شۆفێرێكی تەكسی
دوای پێنج رۆژ لە بێسەروشوێنبونی، تەرمەكەی دۆزرایەوە

رێگای سەرەكی كەركوك – ناحیەی لەیلان. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

پۆلیسی ناحیەی لەیلان، تەرمی شۆفێرێكی تەكسییان لە نزیك ناحیەكە هەڵگرتەوە، ئەوەش دوای پێنج رۆژ دێت لە بێسەروشوێنبونی و دوو كەسیش كە تۆمەتبارن بە رفاندن و كوشتنی شۆفێرەكە، دەستگیركراون.

تەرمی ئەو شۆفێرە (عوسمان سلێمان محەمەد 46ساڵ) ئەمڕۆ دووشەممە 3ی كانونی دووەمی 2022 لە گوندی بزن كوژە لە ناحیەی لەیلان دۆزرایەوە،

ئەوەش دوای ئەوە هات كە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی قەزای رانیە لە پارێزگای سلێمانی، گومانلێكراوێكیان دەستگیركرد كە ئۆتۆمبێلی ئەو شۆفێرەی پێبووە و ویستویەتی لە رانیە بیفرۆشێت.

لە لێكۆڵینەوەكاندا، تۆمەتبارەكە دانیبەوەداناوە كە شۆفێرەكەی رفاندووە و دواتر كوشتویەتی، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك.

سەرچاوەكە بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی رانیە تۆمەتبارەكەیان هێنا و چوینە شوێنی روداوەكە و تەرمەكەمان هەڵگرتەوە"،

وتیشی "تۆمەتبارەكە لە پێشانگەیەكی قەزای رانیە دەستگیركراوە، كاتێك ویستویەتی تەكسی ئەو شۆفێرە بفرۆشێت".

جەختیشیكردەوە كە دواتر پۆلیسی كەركوك توانیویەتی تۆمەتبارێكی تری ئەو رووداوە دەستگیربكات.

gund-6
كەركوك/ گوندی بزن كوژە، سەر بە ناحیەی لەیلان، تەرمی شۆفێركە لەم گوندە شاردرابۆوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

عوسمان سلێمان، شۆفێری تەكسییەكە، خەڵكی كەركوكە و پێنج رۆژ لەمەوبەر، تۆمەتبارەكان لە گەراجی باكور لە كەركوك بەكرێیان گرتووە تا بیانبات بۆ قەزای دوزخورماتوو. بەڵام لە رێگادا كوشتویانە و تەرمەكەیان شاردۆتەوە. هەر بەپێی دانپێدانانی یەكێك لە تۆمەتبارەكان بۆ پۆلیسی كەركوك.

سەرچاوكەی پۆلیس، جەختیكردەوە "تۆمەتبارە دەستگیركراوەكان پێشینەی تاوانیان هەیە".

حەسەن عەلی، دوكاندار، كە تەرمی شۆفێرەكە نزیكەی 500 مەتر لە دوكانەكەی ئەو شاردرابۆوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەزگا ئەمنییەكان تاوانبارەكانیشیان لەگەڵ بوو كاتێك هاتن بۆ هەڵگرتنەوەی تەرمەكە... گوێم لێبوو تاوانبارەكان دەیانوت بەتایبەت پارەمان پێدا تا بمانبات بۆ دوزخورماتوو، بەڵام لە رێگادا رێڕەوەكەمان پێ گۆڕی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT