ئاليا؛ قوربانی هاوسەرگیری پێشوەختە
لە سێ مانگدا 16 ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون  

فۆتۆ: Molly Blackbird، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 20ـی ئاداری 2022

فەرمان سادق – هەولێر

باوكی ئالیا، لەو سەری كۆڵانەكەوە چەند كاتژمێرێك بە كڵاشینكۆفێکەوە بۆسە بۆ كچەكەی دادەنێت؛ كاتێك ئالیا دەگەڕێتەوە، پێش ئەوەی بگاتە بەر دەرگای ماڵەوە شەش فیشەكی پێوەدەنێت.

ئەوە روداوی بەرەبەیانی هەینی 18ـی ئاداری 2022 یە لە ناوەندی قەزای سۆران لە باكوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەولێر.

بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سۆران، كاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئاگاداركراونەتەوە تەرمی ژنێك رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتن كراوە و دەركەوتووە "باوكی شەش فیشەكی پێوەناوە و دەستبەجێ گیانیلەدەستداوە"، بەپێی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی.

ئالیا ژنە كوژراوەکەی سۆرانە؛ تەمەنی 15 ساڵە و دوای جیابونەوەی لە هاوسەرەكەی، لە ماڵی باوكی دەژیا.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رووداوەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت "باوكی ئالیا بە چەكێكی جۆری كلاشینكۆفەوە لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی كچەكەیدا بووە، چونكە ئالیا ئەو شەوە لە دەرەوەی ماڵ بووە و درەنگ گەڕاوەتەوە".

ئالیا پێش ئەوەی بگاتە دەرگای ماڵەوە باوكی دەستڕێژی گولـلەی لێكردووە

"ئالیا لەناو ئۆتۆمبێلێكدا بووە، كاتێك گەیشتونەتە كۆڵانی ماڵی باوكی، لە سەری كۆڵانەكە ئالیا دابەزیووە و پێش ئەوەی بگاتە دەرگای ماڵەوە باوكی دەستڕێژی گولـلەی لێكردووە، چەند فیشەكێك بەر ئۆتۆمبێلەكەش كەوتووە، هەر لەوێدا ئالیا كەوتۆتە سەر زەوی و فریا نەكەوتووە هەڵبێت".

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "دوو گەنج لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا بوون، هەردوكیان دەستبەجێ بە ئۆتۆمبێلەكە هەڵاتون".

بەپێیە بەدواداچونی (كەركوك ناو) ئالیا لە تەمەنی 13 ساڵیدا هاوسەرگیری پێكراوە، هەرئەوكات وازی لە خوێندن هێناوە، بەڵام (كەركوك ناو) زانیاری دەستنەكەوت لەو تەمەنەدا لە دادگا گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ كراوە یان نا.

بەپێی یاسا بەركارەكانی عیراق، كچان لە تەمەنی 15 ساڵی بەرەوسەرەوە، بە چەند مەرجێک کچان رێی هاوسەرگیرییان پێدەدرێت.

بەڵام بەپێی راگەیەندراوێكی دیكەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سۆران بۆ رای گشتی، ئالیا " قوتابییە و دانیشتووی گەڕەكی شەهیدانی حەریقە و لەلایەن باوكیەوە بە كڵاشینكۆف دەستڕێژی گولـلەی لێكراوە و شەش گولـلەی بەركەوتووە و دواتر دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە".

ئەوە لەكاتێكدایە، زیاتر لە سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو) جەختیانكردەوە ئالیا بەهۆی هاوسەرگیرییەوە دووساڵ لەمەوبەر وازی لە خوێندن هێناوە.

لە سەرەتاوە، بەڕێوەبەرایەتی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان هۆكاری كوشتنی ئالیا-ی بۆ "كێشەی كۆمەڵایەتی" گەڕاندەوە. هەرچەندە، هەر بە ووتەی پۆلیس، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەوێتە دوای پشووی نەورۆز کە هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.

zhnan-18
سلێمانی/ 8ـی ئاداری 2022/ خۆپیشاندانی ناڕەزایی ژنان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دژی كوشتنی ژنان بەپاساوی شەرەف فۆتۆ: كەركوك ناو

ئالیا دوای دوو ساڵ لە هاوسەرگیری جیادەبێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی باوكی.

كاتێك تەرمەكە گەیەنرایە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سۆران، كەسوكاری لە بازنەی یەكەم و دووەمی نەهاتنە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەكەی، بەڵام خزمی دووری هاتوون و بە پۆلیسیان وتووە كە ئالیا هێشتا كچە و قوتابییە. ئەوەش وایكرد بۆ دڵنیابوونی زیاتر تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادی هەولێر بكرێت، بەڵام "دواتر دەركەوت كە ئالیا لە تەمەنی 13 ساڵی شووی كردووە و وازیشی لە خوێندن هێناوە" بەوتەی سەرچاوەكەی (كەركوك ناو).

لە سەرەتای 2022ـەوە، چەندین ژن و كچی دیكە لە هەرێمی كوردستان بە پاساوی "شەرەف و كێشەی كۆمەڵایەتی" كوژراون لە نێویاندا؛ كوشتنی ماریا سامی (20 ساڵ) لەلایەن برایەكیەوە لە هەولێر و شنیار هونەر (21 ساڵ) لەلایەن هاوسەرەكەیەوە لە سلێمانی.

بەهار عەلی، سەرپەرشتیاری هاوپەیمانی ژنانی كوردستان، کە بەرەیەکە لە ژمارەیەک رێکخراوی بەرگریکار لە مافەکانی ژنان پێکهاتووە ، بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئالیا بووە 16ـیەمین ژن كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا كوژراون".

باوكی ئالیا دەستبەجێ دوای كوشتنی كچەكەی خۆی رادەستی پۆلیس كردووە و ئەو دوو گەنجەش لەكاتی گەڕانەوەی ئالیا بۆ ماڵەوە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا هەبون دەستگیركراون.

"رێڕەوی لێكۆڵینەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی راپۆرتی پزیشكیی دادی هەولێرە، كە دەكەوێتە دوای پشوەكانی جەژنی نەورۆز (یەكشەممەی داهاتوو 27ـی ئادار)، لێكۆڵینەوە لە باوكی ئالیا و ئەو دوو گەنجە نەكراوە، بەهۆی پشوەكانەوە دەکەوێتە دوای بۆنەكانی نەورۆز" بەپێی سەرچاوەكەی (كەركوك ناو).

جێبەجێنەكردنی یاسا هۆكارێكە لە بەردەوامبوونی كوژرانی ژنان

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان، لە ساڵی رابردوودا 24 ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون، جیا لە تۆماركردنی 62 حاڵەتی "خۆكوشتن" و زیاتر لە 78 حاڵەتی "خۆسوتاندن".

نەقیب شێروان خالید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سۆران بە (كەركوك ناو)ـی وت لەمساڵدا ئەوە یەكەم ژنە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بكوژرێت، بەڵام لە مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵ ژنێكی تر "بە چەك خۆی كوشتووە".

هەروەها جەختیكردەوە "لە ساڵی 2015ـەوە تائێستا بە دۆسیەكەی (ئالیا)ـەوە دووەم ژنە لەلایەن كەسوكاریەوە كوژرابن، چاوەڕوانین دوای جەژنی نەورۆز رێكارەكانی لێكۆڵینەوە دەستپێبكەن".

بەپێی ئامارە رەسمییەكان، لە ساڵی 2015ـەوە تائێستا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 300 ژن كوژراون.

سەرپەرشتیاری هاوپەیمانی ژنانی كوردستان دەڵێت یەكێك لە كێشەكانی ژنان لە تەمەنی خوار 18 ساڵییەوە بە شوو دەدرێن و زۆریان پەڕاوی یاساییان لە دادگاكان نییە، واتە لە دادگا مارەبڕییان بۆ نەكراوە بۆیە خاوەنی هیچ پەڕاوێك نین، "تەنانەت ئەو ژنانەی لە دەرەوەی دادگا شوو بە پیاوێك دەكەن كە ژنی هەیە، ئەوانیش بەشی زۆریان پەڕاویان نییە و كاتێك منداڵیان دەبێت دووچاری كێشە دەبنەوە لە دەرهێنانی ناسنامەی باری شارستانی".

بەهار عەلی وتی "هەرچەندە لە كوردستان یاسا بەرانبەر كوژرانی ژنان توندە، بەڵام جێبەجێنەكردنی یاسا هۆكارێكە لە بەردەوامبوونی كوژرانی ژنان".

لە هەرێمی كوردستان، كوشتنی ژنان بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت كە سزاكەی زیندانی هەتاهەتایی تا لەسێدارەدانە و بكوژەكانیش بەپێی یاسا هیچ لێبوردنێك نایانگرێتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT