راكان سەعید لەبری بینای پارێزگا، لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوێی لێگرتن

بەرهەمی خۆپیشاندانی گوندنشینان 20 مێگاوات كارەبا بوو

كەركوك/یەكی حوزەیرانی 2022/ خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە گوندنشینانی هەردوو ناحیەی پردێ و شوان دژی كەمی كارەبا. فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

ئیدارەی كەركوك بریاریدا 20 مێگاوات كارەبا بۆ گوندنشینانی هەردوو ناحیەی شوان و پردێ زیادبكات، ئەوەش وەك مەرجی كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان. بڕیارەكە لەناو بینای مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كەركوك درا، لەكاتێكدا راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بڕیاربوو لەناو بینای پارێزگا پێشوازی لە نوێنەری گوندنشینان بكات.

چوارشەممە یەكی حوزەیران، ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی گوندەكانی سەر بەو دوو ناحیەیە لە كەركوك، خۆپیشاندانێكی فراوانیان رێكخست، دژی پچڕانی بەردەوامی كارەبا لە ناوچەكانیان و پێدانی چەند كاتژمێرێكی كەم لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما.

هەرچەندە بڕیاربوو خۆپیشاندانەكە دوابخرێت، بەڵام پێشوازینەكردنی راكان سەعید سەرلەبەیانی هەمان رۆژ لە نوێنەری گوندنشینان بووەهۆی دەستپێكردنی و بەهۆیەوە رێگای سەرەكی كەركوك – هەولێریان داخست.

محەمەد حەسارى ئەنجومەنى گوندى حەسار، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتا وەكو نوێنەری چەند گوندێكی ناوچەكە چوینە بەردەم بینای پارێزگای كەركوك، چونكە مەوعیدی كۆبونەوەمان لەگەڵ راكان سەعید هەبوو، بەڵام ناوبراو بینای پارێزگای بەجێهێشتبوو، وتیان چووە بۆ كردنەوەی گەورەترین كۆگای كشتوكاڵ".

چوینە بەردەم بینای پارێزگای كەركوك، چونكە مەوعیدی كۆبونەوەمان لەگەڵ راكان سەعید هەبوو، بەڵام ناوبراو بینای پارێزگای بەجێهێشتبوو

دوای دوو كاتژمێر مانەوە، نەتوانرا پارێزگاری كەركوك ببینرێت، بەو هۆیەوە خۆپیشاندان لەسەر رێگای سەرەكی هەولێر – كەركوك دەستیپێكرد و تایە لەسەر رێگاكە سوتێنرا و بە تەواوی هاتوچۆ پەكخرا. ئەو رێگایە هەولێر و زۆرینەی شارەكانی هەرێم بە كەركوك و پارێزگاكانی خواروو و ناوەڕاستی عیراق دەبەستێتەوە.

لانیكەم 10 رۆژە كاتژمێری كارەبای نیشتیمانی لەو گوندانە كەمبۆتەوە و چارەسەنەكراوە.

ئارام مەحمود، یەكێك لە خۆپیشاندەران وتی "رۆژی وا هەیە لە حەوت كاتژمێر تەنیا یەك كاتژمێر كارەبامان پێدەدەن، لەو كاتژمێرەشدا زیاتر لە پێنج جار دەبڕێت، ئەگەر رێگاكەمان نەگرتایە حكومەت گوێی لێنەدەگرتین، تەنانەت ئامادەنەبون لەگەڵیشمان كۆببنەوە".

دیمەنێك لە خۆپیشاندانی گوندنشینانی سنوری هەردوو ناحیەی شوان و پردێ لە كەركوك.

"كاتێك بۆ چەند كاتژمێرێك رێگای سەرەكیمان داخست، ئینجا ئیدارەی كەركوك خۆی داوای كۆبونەوەی كرد"، ئارام مەحمود وایوت.

لەگەڵ فراوانبونی خۆپیشاندانەكە و دروستبونی قەرەباڵغییەكی زۆر، راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، داوای لە نوێنەری خۆپیشاندەران كرد لە بینای مەكتەبی سیاسی یەكتر ببینن.

پارێزگاری بەوەكالەت لەوكاتەدا بۆ پیرۆزبایی ساڵیادی دروستبونی یەكێتی سەردانی ئەو حزبەی كردبوو، هەرلەوێش بە ئامادەبونی لێپرسراوانی یەكێتی بەڵێنیدا 20 مێگاوات كارەبا بەو گوندانە بدات.

محەمەد حەساری، وتی "بەڵێنی ئەوەشیدا خزمەتگوزاریی بۆ گوندەكانی ئەو دوو ناحیەیە بكات".

بەڵێنی ئەوەشیدا خزمەتگوزاریی بۆ گوندەكانی ئەو دوو ناحیەیە بكات

(كەركوك ناو)، چەند جارێك پەیوەندی كرد، بە نوسینگەی پارێزگاری كەركوك، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

راكان سەعید، بەپێی وتەی سەرچاوەیەك كاتژمێر دووی بەرەبەیانی سێشەممە یەكی حوزەیران لەڕێی بەڕێوەبەری ناحیەی پردێوە، بەڵێنیدابوو سەرلەبەیانی یەكی حوزەیران لەگەڵ نوێنەری گوندەكان كۆببێتەوە و داواكارییەكانیان وەربگرێت، بەو مەرجەی خۆپیشاندان نەكەن. بەڵام ئەو كۆبونەوەیە دواكەوت و خۆپیشاندان دەستیپێكرد.

"پێموایە دواکەوتنى چاوپێکەوتنەکە هیچ مەبەستێکى لە پشتەوە نەبووە، چونکە بەیانی هەمان رۆژ لەبەردەم بینای پارێزگا خۆپیشاندانی ژمارەیەك لە راهێنەرانی كۆمپانیای نەوتی باكرو هەبوو، بەردەم بیناكەیان داخستبوو"، سەرچاوەكە وایوت.

کەریم عەلى، موختارى گوندى دوبزنى سەر بە ناحیەی شوان، كە لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا دەردەكەوێت هێزە ئەمنییەكان پەلاماری دەدەن بۆ ئەوەی رێگای سەرەكی كەركوك – هەولێر بكاتەوە، وتی "توڕەبونی ئێمە تازە نییە، مانگێكە توڕەین، چونكە رۆژ واهەبوو تەنیا یەك كاتژمێر كارەبایان پێداوین".

كەریم زیاتر وتی "هێزە ئەمنییەكان پاڵیان بەمنەوە نا، تەقەیان بەئاسماندا كرد، لەبەر چاوی رۆژنامەنوسان دانیان بەخۆیاندا گرتبوو".

بەشێك لە خۆپیشاندەران رێگەیان تەنانەت بەو ئۆتۆمبێلانەش نادا، كە نەخۆشیان پێبوو. پەیامنێری (كەركوك ناو)، بینی چەند خۆپیشاندەرێك چونە سەر بونیتی ئۆتۆمبێلێك و زیانیان پێگەیاند، چونكە داوای دەكرد رێگەی بدەن نەخۆشەكەی بگەیەنێتە ناو شار.

عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەرى ناحیەى پردێ، كە لەگەڵ نوێنەری گوندەكان بڕیاربوو بەر لە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكە لەگەڵ پارێزگاری كەركوك كۆببێتەوە. وتی "لەبەرئەوەی لەبەردەم بینای پارێزگا خۆپیشاندان بوو و نەیتوانی ئێمە ببینێت، بەڵام بە تەلەفون قسەی لەگەڵ كردین و وتی كەمێكی تر یەكتردەبینین".

freje
كەركوك/دووی حوزەیرانی 2022/ عەلی فرێجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، سەردانی گوندەكانی سنوری ناحیەی شوان و پردێ دەكات. فۆتۆ: راگەیاندنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك

وتیشی "پارێزگار وتی دەچم پیرۆزبایی لە یەكێتی دەكەم، دەتوانن بێن لەوێ كۆببینەوە... لەوێ خۆی بە تەلەفون لەگەڵ بەڕێوەبەرى دابەشکردنى کارەبا قسەی كرد و هەرلەوێ بڕیاریدا 20 مێگاوات كارەبا بۆ ئەو گوندانە زیادبكرێت".

"راكان سەعید لەوێ وتی چ داواكارییەكتیان هەیە بیگەیەننە دەستی بەڕێوەبەری ناحیە، بۆ ئەوەى چارەسەری بكەین".

رۆژ دوای خۆپیشاندانەكە عەلی فرێجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، سەردانی گوندەكانی ئەو سنورەی كرد و لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەران كۆبۆوە، فرێجی بەپێی وتەی گوندنشینان وتویەتی "من پاڵپشتی لە جێبەجێكردنی داواكارییەكانتان دەكەن".

كەریم عەلی، موختاری گوندی دوبزنی، وتی "ئەمە دواجار نابێت كە خۆپیشاندان دەكەین، دەبێت گوێمان لێبگرن، دەیانجار بەڕێوەبەری ناحیەمان لەو كێشانە ئاگاداركردۆتەوە و سودی نەبووە". 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT