یەبەشە و سوپای عیراق "نەگەیشتنە رێككەوتن"
شەڕڤانێك گیانیلەدەستدا و 21 سەربازی سوپای عیراق برینداربون

شنگال/ 11ی ئازاری 2021/ هێزەكانی ئاسایشی ئێزیدخان لەحاڵەتی ئامادەباشیدان بەرامبەر بە سوپای عیراق فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عەمار عەزیز – نەینەوا

سوپای عیراق لەگەڵ ئاسایشی ئێزیدخان و یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) نەگەیشتنە رێككەوتن بۆ ئیدارەدانی دۆخی ئەمنی ئەو قەزایە، ئەوەش دوای روبەڕوبونەوەی چەند رۆژی رابردوی نێوانیان هات كە بەهۆیەوە شەڕڤانێك گیانیلەدەستداوە و 27 كەس برینداربون، كە زۆرینەیان لە سوپای عیراقن.

پێنجشەممە 21ی نیسان، وەفدێكی باڵای وەزارەتی یەرگری عیراق، گەیشتە شنگال و لەگەڵ سوپا و هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كۆبۆوە، ئەوەش بە سەرۆكایەتی عەبدولئەمیر رەشید یارەڵلا، سوپاسالاری عیراق و دوابەدوای پێكدادانی نێوان ئەو هێزانە لەسەر دۆسیەی ئەمنی قەزاكە.

خودێدا ئەلیاس، سەرۆكی ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "نوێنەری ئێمە بەشداربووە لە كۆبونەوەكە، بەگشتی گفتوگۆكان تایبەت بون بە گرژییەكانی ئەمدواییە و دۆخی ئەمنی قەزاكە، هەرچەندە باس لە كۆمەڵێك چارەسەر كراوە، بەڵام نەگەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی". خودێدا باسی چارەسەرەكانی نەكرد.

لە رۆژانی 18و 19ی نیسان شەڕ و پێكدادان لە نێوان ئاسایشی ئێزیدخان و سوپای عیراق دروستبوو.

سوپای عیراق ویستی خاڵێكی سەربازی لە نزیك ناحیەی سنونێ بە ئاسایشی ئێزیدخان چۆڵبكات و لەوێوە روبەڕوبونەوە رویدا و چەكی قورس و سوك بەكارهێنرا.

بەپێی دواین ئاماری (كەركوك ناو)، كە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شنگال وەریگرتووە، شەڕڤانێك دوای برینداربونی گیانیلەدەستداوە و سێی تر برینداربون، لە سوپای عیراقیش 21 سەرباز برینداربون. لەگەڵ برینداربونی سێ مەدەنی.

خودێدا ئەلیاس، جەختیكردەوە "هەفتەی داهاتوو وەفدێكی باڵاى ئەمنى لە شنگالەوە سەردانى بەغدا دەکات و نوێنەری ئێمەش بەشداردەبێت، چاوەڕواندەكرێت ئەو وەفدە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ببینن... ئەمە درێژەدانی كۆبونەوەكەی پێنجشەممە دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەمنی قەزای شنگال".

هەفتەی داهاتوو وەفدێكی باڵاى ئەمنى لە شنگالەوە سەردانى بەغدا دەکات و نوێنەری ئێمەش بەشداردەبێت

دۆسییەی ئەمنی ناوەندی شنگال، بەپێی رێككەوتنی دوولایەنەی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە تشرینی یەكەمی 2020 بڕیاری لەسەر دراوە، بەدەست پۆلیسی ناوخۆیی و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی و هه‌واڵگرییه‌وه‌ ده‌بێت، له‌ ده‌وروبه‌ری شنگالیش هێزه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵی جێگیرده‌بن، هەرچی هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستانە لەوانەش یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان هیچ رۆڵێكیان پێنەدراوە و بەپێی رێككەوتنە دەبێت شنگال بەجێبهێڵن.

ybsh
نه‌ینه‌وا، 2017، هێزێكی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌) له‌ قه‌زاكه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌به‌شه‌

بەڵام ئەو رێككەوتنە لەلایەن ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال-ەوە رەتكراوەتەوە، ئەو ئەنجومەنە لە ساڵی 2019ەوە لەلایەن پێكهاتە جیاوازەكانی قەزاكەوە پێكهێنراوە و ئامانج لێی ئیدارەدانی قەزاكەیە لەڕوی ئەمنی و ئیدارییەوە.

هەردوو یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و ئاسایشی ئێزیدخان كە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن و خەڵكی ناوچەكە لەوانەش ئێزیدییەكان پێكهێنەری سەرەكین تیایاندا، لە ژێر ركێفی ئەو ئەنجومەنەدا كاردەكەن.

ئەو دوو هێزە لەسەردەمی شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، پێكهێنراون و رۆڵیان هەبوو لە كۆنترۆڵكردنەوەی قەزاكە لە چنگی داعش.

بەشێكی زۆری هێزەكانی یەبەشە لە چوارچێوەی دەستەی گشتی حەشدی شەعبیدان و موچەكانیان سەر بەو دەستەیەیە.

"ئێستا شەڕ نەماوە، بەڵام كێشە لە نێوان سوپای عیراق و هێزەكانی ئێمەدا هەیە و ئەو خاڵە سەربازییەی ئاسایشی ئێزیدخان كە كێشەكەی لەسەر دروستبوو لە ناحیەی سنونێ، بە تەواوی رادەستی سوپا و پۆلیسی ناوخۆیی كراوە"، خودێدا وای وت.

ئێستا شەڕ نەماوە، بەڵام كێشە لە نێوان سوپای عیراق و هێزەكانی ئێمەدا هەیە

وەزارەتى بەرگرى عیراق، پێنجشەممە 21ی نیسان راگەیەنراوێكی لەسەر كۆبونەوەی شنگال بڵاوكردەوە و تیایدا جەختدەكاتەوە "پێویستە پێداچونەوە بە پلانى ئەمنى ناوچەکەدا بکرێت، هەروەها گرنگى زیاتر بە سەربازەکان بدرێت".

بەڵام خودێدا ئەلیاس، وتی "ئێمەش دەمانەوێت گرژییەكانی شنگال كۆتاییان پێبهێنرێت، بەڵام نابێت لەسەر حیسابی یەبەشە و ئاسایشی ئێزیدخان بێت، ئێمە ناوچەكە بەجێناهێڵین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT