سێ بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركوك برینداربون

كه‌ركوك/ دیمه‌نی به‌شێك له‌ ناوه‌ندی شاره‌كه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كەركوك ناو

سێ بەڕێوەبەری خوێندنگە لە روداوێكی هاتوچۆدا لە رێگای كەركوك -  چەمچەماڵ برینداربون، ئەوەش بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەكەیان و لەكاتی گەڕانەوەیاندا لە قەزای چەمچەماڵ.

ئەو سێ بەڕێوەبەرە كە سەر بە خوێندنی كوردین لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14ی حوزەیران بە مەبەستی وەرگرتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنگەكانیان پێكەوە چوبون بۆ چەمچەماڵ، لەكاتی گەڕانەوەیاندا ئۆتۆمبێلەكەیان وەردەگەڕێت و هەرسێكیان برینداردەبن.

پەروین فاتیح، سەرۆکی یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆرینەی مامۆستاكانی ئەو سێ خوێندنگەیە میلاكیان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمە و موچەكانیان سەر بە حكومەتی هەرێمە، مانگانە دەبێت لە بانكی چەرموو لە چەمچەماڵ موچەكانیان وەربگرن، ئەمڕۆ سێ بەڕێوەبەرمان لەكاتی گەڕانەوەیاندا ئۆتۆمبێلەكەیان وەردەگرێت و برینداردەبن"، وتیشی "هەرسێكیان برینەكەیان تاڕدەیەك سەختە و لە نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك چارەسەر وەردەگرن".

هەرسێكیان برینەكەیان تاڕدەیەك سەختە و لە نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك چارەسەر وەردەگرن

بەشی خوێندنی كوردی لە كەركوك، ماوەیەك لەمەوبەر نوسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و داوایكرد رەزامەندی نیشانبدەن لەوەی موچەی خوێندنگەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم رەوانەی بانكێكی ئەهلی كەركوك بكرێت، بەڵام بەوتەی پەروین داواكارییەكەیان رەتكراوەتەوە.

پەروین وتی "ئەو رێگایە بۆتە مۆتەکە و شەقامی مەرگ، بەردەوام روداوی هاتوچۆ رودەدات و كارەساتی هاوشێوەی لێدەكەوێتەوە، بۆیە گرنگ بوو وەزارەتی دارایی هەرێم رەزامەندی لەسەر ناردنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە میلاكی هەرێم بدات".

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كاتێك هێزە عیراقییەكان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك لەوانەش كەركوك گەڕانەوە، بڕیاریدا موچەی فەرمانبەران و مامۆستایانی خوێندنی كوردی بۆ بانكی چەرموو لە چەمچەماڵ بنێرێت لەبری كەركوك.

لانیكەم هەشت هەزار مامۆستای خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی جێناكۆك راژەكانیان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە و زۆرینەیان لە پارێزگای كەركوكن، بەڵام خوێندنەكەیان سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراقە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT