لە هێرشێكی چەكدارانی داعش؛ شەش كەسی یەك خێزان كوژران و برینداربون

كەركوك/ 2022/ چەكدارێكی سەر بە هێزە ئەمنییەكان لە ئەركێكدا لە ناوشاری كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیسی كەركوك

كەركوك ناو

هاوڵاتییەكی گوندی سەلام عەنبگە لە دیالە كوژرا و شەشی تر لە هەمان خێزان برینداربون، لە ئەنجامی هێرشێكی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش). لە پارێزگای كەركوكیش دوو پۆلیسی فیدراڵی بە تەقینەوەی بۆمب برینداربون و هێرشێكی داعش تێكشكێنرا.

ژمارەیەك چەكداری داعش، درەنگانێكی شەوی رابردوو 24ی تەمموز، هەڵیانكوتایە سەر گوندی سەلام عەنبگە لە دیالە و لە ڕوبەڕوبونەوەی خەڵكی گوندەكەدا كەسێك كوژرا و شەشی تری هەمان خێزان برینداربون، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی پارێزگاكە.

بەپێی سەرچاوەكە چەكدارەكان هەوڵیانداوە بچنە گوندەكەوە و خەڵكی گوندەكە روبەڕویان بونەتەوە، تا هێزە ئەمنییەكان بەهانایانەوە چون.

لە پارێزگای كەركوكیش بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە مەفرەزەیەكی پۆلیسی فیدراڵی، دوو پۆلیس بە سەختی برینداربون، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە قەزای داقوق.

كەمتر لە كاتژمێرێك دوای تەقینەوەی ئەو بۆمبە، چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر خاڵێكی پۆلیسی فیدراڵی لە گوندی سێم درەب لە باشوری داقوق و نزیكەی 20 خولەك روبەڕوبونەوە رویداوە.

لە چەند مانگی رابردودا چەندینجار هێرشكراوەتە سەر گوند و ناوچە جیاوازەكانی كەركوك و دیالە.

بەو هۆیەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، لە 25ی ئایار هێزی زیاتری لە ناوچەكانی باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك بڵاوكردەوە، ئەوەش بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە.

"دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش"،  23ـی ئایاری 2022 كە هاوكات بوو لەگەڵ خۆڵبارینی چڕ، هێرشیانكردە سەر گوندی سامی عاسی سەر بە ناحیەی تازەی باشوری كەركوك، بەهۆیەوە شەش جوتیاری توركمان لەكاتی دروێنەدا كوژران و سێ ئۆتۆمبێلیان سوتێنرا.

لویس فەندی عوبێدی، قایمقامی قەزای داقوق بە (كەركوك ناو)ـی وت "داعش جگە لە كوشتنی شەش جوتیار لەكاتی دروێنەدا، بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیشیان سوتاندون، هێرشی هاوشێوەش نوێ نییە و داعش تەنیا توركمان ناكاتە ئامانج، بەڵكو عەرەب و كورد و توركمانیش لە هێرشەكانیدا دەكاتە ئامانج".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT