داعش لە دوو قۆڵی كەركوكەوە
شەش كرێكاری خەڵوز دروستكردن و دوو پێشمەرگە دەكاتە ئامانج

كەركوك/ 31ی تشرینی یەكەمی 2021/ مێردمنداڵێكی بریندار باوەش بەباوكیدا دەكات دوای رزگاربونی لە هێرشەكەی شەوی رابردوی داعش لە نزیك گوندی حەوائج كە بەهۆیەوە چوار كرێكار كوژران و دوانی تر برینداربون فۆتۆ: تایبەت بە (كەركوك ناو)

كركوك ناو

شەش كرێكاری خەڵوز دروستكردن لە گوندێكی ناحیەی عەباسی لە كەركوك دەكەونە بۆسەی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، بەهۆیەوە چواریان "دەكوژرێن" و دووانی تریان بە برینداری رزگاردەكرێن، لە روداوێكی تردا هەر لە سنوری كەركوك دوو پێشمەرگە بە دەستی چەكدارانی هەمان رێكخراو كوژران.

ئەو دوو روداوە شەممە 30ی تشرینی یەكەم لە دوو كاتی جیاوازدا لە سنوری كەركوك رویاندا، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ زیادبونی جموجۆڵی چەكدارانی داعش لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك.

ئەو شەش كرێكارە لە گوندی عەوائیج سەر بە ناحیەی عەباسی لە سنوری هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین رۆژانە سەرقاڵی خەڵوز دروستكردن دەبن، بەڵام شەممە 30ی تشرینی یەكەم لەكاتێكدا بۆ سەر كار دەچون بۆ دورگەیەك بەناوی جەزرە لەسەر روباری دیجلە، دەكەونە بۆسەی چەكدارانی داعش-ەوە، ئەوەش بەپێی وتەی سەرچاوەیەك لە كەسوكاری ئەو كرێكارانە بە (كەركوك ناو).

وتیشی "دوو كەسیان دەستبەجێ دەكوژرێن، دووانی تر برینداردەبن (يەكێكیان مێردمنداڵە)، هەرچی دوانەكەی ترە هەوڵی راكردن و گەڕانەوە دەدەن، بەڵام بۆ ئەوە دەبوو لە ئاوەكە بدەن و بە مەلە خۆیان رزگار بكەن".

دوو كەسیان دەستبەجێ دەكوژرێن، دووانی تر برینداردەبن، هەرچی دوانەكەی ترە هەوڵی راكردن و گەڕانەوە دەدەن، بەڵام بۆ ئەوە دەبوو لە ئاوەكە بدەن و بە مەلە خۆیان رزگار بكەن

لەوكاتەدا خەڵكی گوندی عەوائیج و چەكدارانی حەشدی عەشایەری بە هانایەوە دەچن، هەریەكە لە حەشد، پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی ناوخۆیی قەزای حەویجە هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنین ئەنجام دەدەن، لە بەری پارێزگای سەلاحەدینیشەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆتە هاوبەشەكانی سەڵاحەدین ئۆپەراسیۆنێكیان رێكخست.

مەلا مەجید، یەكێك لە فەرماندەكانی حەشدی عەشایەری لە ناوچەی عەباسی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو دوو كرێكارەی هەوڵی گەڕانەوەیانداوە كاتێك گوێیان لە دەنگی تەقە بووە و ویستویانە بە مەلە بپەڕنەوە، تەقەیان لێكراوە و ئەوانیش كوژراون".

وتیشی "تەنیا توانیومانە تەرمی شەهیدێك بدۆزینەوە... لەگەڵ رزگاركردنی دوو بریندارەكە، چارەنوسی تەرمی سیانەكەی تر دیار نییە".

gwndi hawaaj (2)
كەركوك/ 31ی تشرینی یەكەمی 2021/ كەسوكاری كوژراوەكانی گوندی حەوائج فۆتۆ: تایبەت بە (كەركوك ناو)

ئەو شەش كرێكارە، زۆرینەی رۆژەكانی هەفتە دەچنە ئەو دورگەیە و داری دورگەكە دەبڕنەوە و دواتر خەڵوزی لێ دروستدەكەن و دەیفرۆشنەوە.

سەرچاوەیەك پۆلیسی حەویجە – عەباسی سەر بە قەزای حەویجەیە بە دوری زیاتر لە 50كم لە باشوری خۆرئاوای كەركوك – بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتێك هێزەكانی حەشدی عەشایەری چونەتە شوێنی روداوەكە روبەڕوبونەوە رویداوە... بەڵام دیار نییە زیان بە چەكدارەكانی داعش كەوتووە یان نا".

ئەو ناوچەیە لە حوزەیرانی 2014 كەوتە دەست داعش تا ساڵی 2017 ناوچەیەكی گرنگی ئەو رێكخراوە بوو و دەیان مۆڵگە و شوێنی خۆحەشاردانیان لە ناوچەكە دروستكردبوو. لەگەڵ تونێلێكی گەورە، ئەوەش بە وتەی خەڵكی ناوچەكە كە بۆ (كەركوك ناو)، قسەیان كرد.

لە كۆتایی 2017 ناوچەكە كەوتە دەست هێزە عیراقییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانانیش ناوچەكەیان بۆردومانكرد و مۆڵگەكان وێران كران.

"ئێستا جموجۆڵی چەكدارانی داعش لە ناوچەكەدا دەستیپێكردۆتەوە و بون بە مەترسی بۆ سەر خەڵكی ناوچەكە"، كەسوكاری یەكێك لە كرێكارەكان وای وت.

ئێستا جموجۆڵی چەكدارانی داعش لە ناوچەكەدا دەستیپێكردۆتەوە و بون بە مەترسی بۆ سەر خەڵكی ناوچەكە

كاتژمێر 9:30 خولەكی شەوی رابردوش، لە بەرزاییەکانی زورگەزراو لە سنوری ناحیەی پردێ، داعش لەڕێی چەكی بێكەیسییەوە تەقەی لە دوو پێشمەرگە كرد لەوكاتەی لە ئەركدابون و هەردوكیان گیانیانلەدەستدا، ئەوەش بەپێی وتەی نوری حەمە عەلی، لێپرسراوی میحوەری 5ی خۆرئاوای کەرکوک، كە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن قسەییكردووە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "لە ساتی راوەدونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای 10ی پیادە وەزارەتی پێشمەرگە شەهید بون".

peshmarga-3
لیوای 2ی پیاده‌ی كه‌ركوكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ فۆتۆ: سایتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

لە چوار رۆژی رابردودا ئەمە چوارەمین هێرشی چەكدارانی داعشە بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتیانی مەدەنی لە پارێزگای كەركوك.

لە شەوی 28ی تشرینی یەكەم چەكدارانی داعش هێرشانكردە سەر خاڵێكی هێزەكانی سوپای عیراقی لە سنوری قەزای داقوق و بەهۆیەوە سەربازێك كوژرا، هەمان شەو بە چەكی قەناس هێرشێكی دیكەیان كردۆتە سەر هێزە ئەمنییەكان و بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو روداوە بۆ (كەركوك ناو)، "هێرشەكەی داعش بۆ سەر هێزی پۆلیسی فیدراڵی بووە لە نزیكی گوندی سوهێلە و بەهۆیەوە پۆلیسێكی لیوای 20ـی فیرقەی 5ـی فیدراڵی شەهید بووە".

"چەكدارانی داعش لەم ماوەیەدا زیاتر چەكی قەناس لە هێرشەكانیاندا بەكاردەهێنن.. هێرشەكەی گوندی شەبیجەش كە ژمارەیەك پۆلیس شەهید بون هەر بە ناقس بوو، چونكە توانای بەرەنگاربونەوەی راستەوخۆیان نییە و لە دورەوە هێرشدەكەن و دەكشێنەوە"، بەپێی سەرچاوەكە.

لە روداوەكەی گوندی شەبیجەی ناحیەی رەشاد، 11ی ئەیلولی 2021 ژمارەیەك چەكدار كە بەوتەی هێزە ئەمنییەكان "داعش" بون، هێرشیانكردە سەر هێزیكی پۆلیسی فیدراڵی و بەهۆیەوە چوار پۆلیسی فیدراڵی كوژران.

ماوەیەكە ناوچەكانی جێناكۆك بەتایبەت لە هەرسێ پارێزگای كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین بە دۆخێكی سەقامگیردا تێپەڕنابێت، جموجۆڵ و هێرشی چەكداری بۆ سەر هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان بەردەوامی هەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT