لەسەر ڤیدیۆی سناپچاتی كچێك، دوو ئەفسەری كەركوك سزادران

كەركوك/ 25ی كانونی 2022، بازگەیەكی كاتی هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەناو شاری كەركوك. فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیسی كەركوك

كەركوك ناو

دوو ئەفسەر لە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و پۆلیسی كەركوك سزادران، لەسەر گرتە ڤیدیۆیی ئەو كچەی كە لە سناپچات وتی "لەژێر چاوسورکردنەوە و بە زۆر"، ساڵنامەی ئۆتۆمبێلەکەی لە مەفرەزەیەکی هاتوچۆی کەرکوک وەرگرتۆتەوە. كچەكەش روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە.

لە 4ی تەمموز، كچێك گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی سناپچات بڵاوكردەوە، دوای ئەوەی لەلایەن مەفرەزەیەكی پۆلیسی هاتوچۆی كەركوكەوە ساڵنامەكەی لێوەرگیراوە، بەهۆی ئەوەی "پشتێنی سەلامەتی نەبەستبوو".

لە گرتە ڤیدۆییەكەدا ئەو كچە، دەڵێت "ئەوان تەنیا بۆ وەرگرتنی ژمارەکەم ساڵنامەکەیان لێ وەرگرتوم، نەک هۆکارێکی تر، هەر بۆیە وتویانە وەرە لە نزیک بازگەی تازە ساڵنامەکەت وەربگرەوە، ئەوەتا ئێستا لەژێر چاوسورکردنەوەدا و لای بازگەی تازە بەزۆر ساڵنامەکەم وەرگرتەوە".

دوابەدوای بڵاوبونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی كەركوك لە 7ی تەمموز لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێنا، ئەوەش بەپێی وتەی عەقید عامر نەریمان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەكە.

عامر نەریمان، ئەمڕۆ یەكشەممە 17ی تەمموز ئەنجامی لیژنەیەكەیان بۆ (كەركوك ناو) ئاشكراكرد و جەختیكردەوە "ئەو ساڵنامەیە لای مولازمێكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی ئێمە دەستبەسەر بووە، بەڵام موقەدەمێكی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك تەلەفونی بۆ ئەو مولازمەی ئێمە كردووە و وتویەتی داوای ئەو ساڵنامەیەیان كردووە و بۆی بگەڕێننەوە، بەڵام ئێمە نازانین ئایا ئەو موقەدەمە خۆی داوای ئەو مۆڵەتەی كردووە یان فەرمانگەكەی، وردەكاریی ئەوە نازانین".

وتیشی "ئەو مولازمەی ئێمە مۆڵەتەكەی پێداونەتەوە، بەڵام ئاگاداری ئەوە نین ئایا موقەدەمەكە خۆی ساڵنامەكەی بەو كچە داوەتە یان لەڕێی كەسێكی ترەوە".

لەبارەی رێوشوێنەكانیان دژی ئەو دوو ئەفسەرە، عەقید عامر نەریمان، وتی "ئێمە ئیجرائاتی خۆمان كردووە و مولازمەكەمان دەستبەسەركردووە و سزاداوە، سزاكەشی بەردەوامە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك و پۆلیسی كەركوكیشمان لەو روداوەدا ئاگاداركردۆتەوە، ئەوانیش ئیجرائاتی خۆیان كردووە و سزای موقەدەمەكەیان داوە، بەڵام نازانین سزادانەكە چییە".

ڤیدیۆی كچەكە لە سناپچات

هەر لەسەر پرسی ئەو گرتە ڤیدیۆیە، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی كەركوك، سكاڵای دژی ئەو كچە تۆماركردووە، بە تۆمەتی سوكایەتی و ناوزڕاندنی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان، وەك عەقید عامر نەریمان وتی.

ئەو كچە لە بەشێكی گرتە ڤیدیۆییەكەدا و لەبارەی مەفرەزەكەی پۆلیسی هاتوچۆ، دەڵێت "نازانم بۆ وا خۆیان زەلیل دەکەن، ئەگەر ساڵنامەم پێ نییە، یان شتی قەدەغەکراوم پێیە قەینا، یان ئەگەر لە بازگەمداوە هەر قەینا، بەڵام پاساویان تەنیا ئەوە بوو پشتێنی سەلامەتیم نەبەستووە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT