حالەتێكی كۆلێرا لە كەركوك تۆماركرا

ژوری یەكێك لە نەخۆشخانەكانی كەركوك لە كاتی دەوام و پێدانی چارەسەر بە نەخۆش. فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی كەركوك

كەركوك ناو

حاڵەتێكی توشبوون بە پەتای كۆلێرا لە شاری كەركوك تۆماركرا، ئەوەش بەپێی وتەی نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك.

نەبیل بوشناق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی حوزەیران بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوە یەکەم حاڵەتی توشبونە بە نەخۆشی کۆلێرا، توشبووەكە باری تەندروستی زۆر باش و جێگیرە، تەنیا توشی سكچون بووە، لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی گشتی كەركوك چارەسەر وەردەگرێت".

وتیشی "هۆکاری توشبونی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چەند رۆژێک بەر لەئێستا سەردانی دەرەوەی شاری کەرکوکی کردووە و لەوێ توشبووە".

 لە دەرەوەی شاری كەركوك توشبووە

ئەوەش لەكاتێكدایە لە چەند پارێزگایەكی عیراق، هەفتەیەكە پەتای سكچون و رشانەوە  بەشێوەیەكی بەربڵاو بڵاوبونەتەوە و لە شاری سلێمانیش نەخۆشخانەیەكی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە كرایەوە، دوای ئەوەی وەرگرتنی نەخۆش لە توانای نەخۆشخانەكانی تر نەما.

سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، هەر ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "پەتای سکچون بە رێژەیەکی زۆر لەناو پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری زیادیکردووە، ئەوە شتێکی چاوەڕوانکراوبوو بۆ ئێمە، هەموو ساڵێک لەو وەرزانە پەتای سکچون زیاد دەکات، بەڵام ئەوەی جێگەی ترس و دڵەڕاوکێی ئێمەیە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان پێنج شەش ساڵ جارێک پەتای کۆلێرا بڵاودەبێتەوە کە یەکێکە لە خراپترین جۆرەکانی پەتای سکچون".

"ئەمساڵ ئێمە زۆر گومان دەکەین پەتای کۆلێرا بڵاوبووبێتەوە، هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەپێی پشکنین دەرنەچووە هیچ هاوڵاتییەک تووشی کۆلێرا بووبێت، بەڵام بەپێی نیشانە سەرەتاییەکان گومان دەکەین کە ئەم پەتایە پەتای کۆلێرا بێت".

پەتای كۆلێرا، جۆرێکە لە بەکتریا کە لەڕێی خواردنەوە و بەكارهێنانی ئاوی پیس و خۆراكەوە توشی مرۆڤ دەبیت. بەتایبەت ئەو سەوزە و میوانەی جوان ناشۆردرێنەوە.

بەپێی تەندروستی سلێمانی، کەسی توشبوو پیساییەکەی لە شێوەی ئاودا دەبێت و رشانەوە و لێدانی دڵی زیاتردەبێت و پەستانی خوێنیشی دادەبەزێت، هەروەها کەسی توشبوو لە ئەنجامی لە دەستدانی شلەمەنی و ماددە کانزاییەکان لەشی ووشکدەبێتەوە و هەست بە بێ‌ هێزی دەکات.

تەندروستی رێنمایی هاوڵاتیان دەكات كە پێویستە سەرچاوەی ئاوی پاک بۆ خواردنەوە بەکاربهێنرێت، ئەگەر ئاوی پاک بە دەست نەکەوت پێویستە کلۆر بکرێتە ئاوەکەوە یان بکوڵێنرێت. لەگەڵ پاکڕاگرتنی دەست و شوشتنی بە ئاو و سابون، نەخواردنی خواردنی سەر عه‌رەبانەکان و خواردنی سەر دانەپۆشراو.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT