لە ئەڵمانیاوە بۆ گوندێكی شنگال
خوناڤ: دوری و غەریبى وڵات كوشتمی

نەینەوا/ خوناڤ خەڵەف (55 ساڵ) دوای پێنج ساڵ لە كۆچكردن بۆ ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە بۆ گوندەكەی خۆی لە سنوری قەزای شنگال فۆتۆ: IOM

كەركوك ناو

"بە داواكاری بوکەکەم و منداڵەکانی دڵخۆش نەبووم كاتێك داوایانلێکردم لەگەڵیاندا بچمە ئەڵمانیا، دەمویست لە نزیک خێزان و ماڵباتەکەم بمێنەوە، هەر لەو گوندەی تیایدا لە دایکببوم و هەمیشە لێی ژیابوم" خوناڤ خەڵەف (55 ساڵ) وای وت.

ئەو ژنە ئێزیدییە خەڵكی شنگالە؛ لەڕێی رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM)ـەوە چیرۆكی كۆچكردنی بەرەو ئەوروپا و گەڕانەوە بۆ گوندەكەی خۆی دەگێڕێتەوە.

"هۆکاری سەرەکی ئەوەی بڕیاری گەشتکردنمان دا، ترسمان بوو لە داعش، كە ساڵی 2014 دەستی بەسەر ناوچەکەماندا گرت، هاوسەرەکەم و دوو لە کوڕەکانمیان رفاند و نەمادەزانی لە کوێن، تەنانەت نەشماندەزانی لە ژیاندا ماون یان نا".

بەهۆی هێرشی داعشەوە لە 3ی ئابی 2014دا، هەزاران ئێزیدی لە شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ) روبەڕوی كوشتن، رفاندن، ئاوارەیی و نەهامەتی دیكە بونەوە.

خوناڤ و ماڵی كوڕەكەی لە 22ـی ئەیلولی 2015 بە پاڵپشتی رێكخراوی نێودەوڵەتی كچ بەرەو ئەڵمانیا بەڕێدەكەون.

khunav (4)
نەینەوا/ خوناڤ خەڵەف لە گوندەكەی خۆی لە سنوری شنگال فۆتۆ: IOM

"كۆچەكەمان ئاسان و خۆش بوو، بە گەشتێکی ڕاستەوخۆ لە هەولێرەوە رۆیشتین، كاتێك گەیشتین هەموو شتێکیان بۆمان ئامادەکردبوو، لەبەرئەوەی گەشتەكەمان بەشێوەیەکی یاسایی، بە ئاگاداری و رەزامەندی حکومەت بوو، تەنانەت گەشتیان بۆ چەند شارێکی ئەڵمانیا بۆ رێكخستین، هەرچەندە من نەمدەتوانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بگونجێم و دڵخۆش بم، بیری وڵات و خانەوادەكەم دەكرد، دوری و غەریبی وڵات کوشتمی".

خوناڤ دەڵێت حكومەتی ئەڵمانیا بەڵێنی دابینكردنی راوێژكاری دەرونی پێدابوو، بەهۆی ئەو بارە دەروونییە شێواو و ناجێگیرەی وەک قۆناغی دوای کۆستی دەروونی تووشی هات بوو، ئەوەش لە دوای دیارنەمانی هاوسەرەکەیی و کوڕەکانی.

دەمویست لە گوندەکەی خۆم بمرم، نەک لە خەمی دوری وڵاتەکەم 

"بەڵێنەکەی خۆیان بەجێهێنا و من بەشداری چەند دانیشتنێکی ڕاوێژکاریم کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا نەمتوانی بەهیچ شتێک ئاسوودە بم، بەردەوام نیگەران و غەمبار بووم، خولیای گەڕانەوەم بۆ گوندەکەی خۆم هەرگیز وازی لێنەهێنام، وا هەستم کرد ئەوروپا بۆ کەسانی گەنج گونجاو و لەبارە، نەک بۆ من، سەردانیکردن بە مەبەستی گەشت و گەڕان شتێکە و ژیانکردن لەوێ شتێکی دیکەیە".

"حەزم دەكرد بە شەقامەکاندا بڕۆم و بگریم، نەمتوانی چیتر خۆم بگرم و بڕیارمدا بە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا بڵێم دەمەوێت بگەڕێمەوە گوندەکەی خۆم، پێنچ ساڵ تێپەڕی، ژان و ئازارەکەم هەر نەوەستا، هەموو ئەوەی دەمویست ئەوە بوو لە گوندەکەی خۆم بمرم، نەک لە خەمی دوری وڵاتەکەم" خوناڤ وای وت.

بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم لە كۆی 550 هەزار ئێزیدی، زیاتر لە 100 هەزار كەسیان لە عیراق كۆچیان كردووە و هێشتاش نزیكەی 200 هەزار كەس لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارەن.

khunav (3)
نەینەوا/ خوناڤ لەگەڵ كچ و نەوەكانیدا لە شنگال فۆتۆ: IOM

"گەڕامەوە بۆ عیراق و زۆر دڵخۆش بوم لە كۆتاییدا توانیم بگەڕێمەوە بۆ گوندەكەی خۆم، زۆر بیری نەوەکانیشم دەکرد چونكە ئەوان لە ئەڵمانیا مانەوە، خۆزگە دەخوازم بمتوانیایە لە هەردوو شوێنەكە بم، لە هەردوو دنیاكەدا بم، هەروەها بیری کچێكیشم دەكرد کە سێ مانگ دوای ئێمە گەیشتە ئەڵمانیا، داعش ئەویان ڕفاندبوو، بەڵام لەبەرانبەر پێدانی بڕی 15 هەزار دۆلاری ئەمریکیدا توانیمان ئازادی بكەین" بەوتەی خوناڤ خەڵەف.

داعش شه‌ش هه‌زار و 417 هاوڵاتی ئێزیدی رفاند و لەو ژمارەیە بەپێی ئامارە فەرمییەكان هێشتا چاره‌نوسی زیاتر لە دوو هەزار و 700 ژن و منداڵ و پیاو نادیارن.

خوناڤ دەڵێت کاتێک بۆ عیراق گەڕایەوە، هەستیكردووە ڕۆح گەڕاوەتەوە نێو جەستەی، بە کچەکانی دیکە و منداڵەکانیشیان شادبۆتەوە، سەردانی خزم و دۆستە نزیکەکانی خانەوادە و بنەماڵەکەیانی كردووە.

"ئێستا؛ لە نێو خزم و کەس و دۆستانی خۆمدا بەوپەڕی ئاسودەیی دەژیم، واهەستم دەکەم دڵم لەو جێگایەیە کە دەیەوێت لێی بێت، لەبەرئەوەی من لەگەڵ خێزانەکەی خۆمدام، هەرگیز خۆزگەیەکی لەوە زیاترم نەخواستووە و نیازی ئەوەم نییە جارێکیتر کۆچ بکەم، ئەو راستییەش هەیە کە بیری منداڵەكانی کوڕەکەم و بیری کچەکەم دەکەم، بەڵام هیوادارم ئەوان بێن و لێرە، لە گوندەکەی خۆمان سەردانم بکەن" خوناڤ وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT