بە ئامادەبونی لانیكەم 60 سەرۆك عەشیرەت كێشەی خێزانە كاكەییەكە چارەسەردەكرێت

كەركوك/29ی تەمموزی 2022/ كۆبونەوەی كاكەییەكان لەماڵی ئەو گەنجە كاكەییەی سوكاتی پێكرا. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دوو كەس بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە كاكەییەكەی كەركوك بە "ئامادەبونی لانیكەم 60 سەرۆكی عەشیرەت" بڕیارە ئەمڕۆ هەینی ببردرێنە ماڵی گەنجە كاكەییەكە و لەڕێی سوڵحی عەشایەرییەوە كێشەكە چارەسەر بكرێت.

ئەو زانیارییانە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكراكرا، كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 29ی تەمموز لەبەردەم ماڵی گەنجە كاكەییەكەی كە سوكایەتی پێكرابوو، لە كەركوك ئەنجامدرا.

نازم كاكەیی، كە وەكو قسەكەری كاكەییەكان لەو دۆسییەیەدا دیاریكراوە و هاوكات مامی گەنجە كاكەییەكەیە، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا كە (كەركوك ناو) بەشێوەی راستەوخۆ گواستییەوە، وتی "ئەو كەسەی ڤیدیۆی ئەیمەن عابدی گرتووە و ئەو كەسەشی سوكایەتی پێكردووە و سمێڵی تاشیوە، بڕیارە كاتژمێر چوار و نیوەی دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بە ئامادەبونی دەیان سەرۆك عەشیرەت لە هەموو نەتەوە جیاوازەكانی عیراق سەردانیمان بكەن، بۆ ئەوەی لەڕێی عەشایەرییەوە كێشەكە چارسەر بكەین".

وتیشی "ئێمە لەمافی خۆمان خۆشنابین، بەڵام بەرامبەر دێن دەڵێن داواكارییەكانتان چییە، ئێمەش ئەو دوو كەسە دەدەینە ئەحكام... ئێمە بەباشمانزانی ئەم كێشەیە بە رێگای ئاشتی و عەشایەرییەوە چارەسەربكەین"، بەبێ ئەوە رونكردنەوە لەسەر ئەوە بدات چ ئەحكامێك.

هاوكات سەردار ئاغا، سەرۆك عەشیرەتی كاكەییەكان لە عیراق، هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، وتی "لە ماوەكانی رابردودا دوو بژاردەمان خستەبەردەم كاكەیەكان لە پرسی سوكایەتیكردن بە ئەیمەن عابدی كاكەیی، یان كەیسەكە دەبەینە بەردەم یاسا، یان لەڕێی عەشایەرییەوە چارەسەری دەكەین، دیارە هەمویان دەنگیان بۆ ئەوەدا لەڕێی عەشایەرییەوە كێشەكە چارەسەربكەین".

كۆنگرەی رۆژنامەوانیی كاكەییەكان.

لەبارەی ئەوەی بۆچی رێگەی عەشایەرییان هەڵبژارد، وتی "وادیارە رێگە عەشایەرییەكە پەلەتر دێتەدەست".

لەگەڵئەوەشدا وتی "لەم رێگا عەشایەرییەدا ئێران رۆڵی هەیە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سێ ملیۆن كاكەیی لە ئێران دەژین و هەمویان هاتونەتە سەرخەت".

لەم رێگا عەشایەرییەدا ئێران رۆڵی هەیە

سەبارەت بە چۆنیەتی رێگا عەشایەرییەكە، رونیكردەوە "60 بۆ 70 سەرۆك عەشیرەت لە نەتەوە جیاوازەكان ئامادەدەبن و وەكو لایەنی سێیەم داوادەكەن كاكەییەكان لێبوردن دەربكەن و ئەو دوو كەسەش دەهێننە بەردەم عەشیرەتەكان و لایەنی بەرامبەر گوێ لە داواكارییەكانی ئێمە دەگرێت بۆ لێبوردنەكە"، بەڵام وردەكاری زیاتری نەدا لەسەر ئەوەی ئەوان چ داواكارییەكیان هەیە، تەنیا وتی "بەپێی عورف و عاداتی عەشایەر حوكمەكەی چی بێت ئەوا حوكمەكەی دەدات".

وتیشی "داوا لە راگەیاندنەكان دەكەین، لەو پرسەدا شتی فەرمی تەنیا لە من و زیاد كاكەیی وەربگرن".

بڕیارە كاتژمێر چوار و نیوی ئەمڕۆ بەڕەسمی چارەسەركردنی كێشەكە لەڕێی سوڵحی عەشایەرییەوە رایگەیەنرێت.

شەممە 23ی تەمموز، ئەیمەن عەبدی (38ساڵ)، هاوڵاتییەكی كاكەیی، روبەڕوی لێدان و سوكایەتیكردن بۆوە ئەوەش بە تاشینی بەشێكی سمێڵ و سەری و هەروەها شكاندنی لوت و سەری، مەفرەزەیەكی "حەشدی شەعبی"یشی بەو كارە تۆمەتباركرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT