لەگەڵ نزیكبونەوەی پێكھێنانی دوو لیوای هاوبەش
عەرەب و توركمان: پاراستنی سنورەكانی كەركوك بە هێزی فیدراڵی بسپێردرێت

كەركوك/6ی كانونی یەكەمی 2021/ هێزێكی سوپای عیراق لە گوندی لهێبان لە باكوری خۆرئاوای كەركوك. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

هەردوو لایەنی عەرەب و توركمان داوادەكەن تەواوی سنورەکانی پارێزگای کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵی هیزەکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵیدا بێت. بەڵام یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لەگەڵئەوەدایە پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكانی پارێزگاكە بە هاوبەشی بێت لە نێوان سوپا و پێشمەرگە.

ئەو داواكارییەی هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی توركمانی لە دوو راگەیەنراوی جیاوازدا هاتووە، كە دووشەممە 6ی كانونی یەكەم ئاراستەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، مستەفا كازم-یان كردووە و هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی پێكھێنانی دوو لیوای هاوبەش و جێگیركردنیان لەو ناوچانە.

هاوپەیمانی عەرەبی، كە راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت سەرۆكایەتی دەكات، لە راگەیەنراوێكدا داوا دەکات "هەموو سنورەکانی پارێزگای کەرکوک لەژێر کۆنترۆڵی هیزەکانی سەر بە حکومەتی فیدراڵیدا بن" و تیایدا زیاتر هاتووە "دۆسیەی ئەمنی کەرکوک دۆسیەیەکی فیدراڵییە و رازی نابین بەهیچ بڕیار و لێکتێگەیشتنێک یان سازانێک لەسەر پرسی کەرکوک و ئاسایشی پارێزگاکە کە لە دوای ئۆپەراسیۆنی سەپاندنی یاساوە ئارامی بەخۆوە بینیوە".

"سەپاندنی یاسا"، بە گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ كەركوك و تەواوی ناوچە جێناكۆكەكان و كشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە ناودەبرێت كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق جێبەجێكرا.

هاوپەیمانی عەرەبی، داوا لە مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق دەکات فەرمان دەربکات بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ناوچەکانی هێڵی تەماس، بۆ ئەوەی هێزە فیدراڵییەکان بتوانن کۆنترۆڵیان بکەن و نەهێڵن ببێتە شوێنێک بۆ "جموجۆڵی تیرۆریست و تاوانبار و قاچاخییەکانی نەوت و ئەو کەسانەی ئەجینداکانیان دژ بە بەرژەوەندی عیراق و گەلەکەیەتی"، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو كەسانە شاكرابكات.

پێویستە هێزە فیدراڵییەكان نەهێڵن هێڵی تەماس ببێتە شوێنێک بۆ جموجۆڵی تیرۆریست و تاوانبار و قاچاخییەکانی نەوت

هاوکات بەرەی تورکمانی، لە رایگەیەنراوێكدا داوا لە مستەفا کازم دەكات، "پلانێکی تۆکمە دابڕێژرێت بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانە بە بەشداری هەموو هێزە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی عیراق و دەزگای دژە تیرۆری عیراقی و سپاردنی هەموو سنورەکانی پارێزگای کەرکوک بە هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی".

peshmarga-11
كەركوك/6ی كانونی یەكەمی 2021/ جێگیربونی هێزێكی پێشمەرگە لە گوندی لهێبان لە باكوری خۆرئاوای كەركوك. فۆتۆ: كەركوك ناو

هەڵوێستی ئەو دوو لایەنە، دوای ئەوە دێت كە هێزێكی پێشمەرگە و سوپای عیراق پێكەوە و بە هاوبەشی چونە گوندی لهێبان لە ناحیەی سەرگەڕان و جێگیربون، لە پێناو پاراستنی گیانی خەڵكەكەی لە دەستی چەكدارانی داعش.

مەڵبەندی رێكخستنی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا داوا لە هەردوو حکومەتی بەغداد و هەولێر دەکات، "هەرچی زووە"، هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە بدەن کە لە نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگەدایە لە ناوچەكانی جێناكۆك.

بۆچونی جیاوازی پێكهاتەكانی كەركوك لەسەر پرسی دۆسییەی ئەمنی پارێزگاكە، لەكاتێكدایە دوو هەزار چەكداری هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق، لە قۆناغی مەشق و راهێناندان، تا لەم مانگەدا تێكەڵ بە یەكتری بكرێن و سەرەتای ساڵی داهاتوش بۆشایی ئەمنی بەشێك لە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك پڕبكەنەوە.

جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە (كەركوك ناو)ـی وت تێگەیشتنی هاوبەش بۆ دروستكردنی ئەو دوو لیوایە هەیە، نەك رێككەوتنی واژۆكرا، دەبوو لە مانگی تەمموزی رابردودا ئەرك وەربگرن، بەڵام بەهۆی تەرخاننەكردنی بودجە و پێداویستییە سەربازییەكانەوە دواكەوت.

لیوایەكی پێشمەرگە لە بنكەی مەشقی وەزارەتی پێشمەرگە لە مەشق و راهێناندان، ئەوەی سوپای عیراقیش هەر لە راهێناندان و بڕیارە لەم مانگەدا تێكەڵ بكرێن و لە مانگی كانونی دوەمی 2022 لە ناوچەكانی مادەی 140دا جێگیربكرێن" بەوتەی مەندە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT