پۆلیسی كەركوك: 100 داواكراومان لە چەند رۆژی رابردودا دەستگیركردووە

كەركوك/ 26ی كانونی دووەمی 2022/ هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەناو شار. فۆتۆ: راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك

كەركوك ناو

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك دەستگیركردنی 100 داواكراوی لە چەند رۆژی رابردودا راگەیاند، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانیان لەناو شاری كەركوك.

لە راگەیەنراوێكدا درەنگانێكی شەوی رابردوو 10ی شوبات، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك جەختیكردەوە لەوەی ئەو 100 كەسەیان بە تاوانی جۆراوجۆر لە چەند هەڵمەتێكی ئەمنی جیادا دەستگیركردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی چەند رۆژی رابردویان، لەوانە دانانی خاڵی پشكنینی جێگیر و كاتی، جێبەجێكردنی فەرمانی دەستگیركردن و گرتنەبەری رێشوێنی یاسایی بەرانبەر تۆمەتباران و رەوانەكردنیان بۆ دادگا.

دەستگیركردنی ئەو 100 كەسە، دوای ئەوە دێت كە نزیكەی 10 رۆژە، هێزە عیراقییەكان، دەیان بازگەی كاتییان لەناو شاری كەركوك داناوە و لە دووشەممەی رابردوو 7ی شوباتەوە بازگەكان رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی كراون.

پێشتر عامر شوانی بە (كەركوك ناو)ی وت "هەندێک زانیاریی هەواڵگریی هەبون، لە نیازی هێرشكردنە سەر گرتوخانەی تەسفیراتی كەركوك، بەڵام ئێمە دڵنیایی دەدەین كە هێرشكردنە سەر گرتوخانەكە هەروا ئاسان نییە و سەختە".

وتیشی "ئێمە لە ئەرکەکانمان بەردەوامین بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی کەرکوک و لەو چوارچێوەیەشدا لە ماوەی هەفتەیەکدا چەندین بازگەی هاوبەشی پۆلیس و هێزە عیراقییەکان بڵاوەیان پێکرابوو، ئەوەش وەك رێكارێكی ئەمنی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک".

بەڵام سێشەممە 8ی شوبات لە راگەیەنراوێكدا رەتیكردەوە مەترسی لەسەر هیچ دامەزراوەیەكی حكومی لە كەركوك هەبێت.

گرتوخانەی تەسفیراتی كەركوك، لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوكدایە و لە ئێستادا لەپاڵ هێزە عیراقییەكان، دوو فەوجی پۆلیس ئەركی پاراستنی گرتوخانەكەیان لە ئەستۆیە.

عامر شوانی زیاتر وتی "داعش لە ساڵانی رابردودا هەوڵی زۆریداوە بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو گرتوخانەیەدا، بەڵام لە هەمویان شكستی هێناوە".

بەپێی راگەیەنراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك، هەڵمەتەكانیان تا كاتێكی نادیار بەردەوام دەبێت.

چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام، ناسراو بە (داعش)، لە حوزەیرانی 2014، دەستیانبەسەر قەزای حەویجە و ناحییەكانی زاب، ریاز، رەشاد، عەباسی و موڵتەقادا گرت لە پارێزگای كەركوك و تا كۆتایی 2017 ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی ئەو رێكخراوەدا بون، تا لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە كۆنترۆڵكرانەوە.

لەو ماوەیەدا دەیان چەكداری داعش لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە دەستگیركران و بەشێكیان هێشتا لە گرتوخانەكانی كەركوكدان، لە نێویاندا گرتوخانەی تەسفیراتی كەركوك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT