گۆڕانكاریی لە مەرسومەکەی نێچیرڤان بارزانیدا دەكرێت
كەمكردنەوەی سزاكەی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی دەكرێتە لەسەدا 50

خۆپیشاندەرێك وێنەی ژمارەیەك لە دەستگیركراوانی دهۆك و هەولێری بەدەستەوەیە و داوای ئازادكردنیان دەكات. فۆتۆ: رۆژنیوز

كەركوك ناو

گۆڕانكاریی لە مەرسومەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا دەكرێت و تیایدا كەمكردنەوەی سزای رۆژنامەنوس شێروان شێروانی دەستكاریی دەكرێت و لە سەدا 60ەوە دەكرێت بە لەسەدا 50، بەوەش شێروان شێروانی 10 مانگی تر ئازادەكرێت نەك شەش مانگی تر.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 23ی شوباتی ئەمساڵ بڕیاریدا بە سوككردنی سزای پێنج رۆژنامەنوس و چالاكی مەدەنی بە رێژەی لەسەدا 60ی كۆی سزاكەیان.

بەشدار حەسەن، پارێزەرێكی دۆسییەی دەستگیركراوانی بادینان، ئەمڕۆ دووشەممە 28ی شوبات، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەستکاریی کەمکردنەوەی سزاکەی سەر رۆژنامەنوس شێروان شێروانی كراوە و كەمكردنەوەی سزاكە لە سەدا 60ەوە كراوەتە لەسەدا 50".

زیاتر رونیكردەوە "ئەمڕۆ دووشەممە 28ی شوبات، چومە سەر پەڕاوەکەی شێروان شێروانی، دیارە بەهۆی ئەو پەیامەی لە گرتوخانە بۆ رای گشتی بڵاوكردەوە لەبارەی مەرسومەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەستکاری رێژەی كەمكردنەوەی سزاكەی شێروان شێروانی کراوە، ئێستا تەنیا هی ئەو کراوە بە لەسەدا 50% و ئەوانی تریش وەک خۆی ماوەتەوە کە 60%ـی سزاکەیان کەمدەکرێنەوە".

ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانە (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا)، لە 16ی شوباتی 2021دا بە دەنگی زۆرینەی دادوەرانی دادگای تاوانەكانی هەولێر، بە "سیخوڕیکردن بۆ وڵاتان و هەوڵدان بۆ کودەتا"، تاوانبارکران و بڕیاردرا بە شەش ساڵ زیندانی حوکم بدرێن، ئەوەش دوای دەستگیركردنیان لە نێوان مانگی ئەیلولی 2020 بۆ تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ.

rojnamanus-2
له‌ ده‌سته‌ راسته‌وه‌:شڤان سه‌عید، گۆهدار محه‌مه‌د، هاریوان عیسا، شێروان ئه‌مین شێروانی و ئه‌یاز كه‌ره‌م كە لە شوباتی ئەمساڵ بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 هەریەكێكیان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا

شێروان شێروانی لە پەیامێكی دەنگیدا دوای كەمكردنەوەی سزاكەیان، جارێكی تر جەختیكردەوە لەوەی زوڵم و ستەم و نادادی بەرامبەر بە ئەوان كراوە و وتیشی كە كێشەی ئەوان لەگەڵ سیستمی  حوكمڕانی و نادادپەروەرییە و وتی "ئەوەی بەرامبەر بە ئێمە كراوە چەندین رەهەندی هەیە و غەدرێكی مێژویی گەورەیە و نابێت بەو بڕیارە (كەمكردنەوەی سزاكان) شاگەشكە بین، چونكە هێشتا لەڕوی یاساییەوە ئێمە وەكو تاوانبار ناسێنراوین".

وتیشی "ئێمە بەردەوامین لە خەبات و تەنانەت زیندانیش وەكو وێستگەیەكی بەرخودان دەبینین".

كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سێشەممە یەكی ئادار بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێم نەگەیشتۆتە حكومەت، نازانین ناوەڕۆكەكەی چۆنە و چییە، ئێمە تەنیا لایەنی جێبەجێكارین و هەركات مەسرومەكەمان بەدەست بگات جێبەجێی دەكەین".

بەڵام جەختیكردەوە لەوەی مەرسومەكە دەكراوە، بەبێ ئەوەی وەك خۆی وتی "ئاگاداری ناوەڕۆكەكەی بێت".

كۆی سزاكەی سزادراوانی بادینان 72 مانگ بوو (شەش ساڵ)، دوای كەمكردنەوەی سەدا 60ی كۆی سزاكەیان نزیكەی 29 مانگیان دەمێنێتەوە.

بەلەبەرچاوگرتنی ئازادبونی مەرجدار كە بۆ هەر ساڵێك سێ مانگە، لەگەڵ كەمكردنەوەی لەسەدا 60ی كۆی سزاكەیان، نزیكەی شەش مانگی تر چوار رۆژنامەنوس و چالاكوانیان ئازاد دەكرێن. بەڵام بەهۆی دەستكاریكردنی كەمكردنەوەی سزاكەی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی، ئەوا ناوبراو 10 مانگی تر ئینجا ئازاد دەكرێت، واتە چوار مانگ دوای هاوڕێیەكانی.

سزادانی ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانە، بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 بوو، یاساكە هەمان ئەو ماددەیە یاساییەیە، بەر لە 2003، بە گۆڕانكارییەكی كەمەوە سەدام حسێن، وەك سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بەسەر پێشمەرگە و ئۆپۆزسیۆنی رژێمەكەیدا جێبەجێیدەکرد.

دەستگیركردنی ئەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوسە، دوابەدوای زنجیرەیەك خۆپیشاندان و ناڕەزایی هات لە پارێزگای دهۆك لە مانگی ئابی 2020دا دژی پێنەدانی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایان لەكاتی خۆیدا و بڕیاری پاشەكەوتكردنی موچەكانیان بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان.

لەو مانگەدا بەپێی ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، هێزەكانی سەر بە حکومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 300 کەسیان بەتۆمەتی رێکخستنی خۆپیشاندان دەستگیرکرد و زۆرینەیان لە ناوچەی بادینان بون.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەردوو ساڵی 2020 و 2021 زیاتر لە 50 چالاكوان، رۆژنامەنوس، مامۆستا و کەسی دیكەیان بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی  2003 روبەڕوی دادگا كردۆتەوە، بەشێكیان هێشتا دۆسییەكانیان لە دادگایە و یەكلایینەكراوەتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT