حكومەتی خۆجێی نەینەوا دەیەوێت لە ئەمساڵدا هەموو ئاوارەكانی شنگال بگەڕێنێتەوە

دهۆك/ 5ی حوزه‌یرانی 2021/ منداڵێكی ئێزیدی له‌ نێو خێوتێكی سوتاوی كه‌مپی شاریا دوابه‌دوای رۆژێك له‌ روداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ 300 خێوه‌ت سوتان فۆتۆ: كاروان باعه‌دری

عەمار عەزیز – نەینەوا

نەجم جبورى، پارێزگارى نەینەوا سەرقاڵی دۆزینەوەی چەند میكانیزمێكە بۆ گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكانی قەزای شنگال كە هەشت ساڵە لە كەمپەكانی ئاوارەییدا دەژین، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەفدێكی باڵای ئەمنی سەردانی قەزای شنگالی كرد.

ئەو وەفدە دووشەممە 28ی شوبات لە بارەگای فرقەی 20ی سوپای عیراق لە شنگال بە سەرۆكایەتی نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا كۆبونەوە.

عەلى عومەر گەعبۆ، جێگرى پارێزگارى نەینەوا بۆ کاروبارى ئاوارەکان بە (کەرکوک ناو)ى وت "سەرقاڵى دۆزینەوەى چەند رێگایەکى نوێین بۆ گەڕاندنەوەى تەواوی ئاوارەکانى شنگال، بۆ ئەم مەبەستەش چەند کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمنى شنگال و هەروەها حکومەتى هەرێم و رێکخراوەکان ئەنجامداوە، سەردانەكەی پارێزگاری نەینەواش بۆ شنگال هەر لەو چوارچێوەیەدا بووە".

"دەمانەوێت هەموو ئاوارەکانى سنورى پارێزگاى دهۆک بگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان، پارێزگارى نەینەواش زۆر جەختى لەم بابەتە كردۆتەوە"، بەپێی زانیارییەكان ئامانج ئەوەیە لە ئەمساڵدا تەواوی ئاوارەكان بگەڕێنرێنەوە.

دەمانەوێت هەموو ئاوارەکانى سنورى پارێزگاى دهۆک بگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان

دەیان هەزار هاوڵاتی خەڵكی شنگال لە باكوری خۆرئاوای موسڵ لە پارێزگای نەینەوا، كە زۆرینەیان ئێزیدین لە ئابی 2014 ناوچەكانی خۆیان بەجێهێشت و ئاوارەبون، ئەوەش دوای هێرشی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش).

زۆرینەی ئێزیدییەكان و ئاوارەكانی شنگال لە سنوری پارێزگای دهۆك لە كەمپەكاندا دەژین و دابەشبون بەسەر 16 كەمپی ئاوارەییدا. ئەمە جگەلەوەی بەشێكی تریان لە كەمپەكانی تری هەرێمی كوردستان یان لە دەرەوەی كەمپەكاندان و نەگەڕاونەتەوە بۆ شنگال.

بەگشتی هۆكاری نەگەڕانەوەیان خراپی دۆخی ئەمنی و نەبونی خزمەتگوزارییە لە ناوچەكانیان، دوای ئەوەی شنگال لە كۆتایی 2015دا لەژێر چنگی داعش دەرهێنرا.

عەلى عومەر، جێگرى پارێزگارى نەینەوا بۆ کاروبارى ئاوارەکان، وتی "دوخى ئەمنى قەزاى شنگال لەئێستادا باشە و لەژێر كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە، حكومەتی خۆجێی موسڵ بەنیازە بۆ ئەمساڵ کۆمەڵێک پڕۆژەى خزمەتگۆزارى لە سنورى قەزاکە جێبەجێبكات".

campi qadya
دهۆك/ 2020/ كەمپی ئاوارەكانی قادیا كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە هاوڵاتیانی ئێزیدین فۆتۆ: خەیری عەلی

كۆتایی ساڵی رابردوو حكومەتی عیراق بڕیاریدا بە دابینكردنی 28 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەى شنگال و پارێزگارى نەینەواش لیژنەیەکى تایبەتی بۆ چۆنیەتى خەرجکردنى ئەو بڕە پارەیە پێکهێناوە.

سەرچاوەیەکى ئەمنى لە قەزاى شنگال، لەبارەی كۆبونەوەكەی پارێزگاری نەینەوا و لایەنە ئەمنییەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "نەجم جبوری لە كۆبونەوەكەدا وتی كە دەبێت هەموو کارئاسانییەك بكرێت بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکان و دۆخی ئەمنیش باشتربكرێت".

دۆخی ئەمنی شنگال بەهۆی زۆر و بۆری هێزی ئەمنییەوە جۆرێك لە ناسەقامگیری تیایدا دەبینرێت، ئەوەش بەهۆكارێكی نەگەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكان دادەنرێت.

ئەو هێزانە دابەشبون بەسەر سوپا، دەستەی گشتی حەشدی شەعبی و هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كە لە دوای شەڕی داعش لە خەڵكی ئەو قەزایە پێكهێنراون.

لە كۆتایی ساڵی رابردوش چەندجارێك لە شنگال و ناحیەی سنونێ بارگرژی لە نێویاندا دروستبوو.

ئازاد حسێن، جێگرى هاوسەرۆکى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەرى شنگال، بە (کەرکوک ناو )ى وت "بە پێویستمان نەزانى بەشداری كۆبونەوەكەی پارێزگاری نەینەوا بكەین، چونكە قەزاى شنگال و دەوروبەرى لەڕوى ئەمنییەوە هیچ کێشەیەکى نییە".

ئەو ئەنجومەنە لە كۆتایی ساڵی 2019 لەلایەن بەشێك لە پێكهاتەكانی ئەو قەزایەوە دروستبووە و ئامانج لێی ئیدارەدانی قەزاكەیە، بەو هۆیەوە هەر خۆیان قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكانیان هەڵبژارد، بەبێ گەڕانەوە بۆ هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم.

ئازاد وتیشی "نەگەڕانەوەى ئاوارەکان هیچ پەیوەندى بە پرسى ئەمنییەوە نییە، واباشترە رێککەوتنێکى نوێ لە نێوان پارتى و حکومەتى عیراق و هەموو  هێز  و لایەنەکانى شنگالدا بکرێت بۆ ئیدارەدانی قەزاكە".

واباشترە رێککەوتنێکى نوێ لە نێوان پارتى و حکومەتى عیراق و هەموو  هێز  و لایەنەکانى شنگالدا بکرێت بۆ ئیدارەدانی قەزاكە

ئەوەش لەكاتێكدایە لە تشرینی یەكەمی 2020، هەردوو حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێككەوتنێكیان واژۆكرد بۆ ئیدارەدانی قەزای شنگال و بەپێی رێككەوتنەكە ئیدارەیەكی نوێ بۆ قەزاكە دادەنرێت كە لەئێستادا لەلایەن ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەرى شنگالەوە بەڕێوەدەبرێت، هەروەها دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوه‌ندی شار به‌ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی و هه‌واڵگرییه‌وه‌ ده‌بێت و له‌ ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ش هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی جێگیرده‌بن.

بەپێی رێككەوتنەكە هێزەكانی نزیك لە پەكەكە دەبێت ناوچەكە چۆڵبكەن.

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، هەر زوو ئەو رێككەتنەی رەتكردەوە وجەختیكردەوە لەوەی رۆڵ نەدراوە بە خەڵكی شنگال و بەبێ ئەوان رێككەوتنیان كردووە.

قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی  فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT