەداوە بچێتە ناو بنكەكەوە، چونكە شەوگار ڤاكسینی كۆرۆنای وەرنەگرتووە.

شەوگار وتی "گەڕامەوە ماڵ، لەگەڵ كوتاندا نیم و دەڵێن باش نییە، بەڵام هەر ناچارم و دەچم ڤاكسین وەردەگرم".

بڕیارەكانی ئیدارەی كەركوك، تەواوی ناوەندەكانی خوێندن، زانكۆ و پەیمانگەكان دەگرێتەوە و هەركەسێك لە سەروی 12 ساڵانەوە بێت دەبێت ڤاكسینەكە وەربگرێت.

هیوا عەزیز (43ساڵ)، دوو منداڵی لە قۆناغی ناوەندی دەخوێنن، وتی "لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە بەڕێوەبەری خوێندنگەكە بە خوێندكارەكانیان وتووە، یان دەبێت كارتی كوتان بهێنن، یان دەبێت هەموو هەفتەیەك پشكنینی كۆرۆنا بكا و ئەنجامەكەی بباتەوە بۆ خوێندنگە".

سەباح نامیق، لێپرسراوی بەشی تەندروستی لە سەرۆکایەتی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک لە 17ی تشرینی دووەم بە (کەرکوک ناو)ی وت "تیمی گەڕۆکمان دروستکردووە، لە قوتابخانەکانەوە دەستپێدەکەین هەر قوتابییەک تەمەنی سەروو 12 ساڵان بێت بە ڤاكسین دەیكوتین... پاش ئەو هەنگاوە بڕیارە هەڵمەتی دەرگا بە دەرگا دەستپێبكەین، بۆ پێدانی پێکوتە بە هاوڵاتیان".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT