راكان سەعید داوا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان دەكات خۆپیشاندانەكە بپارێزن

بۆ مانەوەی راكان سەعید، لە كەركوك "خۆپیشاندان بەڕێوەدەچێت"

كەركوك/2019/ خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە هۆز و عەشیرەتە عەرەبییەكان دژی دەنگۆی رێككەوتنی نێوان یەكێتیی و پارتی بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگار لە عەرەب فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت داوا لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك دەكات، پاراستنی پێویست دابینبكات، بۆ بەڕێوەچونی خۆپیشاندانێك لە رۆژی هەینی 7ی كانونی دووەم، خۆپیشاندانەكە بۆ مانەوەی راكان سەعیدە لە پۆستی پارێزگاری كەركوك.

بەپێی نوسراوێك كە راكان سەعید، ئەمڕۆ سێشەممە 4ی كانونی دووەم واژۆی كردووە و ئاراستەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كردووە، تیایدا دەڵێت بە پشتبەستن بە داوایەك كە خەڵكی ناوچەكە پێشكەشییان كردووە، داوادەكەین پاراستنی پێویست دابین بكەن بۆ خۆپیشاندانێكی ئاشتییانە لە بەردەم بینای كۆنی پارێزگا لە رۆژی هەینی داهاتوو.

عەلی جبوری، چالاكوانێكی نەتەوەی عەرەب لە قەزای حەویجە، كە یەكێكە لە رێكخەرانی خۆپیشانەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "رۆژی هەینی وەکو مافێكی رەوای خۆمان دەچینە سەر شەقام و داوای مانەوەی راكان سەعید دەكەین لە پۆستی پارێزگار... داواکارین جگە لە نەتەوەی عەرەب نەتەوەکانی دیکەش بەشداربن".

وتیشی "پێمانوایە هەموو نەتەوەكان شایەتی بۆ راكان سەعید و كارەكانی دەدەن، لە كارەكەیدا بەبێ جیاوازی كاری كردووە  و دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاریی و رێگاوبان و وەبەرەهێنانی لە شار و گوندەكاندا كردووە و لە پۆستەكەیدا سەركەوتوو بووە".

ئەو داواكارییە لەكاتێكدایە بڕیارە 9ی كانونی دووەم، یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەبچێت، كە راكان سەعید یەكێكە لە كاندیدە سەركەوتووەكان لە پارێزگای كەركوك.

بەپێی ماددەی 46ـی یاسای هەڵبژاردن، پێویستە كاندیدی براوە لە دوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە بە 30 رۆژ سوێندی دەستوری بخوات، بە پێچەوانەوە جێگاكەی بە كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی لیستەكەی لەهەمان بازنەی هەڵبژاردندا پڕدەكرێتەوە.

بەڵام دادگای فیدراڵی لە 14ـی تشرینی دوەمی 2021دا بە بڕیارێك ئەو ماددەیەی گۆڕی و بەمشێوەیەی لێكرد: "كاندیدی براوەی هەڵبژاردن پابەندە لەدوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە بە 30 رۆژ سوێندی دەستوری بخوات و ئەگەر سوێند نەخوات ئەوا كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی هەمان بازنەی هەڵبژاردن لەجێگەی ئەو دەبێتە پەرلەمانتار".

dangdan kirkuk (2)
كەركوك/ 10ـی تشرینی یەكەمی 2021/ راكان جبورى، پارێزگاری كەركوك و كاندیدی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك لەكاتی دەنگداندا بۆ پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لەفەیسبوك

لەدوای ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵییەوە، بۆ نمونە ئەگەر راكان سەعید جبوری، كاندیدی براوەی هاوپەیمانی عەرەبی لە بازنەی سێی كەركوك سوێندی دەستوری نەخوات، ئەوا لەجێی ئەو وەسفی عاسی، وەك كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگ لە بەرەی عەرەبی یەكگرتوو دەچێتە جێگاكەی.

بەڵام ئەگەر دادگای فیدراڵی ئەو گۆڕانكارییەی نەكردایە، ئەوا لەكاتی سوێندنەخواردنی راكان جبوری، برایەكی لە هەمان هاوپەیمانی و بازنەی هەڵبژاردن؛ (سەهمی سەعید جبوری) بە تەنیا 87 دەنگ شوێنەكەی پڕدەكردەوە.

راكان سەعید، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە بەوەكالەت و بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق (حەیدەر عەبادی) لە پۆستی پارێزگاری كەركوك دانرا، ئەوەش لە جێگەی نەجمەدین كەریم، كە بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق دورخرایەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT