ناوچەكانی جێناكۆك دۆخیان بەرەو باشتر دەڕوات
وەرگرانی ڤاكسین لە بەسرا زۆرترین و لە سلێمانی كەمترینە

كه‌ركوك/ 2021/ ئاماده‌كردنی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێی سرنج و له‌ شانه‌وه‌ له‌ هاوڵاتی بدرێت فۆتۆ: ته‌ندروستی كه‌ركوك

كەركوك ناو

لە ماوەی مانگی رابردودا ملیۆنێك و 570 هەزار هاوڵاتی عیراقی ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە، لە ناوچەكانی جێناكۆك لەو مانگەدا رێژەكە لە نێوان لەسەدا سێ بۆ لەسەدا پێنج بەرزبۆتەوە، لە بەسرە لەسەدا شەش و لە پارێزگای سلێمانیش تەنیا لەسەدا دوو زیادیكردووە.

(كەركوك ناو) لەم راپۆرتەدا پشتی بە ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق و دەزگای ناوەندی ئامار بەستووە و تیایدا باس لە ژمارەی دانیشتووان و رێژەی سەدی ئەوانەی ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە دەكات.

لە تەواوی عیراق، تا 28ی تشرینی دووەم 7 ملیۆن و 363 هەزار و 74 كەس ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە، كە دەكاتە لەسەدا 17.7ی كۆی دانیشتووان.

ژمارەی دانیشتووانی عیراق بەپێی خەمڵاندنی دەزگای ناوەندی ئامار سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عیراق 41 ملیۆن و 190 هەزار و 658 كەسە بۆ ساڵی 2021. ئەوەش لەكاتێكدا رێژەی كوتان مانگێك لەمەوبەر لە تەواوی عیراق لەسەدا 14 بوو.

 

پارێزگای كەركوك

لە پارێزگای كەركوك، تا 28ی تشرینی دووەم، 308 هەزار و 362 كەس ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە كە دەكاتە لەسەدا 17.8 ئەوەش لەكۆی ملیۆنێك و 726 هەزار و 409 كەس لە دانیشتووانی پارێزگاكە.

ئەم رێژەیە لە مانگی تشرینی یەكەمدا تەنیا لەسەدا 14.3 بوو، واتە لەو مانگەدا رێژەی ئەوانەی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە بۆ زیاتر لەسەدا سێ بەرزبۆتەوە.

vaccin-2
كەركوك/ 23ی تشرینی دووەمی 2021/ پۆلیس لە كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك رێگەنادات هیچ كەسێك بەبێ ڤاكسین بچێتە ژورەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

پارێزگای نەینەوا

تا 28ی تشرینی یەكەم، لە پارێزگای نەینەوا تەنیا لەسەدا 10.8ی دانیشتووانەكەی ڤاكسینكەیان وەرگرتبوو، بەڵام تا 28ی تشرینی دووەم رێژەكە بۆ لەسەدا 14.2 بەرزبۆتەوە.

لەو پارێزگایە لە كۆی چوار ملیۆن و 30 هەزار و شەش كەس، تا ئێستا 572 هەزار و 788 كەس ڤاكسینەكەیان لە خۆیانداوە.

پارێزگای دیالە

رێژەی لەسەدا 20.6ی دانیشتووانی پارێزگای دیالە تا 28ی تشرینی دووەم ڤاكسینی دژە كۆرۆنایان وەرگرتووە، كە 365 هەزار و 82 كەس دەكات، لە كۆی ملیۆنێك و 768 هەزار و 920 كەس. ئەوەش زۆرترین رێژەیە لە ناوچەكانی جێناكۆك.

ئەو رێژەیە لە 28ی تشرینی یەكەم تەنیا لەسەدا 16.3 بوو.

پارێزگای سەڵاحەدین

لە كۆی ملیۆنێك و 723 هەزار و 546 كەس، 349 هەزار و 706 كەس لە سەڵاحەدین ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە، كە لەسەدا 20.2 دەكات.

سەڵاحەدین لە ماوەی مانگی رابردودا نزیكەی لەسەدا پێنج-ی رێژەی پێدانی ڤاكسینی بەرزكردۆتەوە، ئەوەش زۆرترینە لە ناوچەكانی جێناكۆكدا لە ماوەی مانگێكدا.

لە 28ی تشرینی یەكەم لەو پارێزگایە ئەوانەی ڤاكسینیان وەرگرتبوو تەنیا لەسەدا 15.4.

بەغدا و هەولێر

لە پارێزگای بەغدا رێژەی ئەوانەی تا 28ی تشرینی دووەم ڤاكسینی كۆرۆنایان پێدراوە، دەگاتە لەسەدا 20.3 بەڵام لە هەولێر دەگاتە 15.1ە.

لە ماوەی مانگی رابردودا، بەغدا لەسەدا چواری رێژەكەی بەرزكردۆتەوە (لەسەدا 16.5 بۆ لەسەدا 20.3)، بەڵام لە هەولێر تەنیا لەسەدا سێی زیادكردووە (لەسەدا 12.2 بۆتە لەسەدا 15.1).

لە بەغدا لە كۆی 8 ملیۆن و 780 هەزار و 422 كەس، ملیۆنێك و  788 هەزار و 449 كەس ڤاكسینەكەیلن وەرگرتووە.

لە هەولێر لە كۆی دوو ملیۆن و  30 هەزار و  963 كەس، 304 هەزار و 571 كەس ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە.

بەسرا و سلێمانی

بەپێی ئەو حەوت پارێزگایەی (كەركوك ناو) ئامارەكانی وەرگرتووە، پارێزگای بەسرا زۆرترین رێژەی سەدی لە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنای تۆماركردووە، كە دەگاتە لەسەدا 24، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی كەمترین رێژە تۆماركراوە كە لەسەدا 11.5ە.

بەسرە لە كۆی سێ ملیۆن و 142 هەزار و 449 كەس، 758 هەزار و 253 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە. بەڵام لە پارێزگای سلێمانی لەكۆی دوو ملیۆن و 336 هەزار و 191 كەس، 268 هەزار و 878 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە.

لە مانگی رابردودا رێژەی سەدی ئەوانەی ڤاكسینەكەیان لە سلێمانی وەرگرتبوو، لەسەدا 9.4 بوو، ئەم مانگە بۆتە لەسەدا 11.5، واتە لەم مانگەدا بەراورد بە حەوت پارێزگاكەی تر سلێمانی كەمترین رێژەی سەدی بەرزكردۆتەوە.

مانگی رابردوو لە پارێزگای بەسرە رێژەی سەدی ئەوانەی پێكوتەكەیان پێدرابوو لەسەدا 18.1 بوو، ئێستا بۆتە لەسەدا 24، ئەوەش بەرزترین رێژەیە لەم مانگەدا زیادیكردووە لە كۆی ئەو هەشت پارێزگایەی (كەركوك ناو) وەكو نمونە وەریگرتووە.

كوتانی ناچاریی لە عیراق

زیادبونی رێژەی كوتان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەم مانگەدا و لە پارێزگاكانی عیراق بەروارد بە پارێزگاكانی هەرێم، لەكاتێكدایە حكومەتی عیراق لە حوزەیرانی 2021 و لەسەر راسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بە ئامانجی دروستكردنی بەرگری دژی كۆرۆنا، وەرگرتنی ڤاكسین یان پشكنینیان كردۆتە مەرج بۆ فەرمانبەران و ناوەندەكانی خوێندن، بەڵام بەگشتی لە مانگی رابردودا بڕیارەكان بەچڕی چونە بواری جێبەجێكردنەوە.

هاوكات یەكە ئیدارییەكان و پارێزگاكانی عیراق، جگە لە هەرێمی كوردستان، گشتاندنیان بۆ تەواوی فەرمانگە و ناوەندەكانی خوێندن كرد و ڤاكسینیان كردە مەرج بۆ بەردەوامی لە خوێندن و رایكردنی كاروباری هاوڵاتیان لە فەرمانگەكاندا.

بۆ نمونە لە 22ی ئابی 2021 راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت فەرمانگە حكومییەكانی ئاگاداركردەوە لەوەی لە 1ی ئەیلولی ئەمساڵەوە هەر فەرمانبەرێك، یان هاوڵاتییەك مەرجە بۆ چونە ناو فەرمانگەكان كارتی وەرگرتنی ڤاكسینی پێبێت.

"بەپێچەوانەوە پێویستە پشكنینی كۆرۆنای پێبێت كە توشی ڤایرۆسەكە نەبووە، ئەو پشكنینەش بۆ هەفتەیەكە و پێویستە دواتر پشكنینی دیكە بكات"، بەپێی نوسراوەكە.

بەپێی بڕیارەكان تەنیا ئەو كەسانە لە بڕیارەكەدا دەبەخشرێن كە بە راپۆرتی پزیشكی دەیسەلمێنن ناتوانن ڤاكسین وەربگرن یان سێ مانگ بەسەر توشبونیان بە كۆرۆنا تێپەڕ نەبووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT