ویستویەتی بە قاچاخ بچێتە ئەوروپا
11 رۆژە گەنجێكی خاوەن پێداویستی تایبەت بێسەروشوێنە

ئەحمەد یاسین (24ساڵ)، 11 رۆژە بێسەروشوێنە. وێنەكە كەسوكاری ئەحمەد بە (كەركوك ناو)یان داوە.

كەركوك ناو

ئەحمەد یاسین (24ساڵ) دانیشتوی ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری) و خاوەن پێداویستی تایبەت، 11 رۆژە هیچ هەواڵێكی نییە، ئەوەش دوای دوو مانگ مانەوە لە توركیا و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا بەشێوەی قاچاخ.

ئەحمەد لە زگماكەوە قاچی چەپی 10 سانتیمەتر لە قاچی راستی كورتتر بوو، دوای ئەوەی لە عیراق چارەسەری نەبوو، وەك ئەوەی باوكی دەڵێت، لەپێناو چارەسەردا ویستی بەشێوەی قاچاخ بچێتە ئەوروپا.

یاسین رەسوڵ، باوکی ئەحمەد کە پیشەی پاسەوانی شەوانەیە لە یەکێک لە فەرمانگەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەحمەدی کوڕم لە زگماکەوە قاچێكی كورتتر بوو، نەمانتوانی بەشێوەی رەسمی بینێرینە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر، ناچار رێگای قاچاخی هەڵبژارد".

لە كۆتایی تشرینی یەكەمی 2021، ئەحمەد بەرەو توركیا بەڕێكەوتووە و لە 22ی كانونی یەكەم بۆ دواینجار قسەی لەگەڵ دایكی كردووە و وتویەتی "ئەمشەو لەڕێی دەریاوە بەرەو ئەوروپا بەڕێدەكەوین".

یاسین رەسوڵ، باوكی ئەحمەد، وتی "بە تەلەفون بە دایكی وت دوعای خێرم بۆ بكەن وا دەردەچین، ئیتر لەو رۆژەوە هیچ هەواڵێكی نییە".

بە تەلەفون بە دایكی وت دوعای خێرم بۆ بكەن وا دەردەچین، ئیتر لەو رۆژەوە هیچ هەواڵێكی نییە

لە 23ی كانونی یەكەم یەختێك كە لانیكەم 100 سەرنشینی تیابوو، لە توركیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێكەوتووە، بەڵام لە سنوری یۆنان و لە دەریای ئیجەدا خۆی كێشاوە بە شاخی دوڕگەیەكدا و بەهۆیەوە نزیكەی 10 كەس خنكان، ئەوەش بەپێی رەنج پشدەری، چالاكوانی بواری پەنابەران لە یۆنان.

لەناو ئەو یەختەدا، سێ كەس لە خێزانێكی شەش كەسی كەركوكیدا خنكان، بەڵام هێشتا رون نییە، ئەحمەد یاسین لەناو ئەو یەختەدا بووە یان نا.

رەنج پشدەری ناوی هەشت كەسی بڵاوكردۆتەوە، كە لەو روداوەدا مردون، لەوانە ئەو سێ كەسەی خێزانەكە، بەڵام ناوی ئەحمەد یاسینی تێدا نییە.

ئەوە لەكاتێكدایە لە 26ی كانونی یەكەم، بەلەمێك بە 70 كۆچبەرەوە لە توركیاوە گەیشتۆتە ئیتاڵیا، بەڵام هێشتا هیچ زانیارییەك نییە، ئایا ئەحمەد لەو بەلەمەدا بووە یاخود نا.

یاسین رەسوڵ، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەوتەی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ ئەحمەد-دا بون لەناو یەختەكەدا، كوڕەكەم نوقمی دەریا بووە و خنكاوە".

"لەم دونیادا هەرچییەكم هەبوو سەرفمكرد، بۆ ئەوەی چارەسەری كوڕەكەمی پێبكەم... ئێستاش کوڕەکەم بێسەروشوێنە و هیچ هەواڵێکی نازانم".

باوکی ئەحمەد داوای لە حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان كرد، "بەهەر جۆرێک بێت، سۆراغێکی ئەحمەدی کوڕم بۆ بكەن، بە مردویی یان بە زیندویی هەواڵێكم پێبدەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT