بتڵەغاز، چەقۆ و گولـلە بەكارهێنراوە
وردەكاریی كوشتنی دوو پیاو و ژنێك لە باخێكی گوندی چیمەن لە كەركوك

كەركوك/ 13ی تەمموزی 2022/ لەم باخەدا لە گوندی چیمەن لە خۆرهەڵاتی كەركوك، دوو پیاو و ژنێك كوژراون. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دوو هاوژین و برایەكی ژنەكە، لە باخێكی گوندی چیمەن لە خۆرهەڵاتی كەركوك بە چەقۆ، بتڵەغاز و گولـلە لە سێ ژوری جیاوازدا كوژراون، ئەوەش لە روداوێكدا كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی تەمموز رویداوە و بەپێی وتەی پۆلیس لە دوو كەس زیاتر بەشداربون لەو كردەوەیە.

كاتژمێر 9ی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی سێ كەس (دوو هاوژین و برایەكی ژنەكە) لە باخێكی گوندی چیمەن سەر بە ناحیەی قەرەهەنجیر لەلایەن پۆلیسی كەركوكەوە هەڵگیرانەوە، ژنەكە و براكەی عەرەبن و هاوژینی ژنەكەش كە خاوەنی باخەكەیە كوردە.

پۆلیسی بنكەی ئازادی كەركوك، لە شوێنی روداوەكە كە پەیامنێری (كەركوك ناو)یش ئامادەی بوو، باسی روداوەكەیان كرد و جەختیانكردەوە لەوەی خاوەنی باخەكە كە یەكێكە لە كوژراوەكان و لە نەتەوەی كوردە تەمەنی 70 ساڵە و هاوژینەكەی كە ژنی دووەمیەتی و لە نەتەوەی عەرەبە 30 ساڵە، برای ژنەكەش تەمەنی 40 ساڵە.

 ئەو خوشك و برایە لەو باخە سەرقاڵی ئاژەڵداریی و كاری باخدارین و خاوەنی باخەكەش كە دەكاتە هاوژینی ژنەكە، هەندێك كات لە باخەكەدا ماوەتەوە لەگەڵ ژنی دووەمی.

مقەدەم عامر نوری شوانی، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەرسێكیان لە سێ ژوری جیاوازی خانویەكی ناو باخەكەدا كوژراون، تاوانبارەكان ناسراونەتەوە و هەوڵی دەستگیركردنیان دەدەین". لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی كە كردەوەكە بە دوو كەس یان زیاتر ئەنجامدراوە.

هەرسێكیان لە سێ ژوری جیاوازی خانویەكی ناو باخەكەدا كوژراون، تاوانبارەكان ناسێنراونەتەوە و هەوڵی دەستگیركردنیان دەدەین

ئەو باخە تەنیا دوو كیلۆمەتر لە بازگەی سەرەكی كەركوك – سلێمانییەوە دورە، دەكەوێتە ناو دۆڵێكی گوندی چیمەنەوە. جگە لە باخ و شوێنی حەوانەوە، هاوكات شوێنی بەخێوكردنی ئاژەڵیشە و ئەو خوشك و برایە بەردەوام لەو باخەدا كاریان كردووە.

ناوچەكە تاڕادەیەك چۆڵە و بە چەند كیلۆمەترێك لەدوریانەوە چەندین باخی تر هەیە.

كاتژمێر 9ی ئەمڕۆ هەریەكە لە پۆلیس و سوپای عیراق چونە شوێنی روداوەكە و تەرمەكانیان بۆ پزیشكی دادوەری كەركوك گواستەوە.

بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیس، هەریەكە لەو سێ كەسە لە سێ ژوری جیاوازدا بە سێ شتی جیاواز كوژراون، خاوەنی باخەكە بە گولـلە كوژراوە، ژنەكەشی بە چەقۆ و براكەی ژنەكەش بە بتڵی غاز لە سەری دراوە تا مردووە.

سەرچاوەیەكی پۆلیس لە شوێنی روداوەكە جەختیكردەوە لەوەی بكوژەكان ناسێنراونەتەوە و هەوڵی دەستگیركردنیان دەدەن.

لەبارەی هۆكاری روداوەكەوە، سەرچاوەیەك لە پۆلیسی ئازادی بە (كەركوك ناو)ی وت "وای بۆ دەچین روداوەكە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی كۆنی خاوەنی باخەكەوە بێت، چەند ساڵێك لەمەوبەر لەگەڵ گروپێكی تردا لە كەركوك بەشەڕ هاتون بەهۆیەوە لە لایەنی بەرامبەر كەسێك كوژراوە، گوماندەكەین پەیوەندی بەو روداوەوە هەیە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT