زیاتر لە 250 هەلیكار بۆ گەنجانی حەویجە دەڕەخسێنرێت

كەركوك/ شوباتی 2022/ پرۆژەی دروستكردنی بازاڕی سەوزە لە ناوەندی قەزای حەویجە فۆتۆ: تۆڕی راگەیاندنی عیراق

كەركوك ناو – كەركوك

ئیدارەی خۆجێیی قەزای حەویجە، لە پلانیدایە زیاتر لە 250 هەلیكار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت، ئەوەش لەڕێگەی ژمارەیەك پرۆژەوە لە نێویاندا دروستكردنی چەند بازاڕێك.

پرۆژەكانی حەویجە بە چەند قۆناغێك و لە ئەمساڵدا جێبەجێدەكرێن.

"پرۆژەكان لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان جێبەجێدەكرێن" ئەحمەد شەهاب، بەڕێوەبەری شارەوانی قەزای حەویجە بۆ (كەركوك ناو) وای وت، جەختیشیكردەوە "پرۆژەكان دەرفەتی كار بۆ گەنجانی قەزاكە دەڕەخسێنێت و لەچوارچێوەی پرۆژەی رەخساندنی هەلیكاری بەردەوامدایە".

هەروەها رونیكردەوە ئەو پرۆژانە لە چوارچێوەی قۆناغی یەكەمی ئەو پرۆژانەدایە كە ئەمساڵ جێبەجێدەكرێن.

"پرۆژەی یەكەم دروستكردنی بازاڕی سەوزەیە بۆ فرۆشیارانی گەڕۆك، كە 52 دوكان لە خۆدەگرێت و دەكەوێتە نزیك ناوچەی پیشەسازی، ئەوەش دەوروبەری 100 هەلیكاری بۆ گەنجانی حەویجە تێدایە" بەوتەی ئەحمەد شەهاب، كە پێیوایە ئەو پرۆژەیە دەبێتە هۆی كۆتاییهاتنی بە دیاردەی فرۆشیارانی سەر رێگاكانی ناوخۆی حەویجە و ئەو رێگایانەی دەچنەوە سەر قەزاكە.

كۆشكە هەڕەمییەكانی بەردەم فەرمانگە حكومییەكان نامێنن

پرۆژەی دوەم بریتییە لە دروستكردنی ژمارەیەك نوسینگە و شوێن بۆ عەریزەنوسانی دادگای حەویجە و قایمقامیەت، ئەوەش لە 40 نوسینگە پێكدێت و وەك بەڕێوەبەری شارەوانی دەڵێت؛ زیاتر لە 50 هەلیكاری تێدایە و بەوهۆیەوە كۆشكە هەڕەمەكییەكانی بەردەم دەرگای فەرمانگە حكومییەكان نامێنن.

ئەحمەد شەهاب سەبارەت بە هەماهەنگی و پاڵپشتی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ پەرەپێدان (UNDP)  دەڵێت پرۆژەیەكیان هەیە كە پێكهاتووە لە دوو بازاڕ، هەر بازاڕێكیشیان 100 دوكانی تێدایە، تا گەنجان بخرێنە سەر كار و دیمەنێكی جوانیش بە قەزاكە بدات.

ئاماژەی بەوەشدا لەگەڵ رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ (IOM) بازاڕێكی دیكەی 75 دوكانی لە ناوەندی حەویجە دروستدەكەن، بەڕێوەبەری شارەوانی هیواشی خواست بودجەی 2022ـی عیراق وەك ساڵی رابردوو دوانەكەوێت كە مانگی تشرینی یەكەم كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئەوەش بەربەست بوو لەبەردەم بەردەوامی پرۆژەكاندا.

قەزای حەویجە لە باشوری خۆرئاوای كەركوك، ژمارەی دانیشتوانی -بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانان بۆ ساڵی 2019 - زیاتر لە 300 هەزار كەس دەبن، لە ناوەڕاستی 2014ـدا قەزاكە كەوتە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام - داعش" و لە كۆتایی 2017ـدا كۆنتڕۆڵكرایەوە، هەر ئەو ساڵە پەرلەمانی عیراق وەك ناوچەیەكی وێرانە دیاریكرد بەهۆی ئەو زیانانەی لە شەڕی دژ بە داعش بەر ناوچەكە كەوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT