سەما؛ بە "دڵێكی شكاوەوە" مرد
كچە خوێندكارەكەی موسڵ قوربانیی حیجاب بوو؟

نەینەوا/ 2022/ دەستپێكردنی تاقیكردنەوەی نیوەی ساڵ لە قوتابخانەیەكی شاری موسڵ فۆتۆ: راگەیاندنی پەروەردەی نەینەوا

كەركوك ناو – نەینەوا

سەما محەمەد راغب، دوای بەجێهشتنی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە و لەكاتی دوبارە گەڕانەوەدا بۆ قوتابخانە؛ لە پڕ دەكەوێتە سەر زەوی و گیانلەدەستدەدات، ئەوەش بەدوای خۆیدا چەندین گومان دروستدەكات و حكومەتیش لەڕێی لیژنەیەكەوە لێكۆڵینەوە دەكات.

ئەو كچە خوێندكارە تەمەنی 12 ساڵە و لە پۆلی شەشی سەرەتایی خوێندنگەی ئەغادیری كچان بووە.

روداوەكە بەیانی چوارشەممە 2ـی شوباتی 2022 بووە لە ناوچەی موسڵ جەدیدەی بەری راستی شارەكە و تائێستاش (نیوەڕۆی پێنجشەممە) لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان ئاشكرانەكردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پۆلیسی موسڵ بۆ (كەركوك ناو) كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، ئەو منداڵە نەیتوانی بەشداری تاقیكردنەوەی ئەو رۆژە بكات، چونكە بەڕێوەبەری خوێندنگەكە داوایكردوە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە و حیجاب بپۆشێت، چونكە بێ حیجاب رێگەی پێنادرێت تاقیكردنەوە بكات، سەرچاوەكە وای وت.

xwendnga musl (3)
نەینەوا/ شوباتی 2022/ دەرگای سەرەكی قوتابخانەی ئەغادیری كچان لە موسڵ فۆتۆ: كەركوك ناو

"مامی سەما دەیباتەوە بۆ خوێندنگە، تا بتوانێت تاقیكردنەوەكەی بكات، بەڵام پێش ئەوەی بگەنەوە خوێن لە لوتی دێت و دەكەوێت بە زەویدا، دواتریش گیانلەدەستدەدات" سەرچاوەكە دەڵێت "دڵیان بە غەم و ترس سوتاند".

قسەكانی ئەو سەرچاوەیە، لە دوای روداوەكەوە لەناو خەڵك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیشدا باسدەكرێت و بەربڵاوە، بەڵام هیچیان بە رەسمی نەسەلمێنراون و لەلایەن دوو لیژنەی ئەمنی و ئیدارییەوە لێكۆڵینەوەی تیادا دەكرێت.

فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا لە بەیاننامەیەكدا ئێوارەی روداوەكە بڵاویكردەوە لەڕێی سێ ئەفسەرەوە لێكۆڵینەوەی مەیدانییان دەستپێكردووە، بە سودوەرگرتن لە كامێراكانی چاودێری، وتەی كەسوكاری كچە خوێندكارەكە و شایەتحاڵ و خوێندنگەكە، لە ئەنجامە سەرەتاییەكاندا دەركەوت ئەو كچە لە هۆڵەكانی تاقیكردنەوەدا نەكراوەتەوە دەرەوە، بەڵكو پێش كاتژمێر 8ـی بەیانی، واتە پێش دەستپێكردنی تاقیكردنەوە، لە قوتابخانەكە دەردەچێت.

"بەپێی ئەنجامی سەرەتایی راپۆرتی پزیشكی دادوەریش هۆكاری مردنەكەی نەخۆشییە لە دڵیدا و هیچ ئاسەوارێكی دەرەكی بە جەستەیەوە نەبووە" بەپێی بەیاننامەیەكەی پۆلیس، كە بەڵێندەدات لە زوترین كاتدا وردەكاری زیاتر بڵاوبكاتەوە، دەربارەی ئەوەی بۆچی ئەو كچە لە خوێندنگەكە دەڕواتە دەرەوە و ناچێتە هۆڵەكانی تاقیكردنەوەوە.

بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە لە هۆڵی تاقیكردنەوەدا نەكراوەتە دەرەوە

 پەیامنێری (كەركوك ناو)، تا كاتژمێر 7:45 خولەكی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لەبەردەم ماڵی ئەو كچە خوێندكارەكەدا لە ناوچەی موسڵ جەدیدە مایەوە، بەڵام باوكی نەیویست لێدوان بدات و تەنیا وتی "كچەكەم بوو بە پەپولەیەك لە پەپولەكانی بەهەشت، نامەوێت زوڵم لە كەس بكەم و باسی هیچ شتێك بكەم تا لێكۆڵینەوەكان تەواو دەكرێن و ئەنجامەكانی بڵاودەكرێنەوە".

سەرچاوە ئەمنییەكەی موسڵ وتی "باوكی سەما سكاڵای یاسایی لە بنكەی پۆلیسی موسڵ جەدیدە تۆماركردووە، هەموو روداوەكانی گێڕاوەتەوە و لێكۆڵینەوەی تیایدا دەكرێت".

بەپێی راپۆرتی سەرەتایی پزیشكی دادوەری، سەما محەمەد كرانەوە و گەورەی خوێنبەرەكانی رویداوە و پەڵەی خوێن لەسەر دیواری دڵی هەبووە، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەك لە پزیشكی دادوەری كە دەڵێت پزیشكانی پسپۆڕ پێیانوایە ئەو نیشانانە لە كەسانێكدا دەردەكەون پێش مردنی توشی دڵەڕاوكێ و ترس و تۆقان دەبێت.

xwendnga musl (2)
نەینەوا/ شوباتی 2022/ ئۆتۆمبێلێكی پۆلیس لەبەردەم قوتابخانەی ئەغادیری كچان لە موسڵ دوای رودانی گیانلدەستدانی خوێندكاری قوتابخانەكە فۆتۆ: كەركوك ناو

پەیامنێری (كەركوك ناو) دەڵێت گومانی هەیە ئەو كچە هەر لە سەرەتاوە حیجابی كردبێت، بەڵام هەمان رەنگی خوێندنگەكە نەبوبێت، كە رەنگی سپییە.

ئەوەش لەكاتێكدایە عەبدولرەحمان دەباغ، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی نەینەوا دوای سەردانیكردنی ماڵی ئەو كچە خوێندكارە بە رۆژنامەنوسانی وت هیچ دەقێكی یاسایی و رێنماییەك نییە پۆشینی حیجاب لە خوێندنگەكاندا بسەپێنێت و داواشیكرد هەموان چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان بكەن.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراقیش لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە دەربارەی ئەو گومانانەی لەسەر دۆسیەكە هەیە و بەپێی بەیاننامەیەكی ئەو وەزارەتە، بە ئامانجی گرتنەبەری هەر رێكار و هەنگاوێك بەرانبەر ئەوانەی كەمتەرخەم بون، ئەوەش دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی عەلی دلێمی، وەزیری پەروەردەدا هات لەگەڵ كەسوكاری سەما محەمەد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT