دەستەی نەزاهە دێتە دەنگ
یاریگا بچوكەكانی كەركوك بەردەوامن لە پارە وەرگرتن

فۆتۆ: Falaq Lazuardi، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 23ی حوزەیرانی 2022

گۆران بابان - كەركوك

بڕیاری بەخۆڕاییكردنی یاریگا وەرزشییەكانی كەركوك جێبەجێناكرێت، بۆ ئەوەش دەیان وەرزشوان لە نوسینگەی كەركوكی دەستەی نەزاهەی عیراق سكاڵا تۆماردەكەن و یەكلاییكردنەوەی كەیسەكە بۆ دادگا بەجێهێڵدراوە.

وەزارەتی وەرزش و لاوانی عیراق سێ مانگ لەمەوبەر و لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش و لاوانی كەركوك بڕیاریدا تەواوی یاریگا بچوكەكانی گەڕەكە جیاوازەكانی كەركوك (خوماسییەكان) بە خۆڕایی بن و پابەندبن بەو بڕیارەوە بە پێچەوانەوە روبەڕوی سزادەبنەوە.

محەمەد نیهاد، سەرپەرشتیاری یەكێك لە تیپە میللییەكانی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە دەزانین كە بڕیارەكە هەیە، بەڵام هیچ یاریگایەك پابەند نەبووە پێوەی... چەند لایەنێك بەرژەوەندی ماددییان لەو یاریگایانەدا هەیە و ئامادەنین دەست لەو بەرژەوەندییە هەڵبگرن".

"هیوادارین دەستەی نەزاهە هاندەرێك بێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە و سزای ئەوانە بدرێت كە پێوەی پابەند نابن"، محەمەد نیهاد وایوت.

لە زۆرینەی گەڕەكەكانی كەركوك و لە سەردەمی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك یاریگای وەرزشی فوتساڵ (خوماسی) بۆ وەرزشوانان و تیپە میلییەكانی كرایەوە، بەڵام زۆرینەیان لەلایەن لێپرسراوانی حزبییەوە بەڕێوەدەبران و لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەرزش و لاوانی كەركوك بون، بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو).

یاریگاكان خواستێكی زۆریان لەسەرە بە تایبەت لە شەواندا و بۆ هەر كاتژمێرێك یاریكردن بڕی 20 هەزار دینار لە هەردوو تیپ وەردەگیرێت.

futsall
فۆتۆ: Setyaki Irham، ئەم وێنەیە لە ماڵپەڕی unsplash وەرگیراوە لە 23ی حوزەیرانی 2022

بەڵێن قادر، یاریزانێكی میللیە لە گەڕەكی ئیمام قاسم، وتی "بەخۆڕاییكردنی یاریكردن لەو یاریگایانە هاندەرێكی باشە بۆ ئێمە، بەتایبەت بۆ ئەو یاریزانانەی توانای ماددییان باش نییە و هیچ كارێكی تریان نییە".

وتیشی "هەندێكجار كە لە نێوان تیپەكاندا خول دەكرێتەوە دوو هێندە پارەمان لێوەردەگرن".

مەڕوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی کەرکوک، لەبارەی ئەو یاریگایانەوە، وتی "سێ مانگ لەمەوبەر لەگەڵ بەشی یاسایی پارێزگای كەركوك، دانیشتین بۆ ئەوەی چارەسەرێكی یاسایی بۆ تەواوی یاریگاكان بدۆزینەوە، چونكە هەڕەمەكی بون و هەستمان بەوە كرد كە یاسایی نین، لەسەر موڵكی دەوڵەت دروستكرابون و داهاتەكەی بۆ حكومەت نەبوو... بۆیە یەكەم هەنگاو بڕیارماندا هەموو یاریگاكان لەژێر دەسەڵات و سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتییەكەماندا بێت، دواتر بڕیارماندا هەمویان بە خۆڕایی بن".

"هەموو بڕیارەكانمان بۆ پارێزگاری كەركوك و دواتر بۆ وەزارەتی وەرزش و لاوانی عیراق بەرزكردەوە و ئەوانیش قبوڵیان كرد".

تا ئەو بڕیارە تەنیا سێ یاریگەی فوتساڵ لە كەركوك سەر بە بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوان بون، بەڵام لە ئێستادا هەموو یاریگاكان لەژێر سەرپەرشتی ئەواندا كاردەكەن.

مەڕوان ئاماری هەموو یاریگاكانی لانەبوو، بەڵام جەختیكردەوە كە بڕیارەكەی ئەوان لە هیچ یاریگایەك جێبەجێنەكراوە.

"دوای سكاڵای بەشێك لە وەرزشوان و تیپە میللییەكان لە دەستەی نەزاهە، جارێكی تر ئەو پرسە جوڵێنراوەتەوە و هەوڵ هەیە لە رێی دادگاوە یەكلایی بكرێتەوە".

دوای سكاڵای بەشێك لە وەرزشوان و تیپە میللییەكان لە دەستەی نەزاهە، جارێكی تر ئەو پرسە جوڵێنراوەتەوە

خاوەنی یەكێك لە یاریگاكان، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "ئێمە لە سەردەمی ئیدارەی نەجمەدین كەریمدا یاریگاكانمان وەرگرتووە و حزب پاڵپشتی كردوین، خۆمان دروستمان كردون، بەڵام تەنیا موڵكەكەی هی حكومەتە، بۆیە بە مافی خۆمانی دەزانین پارە وەربگرن... پارەكەش بەشێكی زۆری بۆ خزمەتكردنی یاریگاكانە".

هاوكات بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی كەركوك، وتی "بەشێكی زۆری زەوی یاریگاكان، موڵكی شارەوانی، وەقفی سوننی و  وەزارەتی دارایین، ناكرێت خەڵكی تر پارەیان لەسەر وەربگرێت، هەرچۆنێك بێت ئێمە هەموو بەڵگەكانمان پێشكەشی دەستەی نەزاهە و دادگا كردووە و چاوەڕوانین ئەوان كێشەكە یەكلاییبكەنەوە... لیژنەشمان هەیە بۆ ئەوەی بەدواداچون بۆ ئەو كێشەیە بكەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT