دواجار نەوت بە ئاوارەكان دەگات

دهۆك/ كانونی دوەمی 2022/ دابەشكردنی نەوتی سپی لە كەمپی مامیلان لە قەزای شێخان فۆتۆ: وەزارەتی كۆچ

عەمار عەزیز – دهۆك

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر ئاوارەكاندا دەستپێدەكات، ئەوەش دوابەدوای چەند مانگێك لە ناڕەزایی و سەرما.

دابەشكردنی نەوتی سپی، دوو رۆژە لە كەمپی مامیلان-ـی قەزای شێخانەوە دەستیپێكردووە و ئەمڕۆ هەینی گەیشتۆتە كەمپی بێرسیڤ لە قەزای زاخۆی پارێزگای دهۆك.

ئەسكەندەر محەمەد ئەمین، بەرێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە دهۆك بە (كەركوك ناو)ـی وت "پێش دوو رۆژ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران ئێمەیان ئاگاداركردەوە دەست بە دابەشكردنی نەوت بكەین، پێشتر ناوی هەموو ئاوارەكانمان رادەست كردبون و دەستبەجێ لە كەمپی مامیلان-ـەوە دەستمانپێكرد".

ئەو كەمپە 172 خێزانی تێدایە كە لە 860 كەس پێكهاتون، بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

"هەر خێزانێك بڕی 100 لیتر نەوتی پێدەدرێت، دوای تەواوكردنی هەموو كەمپەكان، دەست بە دابەشكردنی وەجبەی دووەمیش دەكەین كە ئەویش بڕی 100 لیترە، واتە هەر خێزانێكی ئاوارە لەمساڵدا بڕی 200 لیتر (بەرمیلێك نەوت) وەردەگرن" بەوتەی ئەسكەندەر.

هەروەها رونیكردەوە لە رۆژانی پشودا پرۆسەكە بەردەوامە و هەوڵدەدەن بە خێرایی نەوت بە هەموو ئاوارەكان بگەیەنن.

ڤیدیۆ: ناڕەزایی ئاوارەكان لەنێو بەفر و سەرمای زۆری ژێر خێوەتدا بەبێ نەوت

دابەشكردنی نەوت دوای وروژاندنی ناڕەزایی ئاوارەكان لە میدیادا، لە نێویاندا راپۆرتێكی (كەركوك ناو) دەربارەی بارودۆخیان لە وەرزی سەرمادا، كە هەفتەیەكیشە بەهۆی شەپۆلێكی بەفرەوە نزمترين پلەكانی گەرما بۆ زياتر لە حەوت پلە ژێر سەدی دابەزی.

پیر عەلو كەچەل، بەرێوەبەری كەمپی خانكێ‌ لە دهۆك كە زیاتر لە دوو هەزار و 600 خێزانی ئاوارەی تێدایە بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەفتەیەكی دیكە نەوت بە ئێمە دەگات بەڵام بڕی پێویستی نەوت بۆ ئاوارەكانی ناو كەمپ دابینكراوە، هەموو ئاوارەكانی ناو كەمپ بەشە نەوتی خۆیان وەردەگرن".

بەشێكی زۆر لە ئاوارەكانی هەرێم ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان بەهۆی خراپی بارودۆخی ئه‌منی، نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و خاپوربونی خانووه‌كانیانەوە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ وتی بڕیارەكە جارێ هەر بۆ ئاوارەكانی ناو كەمپە و هیچ بڕیارێك نییە بۆ ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپ، چاوەڕێی وەڵامی وەزارەت دەكەین".

زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە لە هەرێمی كوردستان هەن، كە زۆرینە لە دهۆكن و بەشێكیان لە 16 كەمپی ئەو پارێزگایەدا نیشتەجێن، بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم.

ئەسكەندەر محەمەد ئەمین دەڵێت "ئاوارەكانی ناو كەمپ لە پارێزگای دهۆك 27 هەزار و 200 خێزانن، ئەوانەی دەرەوەی كەمپیش ژمارەیان نزیكەی پێنج هەزار خێزانە، راستە مافی ئەوانیشە نەوت وەربگرن بەڵام پێویستە وەزارەت بڕیاربدات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT