بۆ ئازادكردنی داوای 200 ملیۆن دینار كراوە
تەرمی منداڵە رفێنراوەكەی كەركوك دۆزرایەوە

ئەیوب ئەحمەد (8ساڵ)، دوای دوو رۆژ لە رفاندنی تەرمەكەی دۆزرایەوە.

كەركوك ناو

تەرمی منداڵێكی هەشت ساڵان لە رێگای بازنەیی كەركوك دۆزرایەوە، دوای ئەوەی دوو رۆژ لەمەوبەر رفێنراو بۆ ئازادكردنی داوای 200 ملیۆن دینار كرابوو.

تەرمەكە درەنگانێكی شەوی رابردوو 21ی نیسان لەلایەن پۆلیسەوە هەڵگیرایەوە، ئەمڕۆش هەینی 22ی نیسان كەسێك بە تۆمەتی كوشتنی دەستگیركرا، كە خزمی نزیكی ئەو خێزانەیە، بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك، كە روداوەكەیان بۆ (كەركوك ناو) پشتڕاستكردەوە.

یەكێك لە سەرچاوەكان، جەختیكردەوە، "ئەو منداڵە ناوی ئەیوب ئەحمەدە و تەمەنی هەشت ساڵە، دوو رۆژ لەمەوبەر لە گەڕەکی خەزرای شاری کەرکوک رفێنرا و چارەنوسی نادیاربوو، تا درەنگانێكی شەوی رابردوو تەرمەكەیمان لە رێگای بازنەیی كەركوك دۆزییەوە"، بەبێ ئەوەی وردەكاری دۆزینەوەی تەرمەكەی باس بكات.

"باوکی منداڵەکە ئەفسەری پۆلیسە لە قەزای بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین، بەڵام لە كەركوك دادەنیشن... رفێنەرەكە بۆ ئازادكردنی ئەیوب داوای 200 ملیۆن دیناری كردووە"، سەرچاوەكە زیاتر وتی "هەرچەندە کەسوکاری ئەو منداڵە ویستویانە ئەو بڕە پارەیە پەیدابکەن، بەڵام شەوی رابردوو ئاگاداركراونەتەوە لەوەی تەرمەكەی دۆزراوەتەوە".

رفێنەرەكە بۆ ئازادكردنی ئەیوب داوای 200 ملیۆن دیناری كردووە

نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 22ی نیسان، پۆلیسی كەركوك دەستگیركردنی كەسێكی راگەیاند و وەكو تۆمەتباری سەرەكی رفاندن و كوشتنی ئەو منداڵە ناوی برد، بەپێی سەرچاوەكە "دەستگیركراوەكە خزمی نزیكی كەسوكاری ئەو منداڵەیە و كارەكەی لەپێناو پارەدا كردووە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT