دوای بێهۆشكردن گوێیان بڕی
چیرۆكی وەجدی؛ ئەو گەنجە 18 ساڵەی هێرشیكرایەسەر

وەجدی زێدان لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت، دوای ئەوەی هێرشی كرایەسەر و هەردوو گوێی بڕدرا. فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – دهۆك

درەنگانێكی شەوی یەكی حوزەیران، گەنجێكی ئاوارەی 18 ساڵ بە ناوی وەجدی زێدان، لەلایەن چەند كەسێكەوە لە نزیك كەمپی شاریا لە دهۆك هێرشی كرایەسەر و دوای بێهۆشكردن و ئەشكەنجەدان هەردوو گوێیەكەیان بڕی.

وەجدی كە خوێندكاری شەشەمی ئامادەییە، لە كەمپی شاریا تایبەت بە ئاوارەكانی دەستی داعش لە دهۆك نیشتەجێیە. ئێستا لەژێر چاودێری تەندروستیدایە و سكاڵای تۆماركردووە، بەبێ ئەوەی گومانی لە هیچ كەسێك هەبێت.

وردەكاریی روداوەكە

بەپێی وتەی زێدان عەلى، باوكی وەجدی، كاتژمێر 10ی شەوی یەكی حوزەیران وەجدی ماڵەوە ئاگاداردەكاتەوە كە بۆ سەیركردنی یارییەكی تۆپی پێ، لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا، دەچێتە كۆمەڵگەی شاریا نزیك لە كەمپەكەیان.

ئەو بە تەنیا كەمپ بەجێدەھێڵێت، چونكە وەك باوكی دەڵێت هاوڕێیەكانی لەناو كۆمەڵگەكە ژیاون.

دواى تەواوبونى یارییەکە، هاوڕێیەكانی بەڕێیدەكەن، بەڵام لەڕێی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵ، وەجدی لەلایەن چەند كەسێكەوە هێرشیدەكرێتەسەر، كە دەوترێت سێ كەس بون.

زێدان وتی "نزیك كەمپ پێشەوەی بێتە ژورەوە رێیان لێگرتوووە، سەرەتا بە بۆكس لە سك و سەریانداوە تا بێهۆش بووە، كاتێك خەبەری بۆتەوە هەردوو گوێی بڕاوە".

ئاڤدەل عەلى، مامى وەجدى، دەڵێت روداوەكە، چەند مەترێكی كەم لە دەرەوەی كەمپ رویداوە، "خۆم قسەم لەگەڵ وەجدی كرد، وتی سێ كەس بون، تەمەنیان لەمن گەورەتربوو، باڵا بەرز و بە هەیكەل بون، بە زمانی شنگالی قسەیانكردووە".

زێدان عەلى، باوكی وەجدی، قسە بۆ (كەركوك ناو) دەكات

وەجدی خۆی ئێزیدییە و خەڵكی گوندی سیبا شێخ خدرە لە قەزای شنگال. بەڵام لە ئابی 2014ەوە لەگەڵ خێزانەكەی كەمپی شاریا دەژین لە سنوری قەزای سێمێڵ لە پارێزگای دهۆك.

وەجدی سێ برا و سێ خۆشكی هەیە و ئەو لە هەمویان گەورەترە و خوێندكارە، باوكیشی سەربازە لە سوپای عیراق.

"لەكاتی بڕینی هەردوو گوێی خوێنی زۆری لێ رۆیشتووە، بەهۆیەوە توشی خوێنبەربون بووە"، ئاڤدەل وایوت.

بەپێی وتەی هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسى پارێزگاى دهۆک، وەجدی دوای ئەوەی هۆشی هاتۆتەوە، بەمۆبایل وێنەیەكی خۆی گرتووە و بینیویەتی گوێیەكانی نەماون.

داوای دۆزینەوەی بكەرەكان دەكەن

زێدان عەلی، باوكی وەجدی، وتی "کیشەمان لەگەڵ كەسدا نییە، ئەو تەنیا سەرقاڵی خوێندن بوو، لەناو كەمپ خێوەتێكی بچوكمان بۆ جیاكردبۆوە بۆ خوێندن... رۆژێك لە رۆژان كێشە و ئاژاوەی دروستنەكردووە، توشی سەرسوڕمان بوین بەم كارە قێزەوەنە، تەنیا تیرۆریست كاری وادەكات". ئەو داوادەكات حكومەت بكەران دەستگیربكات و سزایان بدات.

هەروەها ئاڤدەل عەلی، مامی وەجدی، چەند جارێك جەختیكردەوە لەوەی ئەوەندەی ئەو بیزانێت برازاكەی كێشەی لەگەڵ كەسدا نەبووە. وتی "ئەگەر بکەرەکان ئاشکرانەکرێن كێشەی گەورە بۆ ئێمە و خەڵكی تر دروستدەبێت".

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، هێشتا هیچ تۆمەتبارێك لەسەر ئەو روداوە دەستگیرنەكراوە.

وتەبێژی پۆلیسى پارێزگاى دهۆک، وتی "ئەوەندەی ئێمە پێیگەیشتون شەڕێك رویداوە لە نزیك كەمپەكە و لە ئەنجامدا چەند كەسێك گوێی گەنجێكیان بڕیوە".

"وەجدى لەکاتى وەرگرتنى ئیفادەکەیدا وتویەتی تۆمەتبارەکان ناناسم و گومانم لەهیچ کەسێک نییە، هەروەها وتویەتی ئاگام لێنەبووە كە چۆن گوێیەكانیان بڕیوم"، هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیس وایوت.

وەجدى لەکاتى وەرگرتنى ئیفادەکەیدا وتویەتی تۆمەتبارەکان ناناسم و گومانم لەهیچ کەسێک نییە

جەختیشیكردەوە "كە ئەو سەرەتا بەرگری لەخۆی كردووە، دواتر بێهۆشبووە و نەیزانیوە چی رویداوە، تا بەهۆش خۆی هاتۆتەوە".

"سكاڵا تۆماركراوە، لیژنەیەكی هاوبەشی ئاسایش و پۆلیسی دهۆك لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ژمارەیەك كەسدا كردووە، بەڵام جارێ كەس دەستگیرنەكراوە"، هێمن دڵنیاییدا لە دەستگیركردنی بكەرەكان.

دیان جەعفەر، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكان لە دهۆك، وتی "کەسوکارى وەجدى لەکەمپى شاریا دەژین، بەڵام روداوەکە لە دەرەوەى کەمپ بووە، پێدەچیت بکەرەکانیش هەر ئاوارەبن، بەڵام تائێستا ئاشکرانەبون، دڵنیایى دەدەینە کەسوکارى وەجدی، کە دەزگا ئەمنییەکان لە نزیکترین کاتدا بکەرەکان ئاشکرا دەکەن".

بهادین یوسف، پارێزەر، دەڵێت ئەو كەیسە بەپێی ماددەی 412 لە یاسای سزادانی عیراقی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

بەپێی ئەو ماددەیە هەروەك بهادین یوسف رنیكردەوە، هەرکەسێک ئەندامى کەسێک بە ئەنقەست ببڕێت، ئەوا سزایەکەى تا 15 ساڵ زیندانییە، یان زیندانیی هەتاهەتایی بەپێی كەیسەكە. لەگەڵ قەرەبوكردنەوەی ئەو كەسەی پێشێلكاریی بەرامبەر كراوە كە دادگا دیاریدەكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT