كۆگایەكی گۆشتی بەستوو بۆگەنی كردبوو
سەرچاوەی بۆنە ناخۆشەكەی گەڕكێكی كەركوك ئاشكرابوو

كەركوك/ كانونی دوەمی 2022/ دوو منداڵ لە گەڕەكی موسەیەجەی عەرەفە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كاروان ساڵحی

لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی كەركوك سەرچاوەی ئەو بۆنە ناخۆشەیان دەستنیشانكرد، كە نزیكەی دوو هەفتە بوو لە گەڕەكی گۆڕەپانی ئاهەنگەكان دانیشتووانی بێزاركردبوو. لیژنەكە ئاشكرای دەكات كە دەستیان بەسەر كارگەیەكدا گرتووە كە گۆشت و مریشكەكەی ناوی بۆگەنی كردبوو.

ئەو بۆنە بەپێی وتەی فاتمە عەلی، دانیشتوی ئەو گەڕەكە، نزیكەی دوو هەفتەیە هەراسانی كردبون، "تەنانەت لەبەر بۆنەكە نەمادەتوانی موبەڕێدە هەڵبكەین، هەرچەندە زۆریش گەرما بوو، چونكە بۆنەكەی دەهێنایە ژورەوە، ناچار لەگەڵ خەڵكی گەڕەكەكە چوینە ئەنجومەنی گەڕەك و لەوێشەوە واژۆمان كۆكردەوە و سكاڵامان بردە لای پۆلیس و قایمقامیەت".

فەلاح یایچی، قایمقامی كەركوك بەوەكالەت، بۆ (كەركوك ناو) وتی "هەر كە سكاڵاكەیان گەیشتە دەستمان، لیژنەیەكمان بۆ ئەو مەبەستە دەستبەكاربوو، بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیس، ژینگە، شارەوانی و ڤێتەرنەری، پێنجشەممە 30ی حوزەیران چوینە گەڕەكەكە و توانیمان شوێنی بۆنە ناخۆشەكە دەستنیشان بكەین، ئەوەش دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر".

كە چوینە ژورەوە بینیمان كارگەكە  چەندین كارتۆن گۆشت و مریشكی بەستوی تێدابوو، هەر هەموی بۆگەنی كردبوو

"بۆنەكە لە ئەنجامی بۆگەنیكردنی خواردنەكانی ناو كارگەیەكی بەستوو بوو، چوینە سەر كارگەكە و ئەوەمان بەچاوی خۆمان بینی... تەنانەت نەماندەتوانی بەبێ دەمامك نزیكی كارگەكە ببینەوە"، فەلاح یایچی وتیشی "سەرەتا دەرگای كۆگاكەمان كردەوە، كە چوینە ژورەوە بینیمان كارگەكە  چەندین كارتۆن گۆشت و مریشكی بەستوی تێدابوو، هەر هەموی بۆگەنی كردبوو، بۆنێكی ناخۆشی بە هەموو گەڕەكەدا بڵاوكردبۆوە".

قایمقام هیچ رونكردنەوەی نەدا لەسەر خاوەنی كارگەكە و لێپیچینەوەكانیان.

بەڵام فاتمە عەلی، دانیشتوی ئەو گەڕەكە، وتی "ئەو گۆشتەیان لە بازاڕ ساغدەكردەوە".

چەند وێنەیەكی ناو كارگەكە، كە لەلایەن راگەیاندنی قایمقامیەتەوە گیراون

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT