بۆشایی ئەمنی؛ داعش لە ناوچەكانی جێناكۆك زیندودەكاتەوە

كه‌ركوك، 2020، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی شێخ بزێنی ناحیه‌ی شوان فۆتۆ: كەركوك ناو

محەمەد فەیاز

چەكدارانی (دەوڵەتی ئیسلامی – داعش) كەم رۆژ هەیە هێرش نەكەنە سەر خاڵە سەربازییەكان لە ناوچەكانی جێناكۆك، بەهۆی بۆشایی زۆری ئەمنی و نەبونی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی، لەكاتێكدا چوار ساڵە كۆتاییهاتنی داعش لە عیراق راگەیەندراوە.

دوایین هێرشەكانی داعش لە میحوەری كفری (باكورى پارێزگای ديالە) بوون، لە 27 تا 29ـی تشرینی دوەمی 2021 هێزەكانی پێشمەرگەیان لە سێ هێرشدا كردە ئامانج و بەوهۆیەوە، هەشت پێشمەرگە بە فیشەك و بۆمبی چێنراو گیانیانلەدەستدا.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لە ماوەی تەنیا یەك هەفتەی رابردودا، لانیكەم 10 روداوی ئەمنی و هێرشی چەكداری لە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك تۆماركراون كە بەپێی راگەیەندراوی هێزە ئەمنییەكان، ئەنجامدەرانیان لە ریزەكانی داعشدا بون.

"ئەو ناوچانە بۆشایی ئەمنی گەورەی تێدایە لە نێوان هێڵەكانی بڵاوبونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە خانەقین (دیالە) و سنوری ئێرانەوە تا ناوچەی سحێلە (نەینەوا) لە سنوری سوریا، كە ئەو سنورەش لە نێوانیاندا بە درێژایی 560 كیلۆمەترە" بەوتەی جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (كەركوك ناو).

ئەو دەڵێت كێشەی سیاسی و فشاری سیاسی رێگرە لە بڵاوبونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە هاوشانی سوپای عیراق لە ناوچەكانی ماددەی 140ـی دەستور یان ناسراو بە ناوچەكانی جێناكۆك یاخود "وەك ئێمەی سەربازی لەگەڵ برایانی سوپا بە ناوچەی گرنگیپێدانی هاوبەش ناوی دەبەین".

peshmargak-1
كفری/ 28ی تشرینی دووەمی 2021/ هەمەرێكی سەربازی كە حەوت پێشمەرگەی تیابووە بە بۆمبی چێنراو تەقێنرایەوە و بەهۆیەوە پێنجیان بە سوتان گیانیانلەدەستدا. وێنەكە لە سۆسیال میدیاوە وەرگیراوە

لە دوای هێرشەكانی چەند رۆژی رابردوی قەزای كفری، لێپرسراوانی باڵای كورد لە نێویاندا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و سەركردەی یەكەمی ژمارەیەك لە حزبە سیاسییەكانیش جارێكیتر داوایانكرد سوپای عیراق و پێشمەرگە هەماهەنگی بكەن بۆ نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لە ناوچەكانی جێناكۆك.

"بۆشایی ئەمنی بەرفراوان لە هەندێك ناوچە بە تایبەت لە پارێزگاكانی دیالە، كەركوك، سەڵاحەدین و هەولێر هەن، ئەوەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای فیدراڵیدایە، هەندێكیان بە قوڵی 40 كیلۆمەتر و درێژایی 20 كیلۆمەترە، بۆیە بوون بە حەشارگەیەكی ئارام بۆ تیرۆریستانی داعش" یاوەر وای وت.

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە رونیكردەوە داعش لەو بۆشاییە ئەمنییانەدا جگە لە خۆحەشاردان، دەتوانن راهێنان بكەن، چەك و تەقەمەنی هەڵبگرن، بچنە گوندەكانی ئەو ناوچانە و پەیوەندی بە خەڵكەوە بكەن و فشاریان بخەنە سەر تا ببنە شانەی نوستوی داعش.

جموجۆڵەكانی داعش لە ناوچەكانی جێناكۆك كە چەند ساڵێكە بەردەوامە و دوبارە دەبنەوە، لەكاتێكدایە حكومەتی فیدراڵی عیراق لە مانگەكانی كۆتایی 2017ـدا كۆتاییهاتنی ئەو رێكخراوە چەكدارییەیان لە وڵاتدا راگەیاند و رۆژێكیشیان وەك جەژنی سەركەوتن دیاریكرد.

لیوا تارق عەسەل، پسپۆڕی سەربازی پێیوایە ئەگەر هێرش بۆ ناوچەكانی جێناكۆكیش نەبوایە، هەر هەماهەنگی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی فیدراڵی پێویست بون لە پێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامیدا، بەوپێیەی هێزەكانی فیدراڵی توانای زیاتری چەك و كەرەستەی سەربازیی و پاڵپشتی ئاسمانییان هەیە.

بۆشایی ئەمنی لە هەندێك شوێن بە قوڵی 40 كیلۆمەتر و درێژایی 20 كیلۆمەترە

عەسەل بە (كەركوك ناو)ـی وت هەموان وەك یەك لەلایەن داعشەوە روبەڕوی هەڕەشە بونەتەوە، چونكە لە حەمرین و كەركوك بە تایبەت حەویجە و نزیكی دوبز و زاب و ناوچەكانی نزیكی سنوری هەولێر هەن، "داعش لەو ناوچانەدایە كە گرد و تەپۆلكەی تێدایە و پلانی ئەمنی باشی بۆ ئامادەنەكراوە تا كۆنتڕۆڵبكرێت هاوشێوەی ئەو پلانە كۆنانەی هەبون".

هەروەها رونیكردەوە ئەگەر ئاسایش و سەقامگیری بۆ هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە دابینبكرێت ئەوا هەر لەڕێی ئەوانەوە دەتوانن ئارامی بپارێزن، بەڵام بەو پلانە ئەمنییەی ئێستا هەیە، هێرشە چەكدارییەكان بەردەوام دەبن، لە هەموو حاڵەتێكیشدا هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزەكانی فیدراڵی هەر پێویستییە، تەنانەت ئەگەر عیراق لە ئاشتی تەواویشدا بژی.

نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە، چەند مانگێكە لە گفتوگۆدان بۆ پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەش بە ئامانجی پڕكردنەوەی بۆشایی نێوان هەردولا لە ناوچەكانی جێناكۆك.

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە وتی رێككەوتنی ئەوان و عیراق لەسەر دوو خاڵە، یەكەمیان پێكهێنانی ژوری هەماهەنگی هاوبەش و دوەمیان پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەشە، بۆ جێگیركردنیان لە بۆشاییەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپا، لەكاتێكدا ئەو دوو لیوایەش لەڕوی ژمارەوە ناتوانن 560 كیلۆمەتری سنوری خاڵی سەربازی پێشمەرگە و هێزەكانی حكومەتی فیدراڵی پڕبكەنەوە.

جەبار یاوەر دەڵێت باشترین چارەسەر ئەوەیە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە هێڵەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپادا هەبن، لە هەموو ناوچەكاندا، تا بتوانن بە یەكجاری كۆتایی بە داعش بهێنن.

hez-la-kirkuk
كەركوك/ 2021/ ئۆتۆمبێلێكی سەربازی لە سنورەكانی باشوری كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیسی فیدراڵی

لێپرسراوانی ئەمنی و سەربازی و ئيدارى سەر بە حكومەتی فیدراڵییش زیاد لە جارێك جەختیان لە هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان سوپا و پێشمەرگە كردۆتەوە بە ئامانجی روبەڕوبونەوەی داعش.

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌دوای ساڵی 2014 و هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك جێگیربون، تا كشانه‌وه‌یان له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌.

لەوكاتەوە پێشمەرگە و سوپا لە گفتوگۆی بەردەوامدا بون و لە ئەنجامدا ئایاری ئەمساڵ توانییان ژمارەیەك ژوری هەماهەنگی هاوبەش لە بەغداد، هەولێر، كەركوك، دیالە و چەند ناوچەیەكی نەینەوا پێكبهێنن.

ئەسیر شەرع، شارەزای ئەمنی دەڵێت هەندێك لە بەرژەوەندییاندایە ئەو ناوچانە ئارام نەبن، پێویستە شاندی هەرێمی كوردستان و بەغدا بگەنە لێكتێگەیشتن و خاڵی سەربازی هاوبەش و پلانی ستراتیژییان هەبێت بۆ سەقامگیری و نەهێشتنی مەترسی گروپە چەكدارییەكان.

"دەبێت رێككەوتن لەسەر كاروانی سەربازی هاوبەش بە بەشداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و حەشدی شەعبیش بۆ پارێزگاری لە ئەو ناوچانە هەبن، وەك چۆن پێكەوە توانییان شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش بكەن" بەوتەی شەرع بۆ (كەركوك ناو)، كە داواشدەكات پلانە ئەمنییەكانی هەردوو حكومەتی هەرێم و عیراق یەكبخرێن، بە هاوبەشی روبەڕوی مەترسییەكان ببنەوە نەك بە جیا، چونكە هیچ لایەكیان بەهۆی پێشێلكارییە ئەمنییەكان و روداوەكانی توندوتیژییەوە ناتوانێت لە ئارامیدا بێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT