ناڕەزایی و دەستلەكاركێشانەوە دروستدەبێت

حەسەن تۆران گۆڕانكاریی لە رێكخستنەكانی بەرەی توركمانیدا دەكات

كەركوك/ 15ی كانونی دووەمی 2020/ خۆپیشاندانێكی لایەنگرانی بەرەی توركمانی عیراقی، كە تیایدا داوای مافی توركمان دەكەن لە دامەزراندندا. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

بەرەی توركمانی بە سەرۆكایەتی حەسەن تۆران، بڕیاریدا بە دورخستنەوەی پێنج لێپرسراوی لق و دانانی كەسانی تر لەو پۆستانە، ئەوەش ناڕەزایی بەشێك لە رێكخستنەكانی لێدەكەوێتەوە و دەستلەكاركێشانەوە دروستدەبێت.

گۆڕانكارییەكان 25ی كانونی یەكەم بڕیاری لێدرا، ئەوەش لە كۆبونەوەیەكی دەستەی جێبەجێكردنی بەرەی توركمانیدا هات، بە سەرۆكایەتی حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی عیراقی.

بەپێی راگەیەنراوێكی كۆبونەوەكە كە پەیجی رەسمی حەسەن تۆران بڵاویكردۆتەوە، تیایدا جەختكراوەتەوە لەوەی، حەسەن تۆران وتویەتی بەرەی توركمانی عیراقی بە كۆمەڵێك هەنگاوی نوێوە دەچێتە نێو ساڵی 2022وەوە، ئەو هەنگاوانەش بریتین لە چەند گۆڕانكارییەك لە رێكخستن و پێكهاتەی حزبدا.

بەپێی راگەیەنراوەكە لەو كۆبونەوەیەدا لێپرسراوی لقەكانی كەركوك، موسڵ، تەلەعفەر، دیالە، ئەنقەرەی بەرەی توركمانی عیراقی دورخراونەتەوە و تیایدا قەحتان وەنداوی راسپێردراوە بۆ لێپرسراوی لقی کەرکوکی بەرەی تورکمانی، قوتلان مستەفا کەمال بۆ لقی ئەنقەرە، شەهید غانم بۆ لقی موسڵ، جەنگیز ئەلیاس بۆ لقی تەلەعفەر و ئوسامە نازم بۆ لقی دیالە.

دوابەدوای ئەو گۆڕانكارییانە، ناڕەزایی لەنێو بەشێك لە رێكخستنەكانی بەرەی توركمانیدا دروستدەبێت و لەیەكەم كاردانەوەدا هەریەكە محەمەد سەمعان، وتەبێژی بەرەی توركمانی و عەتا دەباغ، جێگری لقی كەركوكی بەرەی توركمانی وازدەهێنن، بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) كە لەناو بەرەی توركمانی دەستیكەوتووە.

25ی كانونی یەكەم/ كۆبونەوەی حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی و دەستەی جێبەجێكردن. سەرچاوە: راگەیاندنی بەرەی توركمانی.

لەگەڵئەوەشدا رێكخستنەكانی ئەنقەرەی بەرەی توركمانی كۆمەڵێك دەستلەكاركێشانەوەی بەدوادادێت، لەنێویاندا دەستلەكاركێشانەوەی حسێن بەیاتى، راوێژکارى یاسایى و سیاسی بەرەى تورکمانى لە ئەنقەرە، فراس ئاغا، لێپرسراوی بەشی رێكخستنی بەرەی توركمانی، لەگەڵ لێپرسراوی بەشی رێكخراوەكانی گەنجان و بەشی چالاكییەكان هەر لە ئەنقەرە.

ئەوە یەكەم ناڕەزایی و گۆڕانكارییە لە دوای دەستبەكاربونی حەسەن تۆران، وەكو سەرۆكی بەرەی توركمانی عیراق، لە جێگەی ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی پێشووی بەرەكە لە 28ی ئاداری 2021.

گۆڕانكاریی لە سەرۆكی بەرەی توركمانی عیراقی، دوای كێشمەكێش و ململانێیەكی نێوخۆیی هات لە نێوان ئەو دوو سەركردەیەی بەرەی توركمانیدا و هەندێك پێیانوایە گۆڕانكاریی و ناڕەزاییەكانی ئێستاش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

عەدنان ئاڵتونچی، راگەیاندکارى نەتەوەى تورکمان لە شاری كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو گۆڕانكارییانەی كراون، تایبەتن بە ناوخۆى حزبەکە، بەڵام شەقامى تورکمانى دابەشكردووە بەسەر بەرەی رەخنەگر و پشتگیر لە بڕیارەكە".

گۆڕانكارییەكان شەقامى تورکمانى دابەشكردووە بەسەر بەرەی رەخنەگر و پشتگیر لە بڕیارەكە

"هەندێک لەو کەسانەى بۆ پۆستى نوێ راسپێردراون، کەسانی نەخوازراون لەناو رێكخستنەكاندا، چونکە کەسانى دیکە هەن كە شایستەترن بۆ ئەو پلەو پۆستانە"، عەدنان ئاڵتونچی وایوت. جەختیشیكردەوە "دانانی هەندێك لە كەسایەتییەكان، بۆ دژایەتیكردن و لێدانە لە هەندێك كەسایەتیی سیاسیی نەتەوەیی".

arshad. salhi
ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی، لە بۆنەیەكی لایەنگرانی حزبەكەیدا. فۆتۆ: راگەیاندنی بەرەی توركمانی

بەڵام هیچ سەركردەیەكی بەرەی توركمانی و ئەوانەشی وازیانهێنا ئامادەنەبون لەبارەی نێوخۆی حزبەكەوە لێدوان بدەن.

ئەوە گۆڕانكارییانە لەكاتێكدایە، بەرەی توركمانی لە پارێزگای كەركوك ژمارەی كورسییەكانی لە دوو كورسییەوە بۆ یەك كورسی كەمیكردووە، ئەوەش لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق كە لە 10 تشرینی یەكەم بەڕێوەچوو، تاكە كاندیدی سەركەوتوش ئەرشەد ساڵحی-یە كە بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، هیچ بەرپرسارێتییەكی لە رێكخستنەكانی بەرەی توركمانیدا نەماوە و لە ناكۆكی قوڵدایە لەگەڵ سەركردایەتی ئێستای بەرەی توركمانی.

ساڵحی دوو رۆژ بەر لە دەستبەرداربونی لە پۆستەكەی، لە دوو پەیامی كورتدا، لەڕێی پەیجەكەیەوە جەختیلەوە كردەوە كە ئەو ناگەڕێتە دواوە و داوای دانبەخۆداگرتنی لە لایەنگرانی كرد.

حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی عیراقی، لە 25ی كانونی یەكەم، لەدوای گۆڕانكارییەكان لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە لەسەر پرەنسیپە نیشتمانییەکانی پێکهاتەی تورکمانی و پێدانی مافەکانی نەتەوەیی و دەستورییەکانی تورکمان. هەروەها هاتووە كە بەرەی تورکمانی عیراقی درێژە بە رێبازی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆی دەدات و نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی تورکمان لە عیراق دەکات و بەرگریکردن لە ناسنامەی ناوچە تورکمانییەکان وەک ئەولەویەتی یەکەم ناوبرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT