دۆخی شنگال ئارامبۆتەوە
قایمقامی شنگال: من لە لەگەڵ راگرتنی دەوامی فەرمانگەكاندا نەبوم

شنگال/ 2021/ یەكێك لەو 50 پۆلیسەی هاتوچۆ كە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال دایناون. فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عەمار عەزیز – نەینەوا

دۆخی قەزای شنگال ئارامبۆتەوە و زۆرینەی فەرمانگەكانی حكومەتیش راگرتنی دەوامیان هەڵوەشاندەوە.

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، یەكشەممە 12ی كانونی یەكەم، بڕیاریدا بە راگرتنی دەوامی فەرمانگەكانی حكومەت لە قەزای شنگال، بەهۆی ئەوەی حكومەتی عیراق "هەڵوێستی" نەبووە بەرامبەر بە بۆردومانەكانی توركیا بۆ ناوچەكە.

هاوكات لە خۆپیشاندانێكدا بۆ هەمان مەبەست بارگرژیی لە ناحیەی سنونێ دروستبوو و "دوو هاوڵاتی و سەربازێكی سوپای عیراق برینداربون". بەڵام ئەمڕۆ دووشەممە 13ی كانونی یەكەم، دۆخی ناوچەكە ئارامبۆوە و زۆرینەی فەرمانگەكانی راگرتنی دەوامیان جێبەجێنەكرد.

عەجاج ئەسلان، لە قەزای شێخان دەژیت، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ كارێك چومە ناحیەی سنونێ، لەوێ مامەڵەیەكم لە فەرمانگەیەك هەبوو، دەوام ئاسایی بوو و كاری خۆم كرد". وتیشی "لە شێخانەوە تا گەیشتمە شنگال 10 بازگە دانرابون و خەڵكیان دەپشكنی، هەمەری سوپای عیراق و سەرباز لە ناوچەكە هەبون".

وتیشی "ئەو خەڵکەى خانووەكانیان نزیكە لە بارەگای یەكینەكانی بەرخودانی شنگال ناسراو بە (یەبەشە)، ماڵەكانیان چۆڵكردووە...  لە ترسی دوبارەبونەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەكەی رۆژی پێشوتر".

بەشێك لەوانەی لە خۆپیشاندانەكەی یەكشەممە بەشداربون دژ بە بۆردومانەكانی توركیا و بونی سوپای عیراق لە سنونێ، بە لایەنگرانی یەبەشە ناودەبرێت، كە هێزێكی نزیكە لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).

هاوكات ئەمڕۆ دەوامی زۆرینەی فەرمانگەكانی حكومەت دەستیپێكردەوە، كە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال بڕیاری دابوو.

فەهد حامد، قایمقامى قەزاى شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت "دەوامی خۆم كردووە و لەگەڵ بڕیاری راگرتنی دەوام نەبوم... ئێستا دۆخى شنگال و سنونێ زۆر ئارامە و هەر وەكو رۆژانی ئاسایی خەڵك چۆتە دەرەوە و كاری رۆژانەی خۆییان دەكات".

snuneee
شنگال/ 12ی كانونی یەكەمی 2021/ گرژیی نێوان خۆپیشاندەران و سوپای عیراق دروستبوو. وێنەكە لە ڤیدیۆیەكی كەناڵی رۆژنیوز وەرگیراوە

"ئەوەندەى من زانیاریم هەبێت، تەواوى فەرمانگەکانى حکومەت لە سنورى قەزاکە مامەڵەی هاوڵاتیانیان راییكردووە و دەوام ئاسایی بووە... من لەگەڵ راگرتنى دەوامى فەرمانگە حکومىیەكاندا نیم، چونکە فەرمانگەکان بەبێ جیاوازى خزمەت بە هەموو خەڵک دەکەن"، فەهد حامد، كە لەلایەن ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالەوە لە پۆستی قایمقام دانراوە، وای وت.

بەڵام وتی "ئەو بێدەنگییەی حکومەتى عیراق لەسەر بۆردومانکردنى شنگال لەلایەن تورکیاوە، خەڵکى شنگالى زۆر توڕە و نیگەرانکردووە".

هاوكات دەوامی هەموو ناوەندەكانی خوێندن لە شنگال ئاسایی بوو، وەك سەعد متۆ، بەڕێوەبەرى پەروەردەى شنگال - بەشى عەرەبى - بە (کەرکوک ناو)ى وت.

بەڵام موحسین عەلى، فەرمانبەرە لە هۆبەى چاندن لە شنگال، وتی "هەرچەندە چومە دەوام، بەڵام هیچ كەسێك لە دەوام نەبوو، تەلەفونم بۆ بەڕێوەبەرەکەم کرد، ئەو وتی: كەس نەهاتووە بۆ دەوام، تۆش بڕۆ ماڵەوە و دەوام مەكە".

ئازاد حسێن، جێگرى هاوسەرۆکى دەستەى خۆبەڕێوەبەرى شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت "بڕیارەکەى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری شنگال بۆ راگرتنی دەوام هەڵنەوەشاوەتەوە، مەبەستمان لە راگرتنى دەوام ئەوە نەبوو مامەڵەکانى هاوڵاتیان بوەستێن، بەڵکۆ ئامانجان ئەوەیە یەکگرتن لەناو کۆمەڵگاى ئێزیدى-دا دروستبکەین و هەموومان یەکدەنگ بین لە دژى بێدەنگى حکومەتى عیراق".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT