"دوو هاوڵاتی و سەربازێك برینداربون"
شنگال: بارگرژیی لە نێوان سوپای عیراق و هاوڵاتیان دروستبوو

شنگال/ 12ی كانونی یەكەمی 2021/ گرژیی نێوان خۆپیشاندەران و سوپای عیراق دروستبوو. وێنەكە لە ڤیدیۆیەكی كەناڵی رۆژنیوز وەرگیراوە

عەمار عەزیز – نەینەوا

دوو هاوڵاتی خەڵكی ناحیەی سنونێ لە شنگال بە تەقەی "سەربازانی سوپای عیراق برینداربون"، بەپێی وتەی دوو سەرچاوە لە خەڵكی ناوچەكە، ئەوەش دوای ئەنجامدانی خۆپیشاندانێك هات دژی بەردەوامی هێرشەكانی توركیا و دورخستنەوەی هەمەرێكی سەربازی سوپای عیراق لە ناوەندی ناحییەكە.

ئەو بارگرژییە ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی كانونی یەكەم دروستبوو، دوای ئەوەی هاوڵاتیانی ناحییەكە لە گردبونەوەیەكدا لەگەڵ ئیدانەكردنی هێرشەكانی توركیا، داوایان لە سوپای عیراق كرد مەفرەزەیەكی سەربازیی سوپا لە ناوەندی ناحییەكە بكشێتەوە كە ماوەیەكە جێگیربون و هەمەرێكی سەربازییان پێیە.

نایف جوندى، دوكانەكەی لە نزیك شوێنی روداوەكەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "نزیکەى 20 رۆژە سوپای عیراق هەمەرێكی سەربازییان لە ناوەندی شار جێگیركردوە لەگەڵ ژمارەیەك سەرباز، خەڵکى ناوچەکە داوایانلێکردن لەو ناوچەیە دوربكەونەوە و هەمەرەكەیان لاببەن، بەڵام سەربازەكان داواكەیان قبوڵنەكرد".

وتیشی "دوای ئەوە گرژیی و ئاڵۆزی دروستبوو، سەربازەكان تەقەیان كرد و دوو هاوڵاتی مەدەنی برینداربون، خەڵكەكەش بە بەرد هێرشیانكردە سەریان و ئاگریان لە هەمەرەكە بەردا و بەشێكیان سوتا".

خودێدا ئەلیاس، لێپرسراوى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەرى لە شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت "دەیانجار داوامان لە سوپاى عیراق کردووە ئەو هەمەرە لە ناوەندى سنونێ لاببەن، هەر دەیانوت ئەمڕۆ و سبەى، خەڵکیش زۆر توڕە لە لێپرسراوانی عیراق، بەتایبەت دواى کوژرانى ئەفسەرێکى ئێمە لەلایەن فڕۆكەكانی توركیاوە، بۆیە ئەو روداوە رویداوە".

ئەو جەختیكردەوە لەوەی "ئەمڕۆ خەڵك بە زمانێکى نەرم بە سەربازانی سوپای عیراقی وتووە هەمەرەكە لاببەن، ئەوانیش بەو داوایە رازی نەبون و بەهۆیەوە شەڕ و ئاڵۆزی دروستبووە".

دیمەنێك لە بارگرژیی نێوان سوپای عیراق و خۆپیشاندەران لە ناحیەی سنونێ لە شنگال. ڤیدیۆ: رۆژنیوز

خودێدا جەختیكردەوە "دوو كەس بە تەقەی سوپای عیراق برینداربون، كە یەكێكیان ژنە... ئەو دوو بریندارە بووەهۆی ئەوەی خەڵك بە بەرد پەلاماریان بدات".

بەڵام شانەی راگەیاندنی ئەمنی، لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی روداوەكەوە، جەختیكردەوە لەوەی لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكەدا گرژیی لەگەڵ سوپای عیراقدا دروستبووە و بەهۆیەوە "سەربازێکی سوپا برینداربووە و تەقە لە هەمەرێكی سەربازیش كراوە".

"هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران کردوە و لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە لەبارەی تەقەكردنەكانەوە"، بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی.

لەبارەی ئەوەی دۆخەكە ئێستا چۆنە، خودێدا وتی "دۆخەکە هێوربۆتەوە، بەڵام نازانین بەیانى چى رودەدات".

ئەو روداوە دوای ئەوە هات كە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە شنگال، یەكشەممە 12ی كانونی یەكەم، دەوامی فەرمانگەكانی حكومەت و رێكخراوە ناحكومییەكانی لە قەزاكەدا راگرت، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیاو "بێدەنگی سوپا و حكومەتی عیراق لە بەردەوامی ئەو بۆردومانانە".

خوێدا وتی "وەكو ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری، سورین لەسەر داخستنى دەوامى فەرمانگەکانى حکومەت".

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به‌ نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمارده‌كرێن، هەر ئەوانیش ئێستا بەبێ دانپێدانانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، ئیدارەی بەشێك لە قەزاكە دەدەن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT