كامێرای چاودێری لە ژوری بەڕێوەبەری خوێندنگەكان جێگیردەكرێت

كەركوك/ نیسانی 2022/ هۆڵێكی خوێندن لە قوتابخانەیەكی شارەكە. فۆتۆ: راگەیاندنی پەروەردەی كەركوك

كەركوك ناو

لەمەودوا كامێرای چاودێری لە ژوری بەڕێوەبەری خوێندنگەكان جێگیردەكرێن، ئەوەش بۆ چاودێریكردن و بینینەوەی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو لە شێوەی ونبونی بەڵگەنامە و دیارنەمانی پرسیاری تاقیكردنەوەكان، یان هەر گرفتێكی تر پەیوەست بە مامەڵەی ئیدارەیی خوێندنگەكان لەگەڵ كەسوكاری قوتابیان.

ئەو هەنگاوە نوێیە بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عیراق لە 2ی حوزەیران دەرچووە و ئاراستەی تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردە كراوە بۆ جێبەجێكردنی.

نەزیهە سعدون داود، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشی یاسایی وەزارەت نوسراوەكەی كردووە و داوای لێكردوین كامێرای چاودێری لە ژوری تەواوی بەڕێوەبەری خوێندنگەكان جێگیربكرێت".

وتیشی "بڕیارەكە بۆ ئەوەیە چاودێرییەك هەبێت بەسەر خوێندنگەكاندا، هەروەها بۆ ئەوەیە لەکاتی هەر روداوێكدا، لە شێوەی دیارنەمانی بەڵگەنامە، یان ئاشكرابونی پرسیاری تاقیكردنەوەكان، یان گلەیی و گازندەی دایكان و باوكان كاتێك دەچن بۆ لای بەڕێوەبەرەكان، بزانرێت چی رویداوە و لەڕێی كامێرای چاودێرییەوە راستی روداوەكانمان بۆ رونبێتەوە".

بڕیارەكە بۆ ئەوەیە چاودێرییەك هەبێت بەسەر خوێندنگەكاندا

بڕیارەكە هاوكات بوو لەگەڵ ئاشكرابونی پرسیارەكانی تاقیكردنەوەی پۆلی سێی ناوەندیی و بڵاوكردنەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەتایبەت پرسیاری وانەی بیركاری، بەهۆیەوە لیژنەی سەرپەرشتی تاقیكردنەوەكانی وەزارەتی پەروەردەی عیراق تاقیكردنەوەكانی بۆ كاتێكی نادیار دواخست.

عەلی دلێمی، وەزیری پەروەردەی عیراق، هەینی 10ـی حوزەیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە "لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە پرسیاری تاقیكردنەوەكان لەڕێی پاسەوانێكی پەروەردەی دوی رەسافەی بەغداوە دزەیكردوە و بڵاوبۆتەوە".

بڕیاری دانانی كامێرا لە ژوری بەڕێوەبەر، هاوكاتیشە لەگەڵ بەردەوامی حاڵەتەكانی توندوتیژیی و ئەشكەنجەدانی خوێندكاران لە خوێندنگەكاندا، تەنیا لە ئەمساڵدا دوو حاڵەتی توندوتیژی دژ بە خوێندكاران لە كەركوك ئاشكرابووە، كە یەكێكیان بەهۆیەوە خوێندكارێكی كچی 12 ساڵ دەستی شكێنرا.

نەزیهە سعدون داود وتی "بەڵام لە كەركوك تاکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی دیارنەمان و ئاشكرابونی پرسیاری تاقیكردنەوەكان روینەداوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT