لەسەر كەیسی كوشتنی ژن و پیاوەكەی گەڕەكی شۆراو
دادگای كەركوك بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دوو كەس دەركرد

كەركوك/ 18ی تشرینی دووەمی 2021/ بەردەم ماڵی ئەو ژن و پیاوەی لەنێو ماڵەكەی خۆیاندا كوژران. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كەركوك ناو

دادگای تاوانەكانی كەركوك بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دوو كەس دەركرد، بە تاوانی كوشتن و سەربڕینی ژن و پیاوێك لە گەڕەكی شۆراوی كەركوك لە تشرینی دووەمی 2021.

پێنجشەممە 19ی ئایاری 2022، دادگا لە دانیشتنێكیدا بۆ دۆسییەی هەریەكە لە نوری بەدر جاسم و عەباس فازڵ ئەحمەد كە هاوژینی یەكتر بون، بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ هەریەكە لە ویسام سەڵاحەدین عەلی فەتاح بەیاتی و عەبدولودود لەیس كرومی دەركرد، ئەوەش بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی.

بەپێی بڕیارەكەی دادگا، كە كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو)، كەوتووە، هەردوو تاوانبار، بە دوجار لە سێدارەدان سزادراون، جارێكیان لەسەر كەیسی نور بەدر جاسم و جارێكیش لەسەر كەیسی عەباس فازڵ ئەحمەد. سكاڵاكەش لەلایەن كەسوكاری ئەو دوو هاوژینەوە تۆماركرابوو.

بەپێی بڕیارەكەی دادگا هەردوو تاوانبار، بە دوجار لە سێدارەدان سزادراون، جارێك لەسەر كەیسی نور بەدر جاسم و جارێك لەسەر كەیسی عەباس فازڵ ئەحمەد

لە 18ی تشرینی دووەم، پۆلیسی كەركوك تەرمی ژن و پیاوێكی لە ماڵەكەی خۆیاندا لە گەڕەكی شۆراو هەڵگرتەوە، پیاوەكە عەباس فازڵ ئەحمەد سەربڕدرابوو و جەستەی ژنەكەشی نور بەدر جاسم شوێنەواری فیشەكی پێوەبوو.

دوای زیاتر لە مانگێك لەو روداوە، پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی كەركوك، لە راگەیەنراوێكدا لە 22ی كانونی یەكەمی 2021 بڵاویكردەوە، كە بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی تاوانی بەسرە، توانیویانە سێ تۆمەتباری هەڵاتوی ئەو كەیسە دەستگیربكەن، ئەوەش دوای چاودێریی و لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی زانیاریی.

"تۆمەتبارەكان دوو  پیاو و ژنێك بون، دوای ئەوەی ژن و پیاوێكیان لەناو ماڵەكەی خۆیاندا لە شۆراو سەربڕی، بەرەو پارێزگای بەسرە هەڵاتون"، لە راگەیەنراوەكەدا زیاتر جەختكراوەتەوە لەوەی "بەپێی دانپێدانانە سەرەتاییەكان، پاڵنەری ئەو تاوانە دزینی پارە و ئاڵتون بووە".

یەكێك لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە، دانیبەوەداناوە كە نزیكایەتی هەبووە لەگەڵ پیاوەكەدا و لە راگەیەنراوەكەی پۆلیسدا هاتبوو "ئەو كەسەیان پێشینەی تاوانی هەبووە".

ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی، تایبەتە بە دەركردنی سزای لە سێدارەدان بۆ هەركەسێك كە بە ئەنقەست كەسێك بكوژێت.

لە بڕیارەكەی دادگای كەركوكدا هیچ ئاماژەیەك بە كەسی سێیەم نەكراوە، كە لەگەڵ ئەو دوو تاوانبارەدا دەستگیركرابوو.

عەباس فازڵ تەمەنی نزیكەی 55 ساڵ بوو، هاوژینەكەشی نزیكەی 45 ساڵ بوو.

ئەوكات سەرچاوەیەكی پۆلیسی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای كوشتنیان ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری هوندای مۆدێل 2020 بردراوە... بەڵام نیوەڕۆی هەمان رۆژ ئۆتۆمبێلەكە لە نێوان دووسایدی پەنجاعەلی و گەڕەكی قادسییە هەر لە كەركوك دۆزاوەتەوە".

ژنەكە مامۆستایە و لە نەتەوەی عەرەبە، ئەوەش بەپێی دراوسێیەكانی كە پێشتر قسەیان بۆ (كەركوك ناو) كردووە و جەختیانكردەوە لەوەی "ژنی دووەمی ئەو پیاوە بووە".

هەرچی پیاوەكەیە فەرمانبەری شارەوانی كەركوكە و لە نەتەوەی كوردە.

یەكێك لە دراوسێیەكانیان ئەوكات بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆر نییە هاتونەتە ئەم گەڕەكە، تەنیا خۆیانن و منداڵیان لەگەڵدا نەبووە"، زیاتر وتی "ماڵێكی بێ كێشە و بێدەنگ بون".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT