بە "پــارە" سوڵح كراوە
دوو جوتیارە حوكمدراوەكەی داقوق ئازاد دەكرێن

كەركوك/ 22ی كانونی یەكەمی 2021/ جوتیارێكی كورد لەنێو زەوییەكی كشتوكاڵیدا لە گوندی فەریق لە سنوری قەزای داقوق. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – كەركوك

دادگای داقوق، بڕیاریدا بە ئازادكردنی دوو جوتیاری حوكمدراو و هەڵوەشاندنەوەی سزاكەیان، دوای پاشەكشێی سكاڵاكار لە مافی خۆی، بەهۆی سوڵحی عەشایەرییەوە.

ئەو دوو جوتیارە كوردەی گوندی كولی تەپە، هەفتەی پێشوو یەكی بە شەش مانگ زیندانی سزادران، لەسەر سكاڵای ژمارەیەك جوتیاری عەرەب، كە دوو ساڵ پێش ئێستا دژی ئەو دوو جوتیارە تۆماریان كردبوو، بەهۆی شەڕ و بارگرژیی نێوانیان لەسەر زەوی كشتوكاڵی.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دادگا كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت دادگای داقوق چوارشەممە 23ـی ئادار بڕیاری ئازادكردنی بۆ دوو جوتیارەكە دەركرد، چونكە سكاڵاكارەكان پاشگەزبونەتەوە لە سكاڵاكە و لێیان خۆشبون.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە دۆسیەی ئەو دوو جوتیارە لە دەرەوەی دادگا و لەرێی سوڵحی عەشارییەوە بە "پارە" چارەسەر كراوە، بەڵام (كەركوك ناو) نەیتوانی زانیاری لەسەر بڕی پارەی سوڵحەكە دەستبكەوێت.

ئەو دوو جوتیارە لە بنكەی پۆلیسی داقوق زیندانیكرابون.

فەهمی حەبیب، برای یەكێكە لە جوتیارە حوكمدراوەكان پێشتر بە (كەركوك ناو)ـی وت هەوڵدەدەن بە دانیشتن و سوڵحی عەشایەری چارەسەری كێشەكە بكەن.

هەر ئەوكات وتی "ئێمە لە شوێن و زەوی خۆمان دانیشتوین، ئەوان (جوتیارانی عەرەب) هاتونەتە سەرمان و ناچاربوین بەرگری بكەین، رێگرییان لێبكەین، چونكە ئێرە زێدی و باوباپیرانمانە".

نزیكەی دوو هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە گوندی كولی تەپە لە باشوری داقوق (44كم باشوری كەركوك) لە نێوان جوتیارانی كورد و عەرەب كێشەی خاوەندارێتییان لەسەرە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT